سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مام جەلال-دا باسی لە رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتی کرد و بە “زۆر پێویست” بۆ قۆناخی خۆی ناویبرد و گوتی، “پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئێستا و جارێکی دیکە پێویستیان بە رێککەوتنێکی نوێی هاوبەشە بەگوێرەی ئەم قۆناخە.”
لە گوتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، “بە هەموو شێوەیەک رێککەوتنی پارتی و یەكێتی، یەکڕیزی و تەبایی لە نێوان هەموو لایەن و پێکهاتە کوردستانییەکاندا زۆر پێویستە بۆ رێگرتن لە لاوازبوونی زیاتری بڕیار و ئیرادەی سیاسیی کوردستان.” دەشڵێت، “نابێت تەماشای هیچ پێوەرێک بکەین جگە لە بەهێزکردنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان، چونکە هێزی هەموومان بەندە بە هێز و پێگەی هەرێمی کوردستانەوە.”
جگە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەریەکە لە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق؛ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای حیزبی و حکومی لە رێوڕەسمەکەدا بەشدارن.
نێچیرڤان بارزانی هیوایشی خواست کە یادی مام جەلال هاندەر بێت بۆ یەکگرتوویی حیزبە کوردستانییەکان و گوتیشی، “داوا لە هەموو حیزبە کوردستانییەکان دەکەم رێکبکەون و پێکەوە کار بکەن.”
نێچیرڤان بارزانی مێژووی مام جەلالی بە “بەشێکی گرنگ لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان” ناوبرد و گوتیشی، “بە نەمانی مام جەلال، کۆڵەگەیەکی گەورەی تەوافوق لەدەستچوو.”