خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- موزیكزانی بەئەزموونی كورد “فەرید ئیلهامی” كە ئێستاكە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێیە لە گەورەترین پڕۆژەی هونەری خۆیدا، بە دامەزراندنی ماڵی تەنبووری “ئەیاز”، بە دیكۆمێنت كردنی مەقامە ڕەسەنەكانی كوردەواری تەنبوور، وانە گوتنەوە و فێركردنی گەنجانی كورد و هەروەها چەندین كاری هونەری بەنرخی دیكە، دەیەوێت كە ئامێری ڕەسەن و كۆنی كوردی تەنبوور لە هەرێمی كوردستان زیندوو بكاتەوە و خەڵكانی زیاتر ئاشنا و شارەزای ئەم ئامێرە ڕەسەنە بن. ئیلهامی ماوەی 15 ساڵە كە سەبارەت بە ئامێری تەنبوور توێژینەوە دەكات و دەرئەنجامی ئەم توێژینەوانە ئەڵبوومی شانامەی كوردی بە ناونیشانی “مەقامی ئەفسانەكانی 2” بە دەنگی هەرمانی مامۆستا “شەهرام نازری”، كتێبی “هەزارەی تەنبوور” و چەندین بەڵگە فیلمی كوردی وەكوو ئینسكلۆپیدیایەكی ئامێری تەنبوورە كە تا ئەم ساتە وەختە بە بیانووی جۆراوجۆروە بڵاونەبوونەتەوە وهیوادارە كە لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی ماڵی تەنبووری “ئەیاز” لە هەرێمی كوردستان پشتیوانی لیبكرێت و بخرێتە بەر دەستی هۆگرانی هونەری موزیك و ڕۆشنبیری كوردییەوە.

“فەرید ئیلهامی” زیاتر لە 15 ساڵە وەكوو ئاوازدانەر و ژەنیاری تەنبوور لە تەنیشت مامۆستا “شەهرام نازری” كۆنسێرتی جۆراوجۆری پێشكەش كردووە و لەم ماوەیەدا لە بواری تێكەڵاوكردنی شیعر و مۆسیقا و هەروەها شێوازیی گۆرانی خوێندنی دروست لە خزمەت بەڕێزیاندا بووە، گرووپی موزیكی “ئەفسانەی ڕۆژهەڵات” بە سەرپەرەستی “فەرید ئیلهامی”ئاوازدانەر و ژەنیاری تەنبوور، بە هاوڕێیەتی لەگەڵ “محەمەد عەلی محەمەد حەسەنی” (دڵنەواز) ژەنیاری بەنجۆ لە بەلووچستان، خاتوو “مینا دریس”

گۆرانیبێژی عەڕەبی ئەهوازی، خاتوو “زینوێ حەسەن راوی” گۆرانیبێژ لە هەرێمی كوردستان، خاتوو “غەزالە شیرازی” ژەنیاری چەلۆ و “ئەمین حەیدەری” ژەنیاری عوود لە ئێران، “نەبیل یۆسف شەریداوی” ژەنیاری عوودی عەڕەب، )دەرشێن جووت سینك ئاننەد( ژەنیاری تەبلا لە هیندستان و “هەژار زەهاوی” ژەنیاری دەف لە هەرێمی كوردستان، لە یوبیلی زیوینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی”گەلاوێژ” چەندین پارچە موسیقای مەقامی تەنبوور، مۆسیقای سیكەكانی هیندستان، مۆسیقای تەریقەتی چشتییەی بەلووچستان، مۆسیقای سۆفی عەڕەب و هەروەها شیعرەكانی حەزرەتی مەولانا جەلالەدینیان پێشكەش كرد.