خەبات: عەلی بانیشاری:- وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە لە چەند ساڵی داهاتوودا بنەتۆو لە دەرەوەی هاوردە نەكات. گوتەبێژی وەزارەتەكە دەڵێت: بەرهەمهێنانی بنەتۆو ساڵ لە دوای ساڵ زیاد دەكات. دەشڵێت: بەراورد بە ساڵی رابردوو، بۆ ئەمساڵ 2000 تۆن بنەتۆوی زیاتر بەسەر جووتیاراندا دابەش دەكەین. بەپێی داتاكان، جووتیارانی هەرێمی كوردستان ساڵانە نزیكەی 85 هەزار تۆن بنەتۆو دەچێنن و لەو بڕەش 35-40 هەزار تۆنی هاوردەكراوە.
حوسێن حەمە كەریم، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی راگەیاند: بەنرخی پاڵپشتیی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ ئەمساڵ 7000 تۆن بنەتۆو بەسەر جووتیارانی هەرێمی كوردستان دابەش دەكات. گوتیشی: گەنمەكە لە كۆمەڵێك جووتیاری نمونەیی وەرگیراوەتەوە كە ساڵی رابردوو بنەتۆویان پێدراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بنەتۆوەی وەزارەتی كشتوكاڵ دابەشی دەكات تۆنی بە 850 هەزار دینار لە جووتیارانی هەرێمی كوردستانی كڕیووەتەوە و ئێستا بە نرخێكی هەرزانتر دەیداتەوە بە جووتیاران. راشیگەیاند: گەنمەكە پشكنینی بۆ كراوە و لە كارگە خاوێنكراوەتەوە و وەكو بنەتۆوێكی بڕواپێكراو دەدرێت بە جووتیاران.
باسیلەوەشكرد، لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، بەڕێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ و توێژینەوە، كۆمەڵێك جووتیار دەستنیشان دەكەن و بنەتۆوەكەیان پێدەدەن، بە شێوازێكی وا كە بۆ ساڵی داهاتوو بەرهەمێكی باشی هەبێت. (خەبات) زانیوویەتی دابەشكردنی بنەتۆو بەسەر جووتیاراندا لەسەر بنەمایی دۆنم دەبێت، بەشێوەیەك بۆ هەر دۆنمێك زەویی 28-30 كیلۆ گەنم دەدرێت بە جووتیاران و لەم مانگەشدا دەست بەدابەشكردنی ئەو 7000 تۆن بنەتۆوە دەكرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەشڵێت: ئەو بنەتۆوەی بەسەر جووتیارانی كوردستان دابەش دەكرێت ساڵانە زیاد دەكات، بەشێوەیەك ساڵی رابردوو 5000 تۆن بنەتۆو بەسەر جووتیاراندا دابەشكراوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ 2000 تۆن زیادیكردووە. وەكو ئەو دەڵێت (( ئەگەری هەیە بۆ ساڵی داهاتوو پێدانی بنەتۆو بە جووتیاران لەمساڵ زیاتر بێت)).
حوسێن حەمە كەریم روونیشیكردەوە، تاوەكو ئێستا وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ دابینكردنی بنەتۆوی ساڵانە پشت بە دەرەوە دەبەستێت، بەڵام چاوەڕێ دەكرێت لە چەند ساڵی داهاتوودا پێویستی بنەتۆی هاوردەكراو نەمێنێت. بەپێی داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ساڵانە جووتیارانی هەرێمی كوردستان پێویستیان بە نزیكەی 85 هەزار تۆن بنەتۆوە، لەو بڕەش 35-40 هەزار تۆنی لە دەرەوە هاوردە دەكرێت و ئەوەی دیكەی كە دەمێنێتەوە جووتیاران خۆیان بەرهەمی دێنن.
خەجتی لەوەشكردەوە، ئەو بنەتۆوەی دەدرێت بە جووتیاران لەلایەن لیژنەی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵەوە بە بەردەوامی چاودێری دەكرێت، هەروەها گەنمەكە پشكنینی كێڵگەیی بۆ دەكرێت تا ئەو كاتەی لە جووتیارەكە وەردەگیرێتەوە. هێمای بۆ ئەوەشكرد، پڕۆسەی پێدانی بنەتۆو بە جووتیاران قۆناغی باشی بڕیووە و تاوەكو ئێستا سەركەوتوو بووە.
گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو هەروەها گوتیشی: بەهۆی وشكەساڵی و ئەو بێ بارانییەی كە رووی لە ناوچەكە كردووە، هەر پارێزگایەك بنەتۆوی خۆی بەرهەمدەهێنێت، بۆ ئەوەی بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی كەشوهەوای ئەو پارێزگایە. هەر بەپێی داتاكانی وەزارەتەكە، لە ئێستادا 26 جۆرە بنەتۆو لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەرهەمدەهێنرێت. حوسێن حەمە كەریم لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەو بنەتۆوانەی بەرهەمهێنراوە هەمووی لە جۆری باشە و توێژینەوەی لەسەركراوە تاوەكو بگونجێت لەگەڵ بێ بارانی و وشكەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای ناوچەكە.










