خەبات: عەلی بانیشاری:- خاوەن كۆمپانیا و نوسینگەكانی خانووبەرە لە شاری هەولێر هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی كرێی خانوو لە شارەكە بۆ سێ هۆكاری دەگەڕێنەوە. ئەوانەی قسەیان بۆ (خەبات) كردووە دەڵێن: بەراورد بە ساڵی 2021، نرخی كرێی خانوو لە هەولێر بە رێژەی 20-30% بەرزبووەتەوە. بەوتەی بەڕێوەبەری لقی كۆمپانیایەكی خانووبەرەش، لە هەندێك گەڕەكی شاری هەولێر خانووی كرێ دەست ناكەوێت و چەندین خێزان چاوەڕێن تاوەكو خانوویەكی كرێ چۆڵ ببێت.

یوسف ئەحمەد، لە بەردەم یەكێك نوسینگەكانی بەكرێدانی خانوو لە گەڕەكی هەولێری نوێ وەستابوو. ئەو دەڵیت: بۆ هەفتەیەك دەچێت چاوەڕێم هەر لەم گەڕەكە خانوویەكی كرێم دەست بكەوێت، بەڵام خاوەن نوسینگەكانی خانووبەرە هەر پێم دەڵێت چاوەڕێ بكە. ئەو لەگەڵ برایەكی ئێستا لە خانوویەكی دوو نهۆمی 150 مەتری گەڕەكی هەولێری نوێیە و مانگانە 400 دۆلاری ئەمریكی كرێ دەدات، بەڵام خاوەن خانووەكە پێی وتووە ((خانووەكەم بۆ چۆڵ بكە)).
یوسف دەشڵێت: لەو باوەڕەدا نیم بە هەمان نرخی ئێستا خانوویەكی دوو نهۆمی 150 مەتریم بۆ خۆم و براكەم دەست بكەوێت، چونكە نوسینگەكانی ئەم گەڕەكە پێیان راگەیاندووم دەبێت مەمنون بم بە 450 دۆلار خانوویەكی پاكوخاوێنی وەكو ئەوەی ئێستام دەست بكەوێت. گوتیشی: دەستكەوتنی خانووی كرێ لە ئێستادا ئاسان نییە.

مەریوان لەتیف، بەڕێوەبەری لقی هەولێری نوێی كۆمپانیای مەنار بۆ خانووبەرە كە 20 لقی لە شاری هەولێر هەیە بە (خەبات)ـی گوت: لە ئێستادا هیچ خانوویەكی كرێ لە لقەكەمان نەخراوەتەڕوو، 5-10 كەسیش ناویان تۆماركردووە تاوەكو خانووی كرێیان بۆ پەیدا بكەم و چاوەڕێی تەلەفۆنی منن. گوتیشی: خواستێكی زۆر لەسەر خانووی ئەو گەڕەكانەیە كە كەوتوونەتە پشت شەقامی 120 مەتری.

ئاماژەی بەوەشدا، لەبەر دوو هۆكار بەراورد بە ساڵی رابردوو، نرخی كرێی خانوو لە گەڕەكی هەولێری نوێ بە رێژەی 20-25% بەرزبووەتەوە، هۆكاری یەكەم بۆ زۆری خواستی هاووڵاتیانی بەرەگەز عەرەب بۆ خانووی كرێ دەگەڕێتەوە و هۆكاری دووەمیش گرانبوونی نرخی خانووە، بەشێوەیەك بەشێك لە خەڵكی خانووی پێ ناكڕێت و ناچارە روو لە خانووی كرێ بكات. مەریوان لەتیف، ساڵی رابردوودا خانوویەكی دوو نهۆمی 150 مەتری لە هەولێری نوێ مانگانە بە 350-400 دۆلار بەكرێ دەدا، بەڵام وەكو خۆی دەڵێت: ئێستا هەمان خانوو كرێكەی لە 500 دۆلار كەمتر نییە.

ئەحمەد پیرۆت، خاوەنی نوسینگەی بێكڵۆ بۆ خانووبەرە لە ناحیەی كەسنەزانی سەر بە قەزای دەشتی هەولێر دەڵێت: لە 2021ـەوە خانووی كرێ كەمبووەتەوە، بەڵام بۆ نۆ مانگ دەچێت دەستكەوتنی قورستر بووە. دەشڵێت: هاتنی خەڵكی لە قەزا و ناحیەكانی دەوروبەری هەولێر و پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستانەوە بۆ پایتەخت یەكێكە لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی خانووی كرێ.

ئاماژەی بەوەشدا، پێشتر كرێی مانگانە خانوویەكی دوو نهۆمی 150 مەتری لە كەسنەزان 250 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا هەمان ئەو خانووە كرێكەی 350 هەزار دینارە و بە ئاسانیش دەست ناكەوێت. زیاتر گوتی: ئەو شوێنانەی خزمەتگوزاریان هەیە زیاتر خانوویان بە كرێ دەڕوات. راشیگەیاند: بەراورد بە 2021، شوێنێكی وەكو كەسنەزان كرێی خانوو نزیكەی 30% بەرزبووەتەوە.

لەلایەكی ترەوە موخلیس محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بزنس دەی بۆ خانووبەرە كە 22 لقی لە هەولێر هەیە بە (خەبات)ـی راگەیاند: خانووی كرێ لە كۆمەڵگەكان ئاسان دەست دەكەوێت، بەڵام لە گەڕەكە میللییەكان بەو شێوەیە نییە، بەو پێیەی خەڵك زیاتر روو لەو گەڕەكانە دەكەن كە نزیكن لە سەنتەری شارەوە. گوتیشی: ئەو خانووانەی لە گەڕەكە میللییەكان بە كرێ دەدرێن ژمارەیان زۆر كەم بووەتەوە.