رێکخراوی یونسێف لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی هێرشکردنە سەر قوتابخانەیەکی شاری کۆیە لەلایەن ئێرانەوە دەکات و رای دەگەیەنێت کە هێرشکردنە سەر منداڵان و قوتاخانەکانیان قبوڵ ناکرێت.

شیما سێنگوپتا نوێنەری یونسێف لە عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە ئەوە داوە کە یونسێف ئیدانەی ئەو هێرشە دەكات كە كرایە سەر قوتابخانەیەكی نێو كامپی پەنابەران لە شاری كۆیە، بەپێی راپۆرتەكان بەلایەنی كەمەوە دوو منداڵ بریندار بوونە و ئافرەتێكی دووگیان و منداڵەکەشی گیانیان لەدەست داوە.

ئەو بەرپرسەی یونسێف پرسەو سەرەخۆشی لە خانەوادە و دۆستانی ئەو كەسانە دەكات كە بوونەتە قوربانی و هیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ منداڵە بریندارەكان دەخوازێت، راشی گەیاند کە هێرشكردنە سەر منداڵان و قوتابخانەكانیان قبوڵ ناكرێت و دەكرێت بە پێشێلكارییەكی گەورەی مافەكانی منداڵانی دابندرێت، پێویستە هەمیشە دامەزراوەكانی قوتابخانە شوێنی سەلامەتبن بۆ هەموو منداڵێك، بەشێوەیەك كە منداڵان بتوانن لەوێ فێرببن، یاری بكەن و گەشە بكەن تاوەكو تەواوی تواناكانیان دەردەكەوێت.