د.سـامان سـۆرانی
لە مێژووی هاوچەرخی عیراقدا ساڵی ٢٠٠٣ تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە لەو ساڵەدا ڕژێمی ستەمکاری پاوانخواز ڕووخێنرا، کە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ دەیە بێ ووچان گەلی كوردستانی سەركوت دەکرد و ڕێگر بوو لە بەدیهاتنی خواستەکانی ئەم گەلە خەباتگێڕە بۆ ئازادی و پێشکەوتن.

چاوەڕوان دەکرا “عێراقی نوێ” لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژوویدا هەڵداتەوە و کراوە بێت بەرامبەر بە چەندین ئەگەری پڕ گەشبینی، تا داهاتوویەکی باش بۆ عیراق بێتە کایەوە، بەڵام بەداخەوە ڕواڵەت شتێکی پێچەوانەی ئەوەی پێشکەش کرد.

سەرۆك بارزانی هەر لەو کاتەوە و تاوەکو ئەمڕۆ لەگەڵ بونیادنانی عێراقێکی نوێ بووە و پێی وابووە، ئەو عیراقی نوێیە پێویستە باوەڕی بەسیستمی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان هەبێت و دامەزراوە دەستوورییەکانی دەسەڵاتێکی دێموکراسی پیادە بکەن، دوور لە تۆتالیتاریەت و دەسەڵاتی ناوەندێتی و تاك لایەنی و بەکارهێنانی زمانی جەنگ، کە پێش ڕووخانی ئەو ڕژێمە تاکە زمانی باو بوو لە عیراقدا.

سەرۆك بارزانی هیواخواز بوو، فیدڕاڵییەت بە شێوەیەك پیادەبکرێت، کە دوور بێت لە بەکارهێنانی ئاکاری پەراوێزخستن و جیاکاری و دژایەتی کردنی ئەو کەسانەی، جیاواز بیر دەکەنەوە و جێ بەجێکردنی تیۆرییەکانی پۆلێنکرن لە سەر بنەمای باوەڕ و پاکتاسوی ڕەگەزی کۆتاییان پێ بێت.

ئامانجی دەستپێشخەرییەکانی سەرۆك بارزانی لەو کاتەدا کارکردن بوو لەگەڵ ‌هێزە نیشتمانییەکان بۆ وەگەڕخستنی توانا مرۆییەکانی ئەو وڵاتە، چ لە بواری بونیادنان و گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرهەمهێن بێت، یان هەوڵدان بێت بۆ دەستبەرداربوون لە فەلسەفەی میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگا و گوتاری هەڕەشەئامێز و سیاسەتی گەلەکۆمە و تەکتیکی قەتیسکردنی تواناکانی دەوڵەت لە پێناو هێرشبردنە سەر لایەنی تر، کە جیاوازە.

سەرۆك بارزانی، کە هەڵگری پەیامێکی نیشتمانییە و بەردەوام بە کردار و دەربڕینەکانی خۆشەویستی لە نێوان گەلی كوردستان و عیراق بڵاودەکاتەوە و تۆی لێكتێگەیشتن لەناو ژینگەی هەرێمی دەچێنێ و بە زمانێکی پڕ لە هەست و مرۆڤایەتی لەگەڵ جیهاندا دەدوێ، لە ساڵی ٢٠٠٣ لە بەغدا چرای ئاشتی كوردستانی بۆ بەغدا برد.

سەرۆك بارزانی باوەڕی بەوەیە، ئاشتی دەروازە و بنەمایەکی سەرەکی سەقامگیرییە و توندوتیژی درووستکراوی دەستی مرۆڤە. سەرۆك بارزانی بەردەوام لە وتار و گفتوگۆکانی بە ئاشکرا دەفەرموێ، ئێمە دەتوانین وا بکەین چارەنووس بەدەنگمانەوە بیت، تا نەوەکانی داهاتوو مافی ئەوەیان هەبێت، خەون بە جیهانێکی پڕ لە ئازادی و شکۆمەندی ببینن.

ئەم قەناعەتە ستراتیژێكە بۆ کار و سیاسەت لەپێناو چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. لۆژیك پێمان دەڵێت، ئەوەی بتوانێ بە هزرێکی کراوە بیر بکاتەوە، دەتوانێ خۆی بگۆڕێ و بە شێوەیەكی بەرهەمدار و داهێنەرانە پشکداربێت لە گۆڕینی کەسانی تر.

ئەم هاوکێشەیە سەقامگیری سیاسی لە هەرێم كوردستان ئافەریدە کرد و بەهۆیەوە هەرێم توانی ڕووبەڕووی ئەو ئالنگاراییانە بێتەوە، کە تۆڕە ئاڵۆزەکانی پەیوەندییە هەرێمییەکان لە ناوچەکە بە بەردەوامی بەرهەمی دەهێنن.

سەرۆك بارزانی لە سایەی سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی كوردستان و بڕیاردانی حەکیمانەی پاڵپشتی بێسنووری سیاسی خۆی دەربڕیوە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی دیالۆك لەگەڵ بەغدا، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، لە چوارچێوەی دەستور و بە شێوەیەکی مەدەنی و عەقلانی، تا دووبارە کەش و هەوایەکی پڕ لە ئاسایش و سەقامگیری درووست بێتەوە.

هەرێم و بەغدا تەنها لە ڕێگەی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سەرەوەرییەوە دەتوانن وەکو دوو ئەکتەری چالاك بونیادنان و پەرەپێدان لەسەر ئاستە جیاوازەکان بەرەو پێشەوە بەرن و تەنها بە سیاسەتی بیرکردنەوەی ئەرێنی و هاوکاری کردنی یەکتر و لۆژیکی ئاڵۆگۆڕکردن و فەلسەفەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە دەکرێ دیموکراسیەت و فیدڕاڵییەت و سەروەری لە عیراق بپارێزرێ.

ناکرێ لە سەردەمی گلۆبالیزەیشن و لە جیهانی پاش کۆرۆنا و جەنگ و درووستبوونی قەیرانی ووزە کێشە هەڵپەسێردراوە درێژخایەنەکان دوابخرێن و دامەزراندنی دیموکراسییەکی ڕاستەقینە، لەسەر بنەمای دیالۆگ و فرەیی و ڕێزگرتن لە بونیادنانی دەوڵەتی مرۆڤ، پەراوێز بخرێت.
ئەو دەوڵەتەی بەرامبەر بە بڕوا و باوەڕ و ئایدیۆلۆژیای هاوڵاتیانی بێ لایەنی ئەرێنی هەڵدەبژێرێ و ئاسایشی مرۆیی وسیاسی دەستەبەر دەکات، دەتوانێ سەرکەوتن بەدەست بهێنێ، لە کاتێکدا ناوچەکە و جیهان لە قۆناغێکی پڕ لە پاشاگەردانی و ناسەقامگیری سیاسی گوزەر دەکەن، کە لەوانەیە ببێتە مایەی گۆڕانکاری ڕیشەیی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهان.

لە کۆتاییدا: پێویستە داهێنەر و دامەزرێنەری ئاسۆیەکی بەڵێندەر بین بۆ دەروەازە و بنەماکانی سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان و عیراق، تا بەهۆیەوە بتوانین فەزایەکی فراوان لە ئازادی داهێنان و بیرکردنەوە بەرهەم بهێنین و دیموکراسیەت و بەڕێوەبردنی باش بچەسپێنین و فەرهەنگی دیالۆگ و جیاوازی و پەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە بڵاوبکەینەوە و توندئاژۆیی و توندوتیژی نەهێڵین و ژێرخانی هاوبەشی سیاسی و فەرهەنگی ڕێزلێنان و لێبوردەیی و دەستپاكی و لێهاتوویی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات پتەوبکەین و لە هەرێمی كوردستان و عێراق فاکتەرەکانی پێکەوەیی کۆمەلایەتی لەنێوان گروپ و توێژە کۆمەڵایەتییە جیا جیاکان بەهێز بکەین.

ئەو رۆژەی میللەت ژیانی ویست،
بێگومان چارەنووس به‌ده‌نگیەوە دێت.
تاریکیی شه‌و هەر دەبێ بڕەوێتەوە و
زنجیریش هه‌ر ده‌بێ بپسێ
ئه‌وه‌ى نەیەوێ بە چیادا هەڵزنێ
بۆ تاهەتایە لەناو چاڵ و چۆڵدا جێ دەمێنی

 

*پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دبلۆماسیەت