خەبات: ڕۆستەم خامۆش:- دەمێک بوو بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەبارەی ئەدەبی منداڵان و ئەزموونی نووسینی شیعری منداڵان، دەمویست سەردانی مامۆستا “مەدحەت بێخەو”ى شاعیر بکەم. پێم خۆش بوو هەر لە چاپی یەکەمی کتێبی(ئەدەب و هونەری منداڵان)دیمانەی بەڕێزیانی تێدا بوایه، بەڵام یەکێ لە هۆکارەکان، هاتن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی(کۆڕۆنا)بوو، بۆیە دواکەوت، بەڵام نیازی ئەو دیدارەم هەر لە دڵدا بوو، تا ئەوەبوو لەگەڵ هاوڕێم “دکتۆر هاوژین سڵیوە” چەند جارێک باسم کرد و ئەویش زۆر پێی خۆش بوو دیمانەی لەگەڵ بکەین. کە کتێبە هاوبەشەکەمان(ئەدەب و هونەری منداڵان)چاپبوو، دیار بوو هەر لەسەرەتاوە خواستی دەستکەوتن و خوێندنەوەی ئەو کتێبەمان بۆ دەرکەوت و زانیمان کەسانێکی زۆر دەیانەوێ بیخوێننەوە، بۆیە بڕیارماندا کار بۆ چاپی دووەمی بکەین، ئەو نیازەمان هەر لە دڵدا بوو کە چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستا “مەدحەت بێخەو” بکەین دیار بوو ئەویش ڕازی بوو و زۆر بەڕێزەوە پێشوازی لێکردین. ئينجا گفتوگۆ کرد و ئەنجامەکەی ئەو دیدارە دەرچوو لەبارەی ئەدەبی منداڵان.
* چۆن بوو بیرت لەوە کردەوە شیعر بۆ منداڵان بنووسی، یان ئەو کاتەی بڕیارتدا شیعر بۆ منداڵان بنووسی، کاریگەری شاعیرانی دیکەت بەسەرەوە هەبوو؟
– کە دەستم کرد بە شیعر نووسین, هەستم بەوە کرد بۆ هەموو لایەنەکان شیعر بنووسم، یەک لەوانە شیعری منداڵان بوو، شيعری منداڵانیش پێویستە، دەرفەت و ماوە ئەوەندە نییە زۆر باسی هەموو تەوەرەکان بکەین، بەڵام ئێستا باسی شیعری منداڵان دەکەین، دەبێ شاعیر کێشی شیعری منداڵان بزانێ، وەکو کێشی عەروزی عەرەبی نییە، کە دەبێ بەحرەکەی درێژ بێ، دەبێ کێشی شیعری منداڵان کورت بێ. ئامۆژگاری بێ بۆ منداڵان. هەروەها سرود بێ، هاندان بێ بۆ خۆشویستنی نیشتمان. دەبێ هەموو شتێک بێ بۆ فێربوونی منداڵان.
* لەو سەردەمەی گەنج بوویت و شیعری منداڵانت دەنووسی، کێی دیکە شیعریان بۆ منداڵان دەنووسی، بەتایبەتی لە شاری هەولێر؟
– کۆمەڵێک شاعیر هەبوون، لەوانە: ئەحمەد دڵزار و کەریم شارەزا.
* ئەحمەد دڵزار و کەریم شارەزا، لە بواری منداڵان دەیاننووسی؟
– لە هەموو تەوەرێکیان دەنووسی، نەک تایبەت بە منداڵان.
* مەبەستم ئەوە بوو ئەوانە شیعریان بۆ منداڵان دەنووسی؟
– هەر وەکو من چۆن لە هەموو تەوەرەکان شیعر دەنووسم، ئەوانیش هەر وابوون، یەکێ لە تەوەرەکان کە دەیاننووسی شیعری منداڵان بوو.
* ئایا بۆ نووسینی شیعری منداڵان، کاریگەریی (زێوەر و بێکەس و گۆران) ت بەسەرەوە هەبوو، چونکە ئەو سێ شاعیرە، هەر لە سەرەتاوە ئاوڕیان لە ئەدەبی منداڵان داوەتەوە؟
– من، كە ماڵمان لە (دیبەگە)بوو، نە کتێبخانە هەبوو، نە شاعیری لێبوو، من خۆم کە شیعرم دەنووسی، هەستم دەکرد هەموو لایەنێکی بنووسم. سەرەتا شیعرم بۆ هەژاران نووسی، بۆ ڕاپەڕینی جوتیارانی دەشتی هەولێر ساڵی ١٩٥٣شیعرم نووسی، هەروەها سرودی (قوتابخانەکەم) نووسی. دوایی شیعری کۆمەڵایەتیم نووسی. دوایی مێژوویی، لەسەر هەموو تەوەرەکان زۆرم نووسی. دواتر شیعری منداڵانیشم نووسی، هەستم کرد پێویستە شیعر بۆ منداڵان بنووسم.
* بە دیاریکراوی لە بیرتە، لە ساڵی چەند شیعر و سرودت بۆ منداڵ نووسی؟
– سرودی (ڕۆڵە) ساڵی ١٩٥٣نووسیومە. سرودی (ئێمە قوتابین)ساڵی ١٩٦٤نووسیومە. سرودی (وەرزش)ساڵی ١٩٦٥نووسیومە. سرودی (قوتابخانەکەم) ساڵی ١٩٦٥نووسیومە. شیعری(خوێندەواری)یش ساڵی ١٩٦٥ نووسیومە.
* لەگەڵ گۆرانی شاعیر، هاوڕێیەتیتان چۆن بوو، باسی شیعر و ئەدەبی منداڵانتان دەکرد؟
– لێک دوور بووین.
* پێشتر بینیبووت؟
– بەداخەوە لەگەڵی دانەنیشتبووم.
* ئەگەر باسی دیوانەکەی خۆت بکەی؟
– تۆ بڕوانە, دیوانی هەموو شاعیرەکان بێنە، لەو حەوت تەوەرەی من هەمە، بەراوردی بکە لەگەڵیان. من باسی خۆم ناکەم, بزانە حەوت تەوەر زۆرە، هەر لەسەر مێژوو باسی هەولێرم کردووە، کە باسی (٥٠٠٠) ساڵ پێش ئێستایە بە شیعر باسم کردووە.
* مەبەستت شیعری منداڵانە؟
– نا، هی منداڵان نا، بەڵام ئەوە دیوانەکەمە هەمووی تێدایە.
* تایبەتمەندیی شیعری منداڵان چییە و چۆن لە شیعری گەورەساڵان جیا دەکرێتەوە؟
– شیعری منداڵان دەبێ کێشی سووک بێ، حەوت بڕگە بێ، یان هەشت بڕگە بێ، لە هەشت بڕگە تێنەپەڕێ باشە.
* لە ناوەڕۆکی شیعرەکانت بۆ منداڵان، زیاتر گرنگیت بە چ بابەتێک داوە؟
– ئامۆژگاری و هاندانی منداڵان بۆ خوێندن، بۆ خۆشویستنی نیشتمان.
* بەڕێزت لە زۆر شار و دەڤەری کوردستان ژیاوی، بۆ شیعری منداڵان سوودت لە سروشتی ئەو ناوچانە وەرگرتووە؟
– شيعرم زۆرە بۆ سرووشت، بەڵام کێشی زیاترە، دە بڕگە و یازدە بڕگەن، تایبەت نین بە منداڵان.
* بە زمانی منداڵان نەتنووسیوە؟
– دەبێ بۆ منداڵان، کێشی شیعرەکە سووک بێ.
* دەگوترێ دەقی شانۆی منداڵانمان نییە، بەڕێزت دەقی شانۆی منداڵانت نووسیوە؟
– دەقم زۆرە بۆ شانۆ، بەڵام تایبەت نین بە منداڵان.
* ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانە کامە بوون، کە شيعری منداڵانیان بڵاودەکردەوە؟
– ئەوەی لە بیرم بێ، گۆڤارەکان زۆر بوون، یەک لەوانە: گۆڤاری (هەتاو) هەبوو.
* ئەدی گۆڤارەکانی دیکە کامە بوون؟
– گۆڤارەکانی دیکە، وەک (پێشکەوتن، شەفەق، ڕووناکی)، ئەوانە هەبوون.
* لەو گۆڤارانە شیعری منداڵان بڵاودەکرایەوە؟
– بەڵێ شیعری منداڵانیان بڵاودەکردەوە، وەکو من دەڵێم شاعیرەکان، دەبێ لە هەموو تەوەرەکان بنووسن، هەندێ شاعیر هەبوون وەکو من بۆ منداڵان شیعریان هەبوو، چونکە منداڵان خۆیان ناتوانن وەک پێویست بۆ خۆیان بنووسن.
* لە ئەدەبی منداڵانی کورد، زیاتر شیعر نووسراوە، کەمتر ئاوڕ لە چیرۆک دراوەتەوە، هۆکار چییە، بەڕێزت چیرۆکت بۆ منداڵ نووسیوە؟
– چیرۆکم بۆ منداڵان نەنووسیوە.
* پێمان باشە باسی ئۆپەرێت بکەی، بەڕێزت ئۆپەرێتت بۆ منداڵان نووسیوە؟
– باش بوو باسی ئۆپەرێتت کرد، بەڵێ دوو ئۆپەرێتم نووسیوە: (داستانی گەل و ڕووباری ژیان).
* بۆ منداڵانت نووسیوە؟
– بۆ منداڵانم نەنووسیوە، بەڵام منداڵانیش بەشدارن، لە ئۆپەرێتی (داستانی گەل)، 41 منداڵ بەشدارن، دوو ئۆپەرێتم لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان پلەی یەکەميان بەدەستهێنا، لە شاری بەغدا پێشکەشکرا، منیشیان لەگەڵ خۆیان برد.
* تا ئێستا چەند خەڵات و ڕێزلێنانت پێ بەخشراوە؟
– تا ئێستا، (٥١) خەڵات و ڕێزلێنانم پێ بەخشراوە، بە هۆی نووسینی شیعرەکانم، کە هەندێکیان کراون بە سرود و مارش، لەلایەن کەسایەتیی و لایەنەکان و زۆر دام و دەزگا و حزبەکان، من شاعیرێکی بێلایەنم و سەر بە هیچ لایەنێکیش نیم، ئەگەر سەر بەهەر حزبێک بوومایە ئەوەندە ڕێزلێنانەم بۆ نەدەکرا.
* چەند شیعرت کراون بە مارش؟
– تا ئێستا (پێنج) شیعرم کراون بە مارش.
* تایبەتمەندیی شاعیر چییە و دەبێ چۆن بێ؟
– شاعیر دەبێ دەنگی هەموان بێ، نابێ سەر بە هیچ لایەنێک بێ، دەبێ بۆ گشتیی بنووسێ، نابێ بۆ یەک شت بنووسێ، نابێ شاعیر لە چوارچێوەی حزب بێ، چونکە ئەوکاتە دەبێتە موڵکی جەماوەری ئەو حزبە، ناتوانێ بە ڕەش بڵێ ڕەش و بە سپی بڵێ سپی، بەڵام ئەگەر بێلایەن بوو، بووە دەنگی هەموان، بەئازادی دەتوانێ باسی هەموو شتێک بکات، ئەو کات ڕێزلێنانی بۆ دەکەن.
* تا ئێستا چەند کتێبت بۆ منداڵان چاپ کردووە؟
– حەوت دیوانی شیعرم چاپکردووە و شيعری منداڵانیشیان تێدایە، ئێستا هەموویان لە نێو يەک ديواندا هەن، کە شیعری گەورەساڵان و منداڵانیشی تێدایە.
* لە ڕووی زمانەوە، شیعری منداڵان دەبێ چۆن بێ؟
– شیعری منداڵان، دەبێ زۆر سادە بێ، سووک و ئاسان بێ، نابێ ئاڵۆز و قورس بێ.
* لە ساڵانی ڕابردوو ئەو شیعرانەی بۆ منداڵانت دەنووسی، لەکام گۆڤار بڵاوتدەکردنەوە؟
– گۆڤارەکان زۆر بوون، وەک (شەفەق، پێشکەوتن، هەتاو).
* لە وڵاتانی پێشکەوتوو زۆر گرنگی بە کتێب و گۆڤاری منداڵان دەدەن، بەڵام لای خۆمان وەک پێویست نییە، بۆچی؟
– جياوازيمان زۆرە لەگەڵ وڵاتان، ئەوان هەموو شتێکیان بۆ منداڵ دەستەبەر کردووە، بۆ نموونە ئەو کوڕەم کە بەخێرهاتنی کردن، ئەوە لە منداڵیەوە نەخۆشە و باری تەندروستی تەواو نییە، ئەگەر لە هەر وڵاتێکی دیکە بوایە، موچەیان بۆ دەبڕیەوە و خزمەتیان دەکرد، چونکە منداڵ لای ئەوان زۆر بەڕێزە، بەداخەوە لای خۆمان وەک پێویست گرنگی بە منداڵ نادرێ.
* بەڕێزت ساڵانێکی زۆرە شیعر بۆ منداڵان دەنووسی، ئایا شیعرت لە کتێبی قوتابخانە وەکو وانە دەخوێندرێ؟
– بەڵێ دوو شیعرم، وەک وانە دەخوێندرێن، لەوانە: شیعری (وەرزش)کە لە پۆلی چوارەمی بنەڕەتی دەخوێندرێ، شیعری (خوێندەواری)یش لە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی دەخوێندرێ.
* کێن ئەوانەی توێژینەوەیان لە بارەی شیعرەکانت کردووە، یان نامەی ماستەریان وەرگرتووە، مەبەستمان ئەو شیعرانەی کە بۆ منداڵت نووسیون؟
– چەند کەسێک توێژینەوەیان لەسەر شيعرەکانم كردووە، نەک ئەو شیعرانەی تایبەتن بەمنداڵان، لەسەر کۆی شیعرەکانم، ماستەریان لەسەر شیعرەکانم وەرگرتووە.
* تا ئێستا شیعرت کراوە بە گۆرانی بۆ منداڵان؟
– زۆرێک لە شیعرەکانم کراون بە گۆرانی، لەلایەن هونەرمەندان (عەلی مەردان، تایەر تۆفیق، فوئاد ئەحمەد، عەبدوڵڵا دڵسۆز، یەحیا مەرجان… هتد).
* ئاستی شیعری کوردیی بۆ منداڵان چۆن دەبینی، لەچاو وڵاتانی دەورووبەر و وڵاتانی عەرەبی؟
– باشە، ئەوە من شیعری منداڵانم هەیە، گۆران دەینووسی، کەریم شارەزا هەیبوو. ئاستی شیعری منداڵان باشە، شاعیرانی دیکەش هەن کە بۆ منداڵان دەنووسن.
* ئاگات لە شاعیرانی گەنج هەیە، کە شیعری منداڵان دەنووسن؟
– ئاگام لێی هەیە، بەڵام ڕێزم هەیە بۆیان، زۆریان هونەری شیعری منداڵان نازانن، دەبێ مۆسیقای شیعریی تەواو بێ بۆ منداڵان، نابێ وەک پەخشان بێ، کاتێ دەیخوێنیەوە دەبێ مۆسیقای هەبێ و سووک و ئاسان بێ.
* ڕێنماییت چییە بۆ شاعیرە گەنجەکان، کە شیعری منداڵان دەنووسن؟
– دەمەوێ پێیان بڵێم، یەکەم دەبێ شیعرەکانتان کێشی کورت بێ، مۆسیقی بێ، ئامۆژگاری بێ، لە بارەی خوێندن و نیشتمانپەروەری و نەتەوەپەروەری بێ.
* لە ئێستادا چۆن دەڕوانیتە ئەدەبی منداڵانی کورد؟
– وەک باسم کرد باشە، هەر شاعیرێک شتێکی نووسیوە، بەڵام ناتوانین بڵێین سەتا سەت باشە، ئەوە من و زۆر شاعیری دیکەش خزمەتێکمان بەو بوارە کردووە.
* بە ڕای تۆ، بۆچی تا ئێستا وەک پێویست کار بۆ بەرەو پێشبردنی ئەدەبی منداڵانی کورد نەکراوە؟
– كەمتەرخەمییە، دەنا دەبوو زیاتر خزمەت کرابا.
* ئێستاش هەر بەردەوامی لە نووسینی شیعری منداڵان، یاخود نانووسی؟
– بە پێکەنینەوە، ئێستا بە هۆی زۆری تەمەن و وەکو بڵێی پیر بوويمە، زۆر نانووسم، بەڵام ئەگەر جارجارە شتێک بێتە بير و خەیاڵم دەینووسم، شيعر ئەوە نییە بڵێی هەر کاتێک بتەوێ بینووسی، دەبێ شتێک کاریگەری هەبێ و کارت تێبکا، بۆ هەر بابەتێک، یان ڕووداوێک، بەتایبەتی بۆ منداڵان ئەوە کۆمەڵێک شیعرم بۆ نووسیون.
* هەر شتێک بە پێویست دەزانی، پێمان خۆشە ئاماژەی پێبکەیت و بیڵێی؟
– منداڵەکان ڕۆڵەی دواڕۆژی گەلن، پێویستە لەسەر هەموو شاعیران و ڕۆشنبیران و مامۆستایان بایەخی زیاتر بەمنداڵ بدەن لە بواری ئەدەب و پەروەردە. دایکان و باوکان گرنگی بە منداڵەکانیان بدەن.
* کۆتاییدا زۆر سوپاس بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە
– زۆر سوپاستان دەکەم و بەخێرهاتن، خۆشحاڵ بووم، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، سوپاسی هەستی بەرزتان دەکەم، کە ئەو هەستەتان هەیە بەرانبەر بە ئەدەبی منداڵان و شیعری کوردی.
پڕۆفایل مەدحەت بێخەو
– ناوی تەواوی مەدحەت خدر عەبدوڵڵا.
– ساڵی١٩٣٤لە قەزای مەخمور لە دایک بووە.
– ماوەیەک لە مەخمور ژیاوە و دواتر چوونەتە دیبەگە.
– تەمەنی منداڵیی لە دیبەگە بەسەربردووە.
– دواتر لە هەولێر نیشتەجێ دەبێت.
– ساڵی١٩٤١چووەتە بەر خوێندن.
– سەرەتایی لە قوتابخانەی (ئەربیل ئولا)خوێندووە.
– پۆلی شەشەمی سەرەتایی لە (دیبەگە)تەواو کردووە.
– ناوەندیی لە شاری هەولێر تەواو كردووە.
– ساڵی١٩٥٣ شیعری نووسیوە.
– چەندین جار دەستگیر كراوە.
– ساڵی ١٩٥٦ چووە شەقڵاوە و ماوەیەک لەوێ بوو.
– ساڵی ١٩٥٨وەک فەرمانبەری تەندروستی دامەزراوە.
– ماوەیەک لە شاری کۆیە فەرمانبەر بووە.
– ساڵی ١٩٦١گەڕاوەتەوە شاری هەولێر.
– ساڵی ١٩٦١سرودی(پێشمەرگە)ی نووسیوە.
– ساڵی ١٩٦٤ژیانی هاوسەرگیریی پێكهێناوە.
– ساڵی١٩٨٧خانەنشین بووە.
– ماوەی(٣) ساڵ ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام دواتر بە هۆی نەخۆشيیەوە خانەنشین کراوە.
* بەرهەمە چاپکراوەکانی:
• زەنگی كاروان، ١٩٥9
• ڕابەری ژیان، ١٩٦٨
• ورشەی ئاوات ١٩٧٣
• دار بەڕوو، ١٩٧٨
• ڕەگەكان، ١٩٨٣
• دیاری بۆ مناڵانی كوردستان، ٢٠٠٣
• کە خاک ئەدوێ، ٢٠١٣
• دیوانی بێخەو، چاپی یەکەم ٢٠١٣، چاپی دووەم ٢٠١٧
مەدحەت بێخەو بۆ خەبات دەدوێ