٭مستەفا قایتەوەنی- لەندەن
کورد یەکێکە لەو گەلانەی کە مێژووییەکی دێرینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە بۆیە هەر لە کۆنەوە باسی پێگەو ناسنامەی کورد لە ئاستی جیاجیادا کراوە ، ئیتر ڕووداوەکانی ناوچەکەو، دەرئەنجامەکانی یەکەمین جەنگی جیهان وا کەوتونەتەوە کە “کورد” بە بێ ویستی خۆی خاکەکەی دابەش بکرێتە سەر چوار جوگرافیای جیاواز و بکەوێتە ژێر چنگی چوار دەوڵەتی ناوچەکەوە. ئەمەش وەهای لەم نەتەوە ژێر دەستە کردووە بە تایبەت لە باشوری کوردستان بە هۆی هەڵکەوتەکەی و بوونی یەدەگێکی سروشتی بەرچاو بکەوێتە لۆمەکردنی “ئینگلیز” لەسەر ئەو ناعەدالەتییە مێژووییەی بەرامبەری کراوەو، هێشتاش ڕاست نەکراوەتەوە!

بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو، هەمیشە کورد پێی وابوە ئینگلیز و بەریتانیای مەزن ڕێگربوە لە بەدیهاتنی خەونەکانی.. لەبەرانبەریشدا، بەشێوەی بەردەوام ئەم بیرکردنەوەو بیروبۆچونانە لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتی شانشینی بەریتانیای مەزن ڕەت کراوەتەوەو ئەکرێتەوە.

لێرەدا، چەند ئاماژەیەکی دۆستایەتی و نزیکی بەریتانیا لە کوردستان وەک نمونەی زیندوو دەخەینە ڕوو:
لە ساڵی 1991لە دوای کۆڕەوی میلیۆنی گەلی کوردستان بەرەو ئێران و تورکیا لەترسی سوپای ڕژێمی بەعس، دوای دوای ئەوەی فەڕەنسا پێشنیاری ڕەشنوسێکی دا بەئەنجومەنی ئاسایش، هەریەک لە ووڵاتانی بەریتانیا و ئەمریکا بونە خاوەنی ئەو بڕیاڕەی ناوچەی دژە فڕینیان بۆ کوردستان دەرکرد بەفەرمی بونە پارێزەری خەڵکی هەرێمی کوردستان. ئینجا ئەمریکا و بەریتانیا بە فەرمی هەنگاوی پشتیوانیان لە سێبەرو پشت پەردەوە هێنایە ناوەندە فەرمییەکانی ووڵاتەکانیانەوە، ڕای گشتییان دروست کرد بۆ پشتیوانی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان. چەند هەنگاوێک ئەولاتریش لە نەوەتەکاندا لە ئابڵوقەکانی ئێران و عێراق و تورکیا کوردیان پاراست و بڕیاری (986) یان لەمەڕ نەوت بەرانبەر خۆراک بۆ کوردستان دەرکرد.

بەم شێوەیە بۆمان دەردەکەوێت شانشینی یەکگرتووی بەریتانیای مەزن زیاتر پاڵپشت بوە لەهەرێمی کوردستان، ووڵاتانی دیکەی وەک ئەمریکا و ئەوروپاو ڕوسیاو ناوچەکە بەگشتی لەسەر ئاستی ڕووداوەکان وبەشێوەی دیفاکتۆ سیاسەتیان کردوە!
بەڵام بەریتانیا بە جۆرێکی دەوڵەتییانە و ڕەنگڕێژی سیاسەتەکانی خۆی لەناوچەکەدا ئەکات و بە ووردی شۆڕئەبێتەوە لە ناسینی خەڵک و خاک و کەش و هەوای عێراقەوە سیاسەتی کردوە!
چونکە ئینگلیز ئەزمونی لەهەموو لایەک زیاتر هەیە لە عێراقدا ئینگلیز بەجۆرێک شۆڕ بوبوەوە ناو عێراق و هەرێمی کوردستان کە تەنانەت پەیوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ ناوچەو هۆزو خێڵ و خێزانە کوردییەکانیش گرێدابو.. بەڵام بەداخەوە کورد خۆی نەیتوانی لۆبی بکات و وەبەرهێنانی زیاتر لەمەدا بکات و پەیوەندییەکانی بە پێی قۆناخەکان بباتە پێشەوە!!
هۆکاریش زۆربون یەکێک لەوانە کوردی دورخستەوە لە بەریتانیا وابەستە بونی کورد بو بە زاڵبونی بیری عروبەو پرسی دەرکردنی ئینگلیز لە عێراق و ڕەتکردنەوەی ئینتیدابی ئینگلیزی بوو لەعێراقدا، بەدەرکردنی ئینگلیز سەقامگیری لەعێراقدا ئۆقرەی لێ بڕاو کوردیش بوە یەکێک لەقوربانیەکانی ئەم ناسەقامگیریەی ئەم ووڵاتە بەزۆر لکینراوە بەیەکەوە.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و دروست بونی عێراقی نوێ، ئەمریکا و بەریتانیا لەگەڵ ووڵاتانی هاوپەیمانانی تردا بایەخی زیاتریان بەپێگەی هەرێمی کوردستان دا ، لەناو ئەم ووڵاتانە بەریتانیا بە نەرمی و هێواشی هەنگاوی دەنا لە نوسینەوەی دەستور لە عێراق 2005 و بونی کورد بە سەرۆک کۆمار بە بێ ئاگاداری و پاڵپشتی هاوپەیمانان بەتایبەتی بەریتانیاو ئەمریکا نەبووە ، دیسان کورد نەیتوانی سودی زیاتر لە قۆناخەکە وەربگرێت یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان ئەوەیە کورد وەک پێویست لە بەریتانیا نزیک نەبو تا بەرگری وباس وخواس لە بەرژەوەندییە باڵاکانی بکات.

لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان سێپتەمبەری 2017 ەوە، پەیوەندی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان چوەتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتووەوە ، ئەکرێت بە سەردەمی زێڕین ناوببرێت بەتایبەتی لەدوای بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان “نێچیرڤان بارزانی” لە سێپتەمبەری 2021 و پێشوازی کردنی لەئان و ساتێکدا بوو کابینەی حکومەتی بۆریس جۆنسن لەگۆڕانکاریدا بوو بەڵام گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان وایکرد تەواوی دیدارەکان بەڕێوە بچن وەزیری وا هەبوو هەر ئەو ڕۆژە متمانەی لەپەڕلەمان وەرگرتبوو بەڵام دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی دوانەخست، دەرگای خانوی ژمارە 10ی داونینگ ستریت و تەواوی کۆشک و وەزارەتەکانی دیکە بەقۆناغێکی نوێی پەیوەندیەوە بەڕووی هەرێمی کوردستاندا کرایەوە.

سەرەڕای ئاڵۆزی ناوچەکەو شەڕی ڕووسیاو ئۆکرانیاو سەرقاڵبونی پایتەختە گەورەکان بە پرسە جیهانییەکانەوە، لە کۆتایی ئەپریلی 2022 لە لەندەن پێشوازییەکی زۆر مێژوویی و تایبەت لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا ، میدیاکانی بەریتانیا وەک پەیوەندی نێوان دوو ووڵات هەواڵەکانیان بڵاو کردەوە بەتایبەتی پێشوازی کردنی سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە خانوی ژمارە 10 داونینگ ستریت، شوێنی نیشتەجێبونی فەرمی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیایە.

ئەو تەدارەک و پێشوازیەی بۆ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیان ڕێکخرا بوو هاتنە دەرەوەی خودی بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەخانوی ژمارە 10 و دانانی ئاڵای کوردستان بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێم و دیداری جیاجیا لەگەڵ حەوت وەزیر و کەسایەتی گرنگی ترو هاوتا بون و هاوشان بونی “مەسرور بارزانی” نیشاندا لەگەڵ “بۆریس جۆنسن” سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا.

مەگەر ناکرێت بڵێین کە ئەمە پەیامی لەندەنە بۆ جیهانی دەرەوە کە ئینگلیز هەرێمی کوردستان بە تەنیا بەجێ ناهێڵێت..سەرباری ئەمەش، دوای ئەو سەردانە سەرکەوتووەی سەرۆکی حکومەت هەردوولا بە چەندین شاند لەنێوان هەولێرو لەندەن سەردانی یەکتریان کردەوەو پەیوەندییەکان قۆناغی زۆر پێشکەوتوییان بڕیوەو دەکرێت گرنگی زیاتریشی پێ بدرێت…

لەدوای ڕاگەیاندنی کۆچی دوایی شاژن ئەلیزابێسی دووەم لەلایەن کۆشکی شاهانەی باکینگهامەوە بۆ بەڕێوەچونی مەراسیمی ماڵئاوایی لە تەرمی شاژن و بەخاکسپاردنی ، کۆشکی شاهانە حکومەتی بەریتانیایی ڕاسپارد بە بانگهێشتکردنی 1000 کەسایەتی کاریگەری تایبەت لەناوخۆو دەرەوەی بەریتانیا، لەوانە 100 کەسایەتی لەدەرەوەی بەریتانیا بانگهێشت کران، کە تیایدا پادشاو ئەمیرو سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی ووڵاتانی جیهان بوو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەش هەریەک لە پاشای ئوردون “شا عەبدوڵا” و لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستانیش “نێچیرڤان بارزانی” بانگهێشت کرا.

ئەمە جگە لە پەیوەندیە نێونەتەوەییەکان، پەیوەندیی ستراتیجی نێوان گەلی کوردو خانەوادەی شاهانەی بەریتانی نیشاندا ، بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێم بۆ ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی شاژن نیشانەی ئاستی گەرم و گوڕی ئەو پەیوەندییانەن کە باسمان کرد.

ئەگەر پێگەی هەرێمی کوردستان و ووڵاتانی ناوچەکە بەراورد بکەین، بە ووڵاتێکی وەک سعودیە و کەسایەتیەکی وەک شازادەی جێنشین “محەمەد بن سەلمان” گەیشتە لەندەنیش بەڵام دەسەڵاتدارانی لەندەن ئاگاداری سعودیەکانیان کرد کە کۆشکی شاهانە شازادەی جێنشین بانگهیشت ناکات بۆ مالئاوایی لەتەرمی شاژن!

لەناو ئەو ووڵاتانەی بانگهێشت نەکران بۆ ماڵئاوایی لەتەرمی شاژن بریتی بون لە لە ڕووسیا، بیلا ڕوسیا، سوریا، فەنزەوێلا، میانمار، هەرەوها ئەفغانستانیش بەهۆی بارودۆخی سیاسی و ئاسایشەوە بانگهێشت نەکران.

ماوەی چارەکە سەدەیەکە دەوڵەتی بەریتانیا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەو کاتەی شاژن ئەلیزابێس ماڵئاوایی یەکجارەکی دەکات، تەواوی تەدارەک و مەراسیمەکەو بەشداربوانی پرسە و چۆنییەتی مەراسیمەکە لەگەڵ خودی شاژن ئەلیزابێس بەر لەمردنی باس کراوە و لیستی میوانەکانیش خودی شاژنە ئەلیزابێس خۆی دیاری کردوە، جگە لە ڕێکارەکانی ئاسایشی مەراسیمەکە نەبێت.

بۆ مانەوەی گەرم و گوڕی ئەم پەیوەندییانەو بەرژەوەندی هاوبەشی گەلی کوردستان و گەل و حکومەتی بەریتانیا بارودۆخەکە وەهامان لێ داوا دەکات کە هەرێمی کوردستان بە چەندین تیم لەهەموو ئاستەکانی بازرگانی و کەلتوری و سیاسی و.. تادوایی بەتیمی بەهێزەوە لۆبی بکات و برەو بەو پەیوەندییانە بدات چونکە پەیوەندی نێوان ئینگلیزو هەرێمی کوردستان گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە.

کورد خۆی لە مێژە گوتویەتی “شین و شایی بە دەستەوایی” لە دوا وێستگەدا کە کۆچی دوایی شاژنە، بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێم بۆ مەراسیمەکە ، وەڵامی ئەوانەی دایەوە کە لە کوالێتی پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیاوگەلی کورد گومانیان هەیەو قسەوباسی لابەلایان دادەتاشی.