خەبات: حەمە ئەحمەد جاف – فۆتۆ: پێشەوا محەمەد – سلێمانی:- كاتژمێر(4:00)ی سەرلە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 2022/9/28 لە كتێبخانەی ناوەندی ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان لە سلێمانی، ڕێكخراوی كوردستان دیالۆگ، بۆنە و ڕێوڕەسمێكی شایستە و تایبەتی بۆ ڕێزلێنان و كۆڕی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كۆڕۆمانی(بووژانەوەی ژیلەمۆ)بۆنووسەرو ڕۆژنامەنووس (مامۆستا سەلام عەبدوڵڵا) سازكرد.

لەرێوڕەسمەكەدا كە ژمارەیەكی زۆر لە نوخبەی نووسەران و رۆشنبیرانی سلێمانی و هەولێرئامادەبوون، مامۆستا سەلام عەبدوڵڵا باسێكی تێرو تەسەلی لەسەر سەرەتای نووسینی رۆمان وچۆنیەتی كۆكردنەوەی لەو كۆڕۆمانەدا و ناساندنی كۆڕۆمانەكەی پێشكەشكرد و گوتی: كۆڕۆمانی ( بووژانەوەی ژیلەمۆ) بریتییە لە چوار رۆمان بە ناوەكانی ( هەیئە) و ( سێگۆشەی سنوور) و( كاروانی چەك ) و ( زیندانی گەڤەڕ) كە باسی زیندانە ترسناك و نەهێنییەكانی رژێمی رووخاوی بەعسی عێراق و گرتووخانە پیس و پۆخڵەكانی نێو توركیاو ژیانی سەختی پێشمەرگایەتی، هەروەها نووسەر هاتە سەرباسی چۆنیەتی گیرانی لەلایەن رژێمی بەعسی رووخاوو گێڕانەوەی یادو بیرەوەریە تاڵەكانی ناو زیندان و زەبری زیندان و تەعزیب و ئازارو نەهامەتیەكانی ناو سجنی (هەیئە خاسە) ی كەركوك و دواتر بیركردنەوە لە شكاندنی سجن و راكردن و رزگار بوون لە زیندان و بوون بە پێشمەرگە و پاشان بەڕێزیان لە درێژەی باسەكەیدا كەوتە گێڕانەوەی یادو بیرەوەریە تاڵ و شیرینەكانی ژیانی سەختی پێشمەرگایەتی وجەولەی هێنانی ( كاروانی چەك ) و پەڕینەوەی لە ( سێگۆشەی سنوور) و جارێكی تر گیران و چەشتنی ئازاری ناو (زیندانی گەڤەڕ ) لەنێو توركیا.

نووسەر لە كۆتایی باسەكەیدا گوتی : (ئەزموون فێری كردم ، بێ‌ هیوا نەبیت دەگەیتە ئامانج) پاشان برای نووسەرو وەرگێڕ (كوردۆ شابان ) خوێندنەوەیەكی تێروتەسەلی بۆ كۆڕۆمانەكە كردو تیایدا رۆڵی نووسەری لە نووسینی ئەو كۆڕۆمانەو ژیان و خەباتی سەختی پێشمەرگایەتی و ورەو خۆڕاگرتن و قارەمانیەتی ناو زیندان بەرز نرخاند.

لە كۆتاییی رێوڕەسمەكەدا خەڵاتی رێزلێنانی دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان لە لایەن مامۆستای نووسەر حەمە كەریم عارف پێشكەش بە بەڕێز مامۆستا سەلام كراو كۆڕۆمانەكە بە واژۆی نووسەر بڵاوكرایەوە.

شایانی باسە، ئەو كۆڕۆمانە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانەكان ژمارەی سپاردنی 2776ی ساڵی 2021 دراوەتێ‌ و دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان لە سلێمانی بەتیراژی ( 1000) دانە بە چاپی گەیاندووە، (شكار نەقشبەندی) نەخشەسازیی بەرگ و ناوەرۆكی كردووە ولە لایەن (تالیب قەیسەری و شێرزاد فەقێ‌) هەڵەچننی كراوە و (زریان سابیر و گوڵباخ بەهرامی ) تایپیان كردووەو (ئەردەلان ئاژگەیی) ش هەڵەچننی كۆمپیوتەریی كردووە.

ژیاننامەی نووسەر:
• لە ساڵی 1948 لە سلێمانی لە دایكبووە.
• خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواو كردووە.
• لە ساڵی 1968 ـ 1977 لە چەندین قوتابخانەدا مامۆستا بووە
• لە ساڵی 1974پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە كردووە وپاشان بۆ خوێندن چۆتە ئەڵمانیا.
• لە ساڵی 1977لەلایەن ئیستیخباراتی سلێمانی گیراوەو پاشان براوە بۆ زیندانی (هەیئە خاسە) ی كەركوك و هەمانساڵ لەگەڵ 12 هاوڕێیدا لە زیندان رایانكردووە و بوونە پێشمەرگە.
• لە ساڵی 1978 لە زیندانی گەڤەڕ لە توركیا گیراوە.
• لە ساڵی 1979 لەشاری (جەزیرە) لە دەست جەندرمەی توركی هەڵاتووەو خۆی گەیاندۆتە وڵاتی سوێد.
• لە ساڵی 1979كە چۆتە سوێد لە زانكۆی ئۆپساڵا بەشی ئێران ناسی تەواو كردووە.
• لە ساڵی 1992 گەڕاوەتەوە كوردستان .
• لە ساڵی 1993 بۆتە جێگری پارێزگاری سلێمانی .
• لە ساڵی 1996بۆتە بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری ـ ئیدارەی هەولێر.
• لە ساڵی 2000بۆتە پارێزگاری سلێمانی لە ئیدارەی هەولێر.
• لە ساڵی 2006بۆتە بەرپرسی لقی چواری PDKلەسلێمانی.
• لەساڵی 2010بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە پارێزگای سلێمانی.
• ئێستاش سەرنووسەری رۆژنامەی (خەبات) ی زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستانە.

ەرهەمە چاپكراوەكانی نووسەر:
• رۆژانی بێكاری 1982
• مەدالیای سەرۆك 1983
• بەهەشتی پەنابەران (شانۆگەری) 1985
• فەرهەنگۆكی سوێدی ـ كوردی 1985
• میر ئاخوڕ (شانۆگەری) 1986
• هیستریای كۆچ 1993
• زیندانی گەڤەڕ 1997
• بەرەو چەسپاندنی ئاشتی 1998
• زیندانی گەڤەڕ ( وەرگێڕدراوە بۆ عەرەبی ) 1998
• تەقریرستان 2000
• هەیئە 2003
• رۆژانی غوربەت 2007
• نووسینەكان 2009
• هەیئە ( وەرگێڕدراوە بۆ عەرەبی و فارسی ) 2009 ـ 2014
• ستوونەكانم ( سێ‌ بەرگ ) 2014
• سێگۆشەی سنوور 2015
• تەقەی خۆشی رامەگرن 2019
• بووژانەوەی ژیلەمۆ ( كۆڕۆمان ) 2022
• شایانی باسە رۆمانی (بەرەو چیا) ئامادەیە بۆ چاپ