خەبات: هەندرێن شێرزاد:- بڕیار وایە رۆژی 8 ی تشرینی دووەمی داهاتوو هەڵبژاردنی تازەكردنەوەی نیوەیی كۆنگرێسی ئەمەریكا ئەنجام بدرێن ، كەواتە كەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ دەنگدان ، دەكرێ بپرسین : شێوازی نەخشەی هەڵبژاردن ئێستا چۆنە و ئەو ململانێ گەرموگوڕانەی لە ئارادان چۆن شێوازی هەردووك ئەنجومەنی داهاتووی كۆنگرێس دیار دەكەن و ئەو بابەتانە چین كە ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلا دەكەنەوە و بە گوێرەی شارەزایان و راپرسیەكان كێ سەركەوتن وەدەست دێنێ؟

كێ لە سەركەوتن نزیكترە؟
هاوكات لەگەڵ تەواوبوونی پشووی هاوینە لە واشنتۆن و گەڕانەوەی كۆنگرێسمانەكان بۆ سەر كار ، هەموو لایەك زیاتر جەخت دەكەنە سەر هەڵبژاردنی تازەكردنەوەی نیوەیی كە دەبێتە مایەی دیاركردنی پارسەنگی هێزەكان لە كۆنگرێس . لە لایەك كۆماریەكان هەوڵی گێڕانەوەی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران دەدەن كە 435 كورسی دەگرێتە خۆی و ئێستا دیموكراتەكان 222 كورسیان هەیە لە بەرامبەر 213 كورسی بۆ ئەوان. لە لایەكی دیكە هەردووك حزبی باڵادەست دەخوازن كۆتایی بەو 50 بە 50 یە بێنن كە لە ئەنجومەنی پیران هەیە. لەو بارەوە ، ماوەیەك لەمەوبەر چاودێرانی هەڵبژاردن لە راپۆرتی ” كۆك” ی سیاسیدا كە یەكێكە لە گرنگترین سەنتەرە بێلایەنەكانی ئەمەریكا و تایبەتە بە چاودێریكردن و پێشبینیكردنی هەڵبژاردنەكان لە ئەمەریكا ، پێشبینی ئەوەیان كرد كە كۆماریەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران 20 هەتا 30 كورسی زیاتر مسۆگەر دەكەن لە ژمارەی ئێستا ، بەڵام دواتر رێژەی ئەو پێشبینیە بۆ 10 هەتا 20 كورسی دابەزیوە . لەو پێشبینیەدا ئەوان پشتیان بەو بیرۆكەیە بەستووە كە لەم قۆناغەدا لانیكەم 213 كورسی مەیلی كۆماریەكانیان هەیە لە بەرامبەر 190 كورسی بۆ دیموكراتەكان ، هەروەها هێشتا 32 كورسی لە پێشبڕكێ دان و تارادەیەك یەكسانن ، ئەمەش مانای وایە كۆماریەكان پێویستیان بەوە هەیە لە 32 كورسیە تەنیا 5 كورسی ببەنەوە . گۆڤاری ئیكۆنۆمیستیش سەبارەت بەو بابەتە نووسیویەتی ، كۆماریەكان نزیكەی 11 كورسی زیاتر وەدەست دێنن ، بەمەش دەتوانن بە جیاوازیەكی كەم كۆنترۆلی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن ، بەڵام ئەو دەرفەتەیان نیە كە كورسیەكی تر لە ئەنجومەنی پیران مسۆگەر بكەن و پێشبینی دەكرێ دیموكراتەكان لانی كەم دوای وەدەستهێنانی كورسیەكی دیكە كۆنترۆلی ئەنجومەنی پیران بكەن.

رێسایەكی مێژوویی
– بە درێژایی مێژوو لە سیاسەتی ئەمەریكا باو بووە ، پارتی ئەو سەرۆكەی لە كۆشكی سپی بووە ، لە زۆربەی حالەتەكاندا لە هەڵبژاردنی نوێكردنەوەی نیوەیی كۆنگرێسدا كۆنترۆلی ئەنجومەنی نوێنەرانی لەدەست داوە.
– لەو چل هەڵبژاردنەی كە لە ساڵی 1862 ەوە ئەنجام دراوە ، پارتی سەرۆك 36 جار كورسیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی لەدەست داوە .
– لە كۆتایی جەنگی دووەمی جیهان و سەرۆكایەتی هاری ترومانەوە ، پارتی سەرۆك لە ماوەی یەكەم هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێسدا 29 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان لەدەست داوە.
– لە كۆی 13 جار تەنیا یەك جار پارتی سەرۆك لە یەكەم هەڵبژاردنی نیوەییدا سەرنەكەوتووە ، ئەو كاتە ساڵی 2002 بوو لە سەردەمی جۆرج دەبلیو بوش و كۆماریەكان بە زۆرینەیەكی كەم ” 8 كورسی” لە ئەنجومەنی نوێنەران بردیانەوە.
– لە سەردەمی سەرۆك ترومانەوە لە كۆی 13 سەرۆك تەنیا 7 سەرۆك بە رێژەی پشتگیری كەمتر لە 50% بەشداریان لە هەڵبژاردنی نیوەییدا كردووە.

لەبەرچی ئەم جیاوازیە؟
مەرج نیە ئەو رێسایە ئەنجومەنی پیران بگرێتەوە، رابردووی هەڵبژاردنەكان ئەوە پیشان دەدت كە هەندێك جار پارتی سەرۆك لە یەكەم هەڵبژاردنی نیوەییدا كورسیەكانی ئەنجومەنی پیران وەدەست دێنێ، بۆ نموونە، لە 5 هەڵبژاردنی هاوشێوەدا پارتی سەرۆك كۆنترۆلی زۆرینەی كورسیەكانی ئەنجومەنی پیرانی كردووە، دوایین جار ساڵی 2018 روویدا كاتێك لە ماوەی ساڵی دووەمی سەرۆكایەتی دۆنالد ترامپدا كۆماریەكان 52 كورسی ئەو ئەنجومەنەیان وەدەست هێنا و بوون بە زۆرینە، لە راستیدا جیاوازی نێوان هەردووك ئەنجومەن بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە سێ یەكی كورسیەكانی ئەنجومەنی پیران بە تەنیا هەموو دوو ساڵ جارێك دەخرێنە نێو هەڵبژاردن، ئینجا ئەگەر هەڵبژاردن نیوەیی بێ یان هەڵبژاردنی گشتی، بۆیە لەوانەیە ئەو تێكەڵەیە لە كورسیەكان لە بەرژەوەندی پارتی سەرۆك بێ لە ئەنجومەنی پیران، ئەویش بە گوێرەی رێژەی بەشداربوونی ئەندامانی ئەنجومەن، بۆ نموونە، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا 21 سیناتۆری كۆماری بەرگری لە كورسیەكانیان دەكەن لە ئەنجومەنی ناوبراو، هەروەها 14 سیناتۆری دیموكرات هەمان كار دەكەن، بۆیە ئەگەری لەدەستدانی كورسی لەلایەن كۆماریەكان زیاترە لە دیموكراتەكان، بەڵام لە ئەنجومەنی نوێنەران هەموو 435 كورسیەكە دەخرێنە ناو هەڵبژاردن و دەرفەتی روودانی گۆڕانكاری زیاتر دەبێ، بە تایبەتی كاتێك ژمارەیەك نوێنەر بڕیار دەدەن جارێكی دیكە خۆیان كاندید نەكەنەوە، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا 38 نوێنەری سەر بە دیموكراتەكان و 27 نوێنەری سەر بە كۆماریەكان نیازیان نیە خۆیان كاندید بكەنەوە، بەمەش دوور نیە 15 كورسی دیموكراتەكان ببن بە پشكی كۆماریەكان.

راپرسیەكان
تا ئێستا پێشبینیەكان یەكلایان نەكردۆتەوە ئاخۆ هیچ یەكێك لە دوو ئەنجومەنەكە بۆ كام پارت یەكلا دەبێتەوە ، بە گوێرەی راپرسیەكی رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال ، دۆخی دیموكراتەكان لە سەرەتای ساڵ باشترە و ئەوان پشت بە شێوازی كاری سەرۆك بایدن و زیادبوونی حەماسەتی دەنگدان لەنێو لایەنگرانی مافی لەباربردنی منداڵ و بەرزبوونەوەی ژمارەی لایەنگران لەنێو دەنگدەرانی بێلایەن دەبەستن بە تایبەتی لەنێو ئافرەتان و رەشپێست و دەنگدەرانی لاتینی. بەڵام كۆماریەكانیش دەستەوەستان نین و دەتوانن سوود لە باسكردن لە بابەتی ئابووری و بەرزبوونەوەی كەموێنەی هەڵاوسان ببینن . ئەمەش لە كاتێكدایە كە نزیكەی سێیەكی دەنگدەرانی تۆماركراو دەڵێن دۆخی ئابووری باش نیە و بەرزبوونەوەی نرخەكان ناچاری كردوون دەنگ بدەن ، هەروەها 86 % پێیان وایە گەلەكەیان بە ئاراستەیەكی هەڵەدا دەڕوات.

راپرسی دەربارەی سەرۆك
هەمیشە وا سەیری هەڵبژاردنی نیوەیی دەكرێ كە راپرسیەك بێ دەربارەی سەرۆكی ئەمەریكا . لە كاتێكیشدا 54% ی دەنگدەران بە شێوازی كاری بایدن رازی نین ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەم دواییانە بایدن كەمتر وەك بارگرانیەك بەسەر بەربژێرانی حزبەكەی دەردەكەوێ ، بۆیە بەم دواییانە رێژەی ئەوانە بۆ 45 % زیادی كرد كە لە شێوازی كاری سەرۆك رازین ، مەسەلەكەش پەیوەستە بە كۆمەڵێك هۆكار ، لەوانە كۆمەڵێك دەستكەوتی یاسایی لە كۆنگرێس و دابەزینی رێژەی هەڵاوسان و دابەزینی نرخی سووتەمەنی و لادانی بەشێك لە قەردی قوتابیانی زانكۆ . بەشێوەیەكی گشتی هەرچەندە رێژەی پشتگیری جەماوەری بایدن نزمە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێ ئەمە ببێتە مایەی توندوتۆڵكردنی دیموكراتەكان بە تایبەتی لە ئەنجومەنی پیران.

ململانێی نێوان بایدن و ترامپ
پێدەچێ رۆشنایی خستنەوە سەر دۆنالد ترامپی سەرۆكی پێشوو و پشكنینی ماڵەكەی لەلایەن ئێف بی ئای لە فلۆریدا ، جارێكی دیكە ئەوی هێنابێتەوە پێشەوەی باس و خواسەكان ،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا راپرسیەكان ئەوە دەردەخەن كە رێژەی لایەنگریی بایدن لە ترامپ زیاترە و 50 خاڵ بەرامبەر 44 خاڵە ، ئەمەش زیاتر پاش وتەكانی بایدن سەبارەت بە مەترسی بزووتنەوەی ماگا ” كورتەی دروشمی هەڵەتی راگەیاندنی ترامپ” . لەگەڵ ئەوەشدا دیموكراتەكان هەوڵ دەدەن بۆچوونەكان سەبارەت بە شێوازی كاری نیگەتیڤی ئیدارەی بایدن لە بواری ئابووری دوور بخەنەوە و تا رادەیەكیش توانیویانە ئامانجەكەیان بپێكن. بە گوێرەی راپرسیەكی رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال، دەنگدەران متمانەی زیاتریان بە دیموكراتەكان هەیە ، بەو پێیەی دەوڵەمەند و سەرمایەدار و كۆمپانیاكان پشكی خۆیان لە باج بە حكومەت دەدەن ، هەروەها ئەوان كار بۆ دابەزاندنی نرخی داوودەرمان دەكەن و سنوورێك بۆ كرینی چەك دادەنێن و پەرە بە بواری فێركردن دەدەن، بەڵام سەبارەت بە بابەتەكانی كەمكردنەوەی رێژەی تاوان و پاراستنی سنوورەكان و چاكسازی لە سیستمی كۆچكردن باوەڕی زیاتریان بە كۆماریەكان هەیە.

لاوازیی بەربژێرانی كۆماریەكان
بەشێك لە چاودێران پێیان وایە پشتگیریكردنی ترامپ لە ژمارەیەك لە كاندیدە نزیكەكانی بۆ ئەنجومەنی پیران زیانی بە پارتی كۆماری گەیاندووە ، ئەوان لەو بارەوە دەڵێن بەربژێرەكانی سەرۆكی پێشوو خاوەنی كۆمەكێكی دارایی وایان لەلایەك خەڵكی ویلایەتەكانیان بەدەست نەگەیشتووە ، لە بەرامبەردا بەربژێرانی پارتی دیموكرات خاوەنی كۆمەكی دارایی زیاترن، ئەمەش دۆخی كۆماریەكان بەرەو ئاقارێكی ترسناك دەبات.