خەبات: سولین سلێمان:- گۆری شەری دونیا کە یێکێکە لە بەرهەمە نوێیەکەی ئەلبومی ( لێم تێناگەی) ی هونەرمەند ئاگرین دڵشاد تێدا توانی ببێتە براوەی خەڵاتی جۆن لینۆن بۆ باشترین گۆرانی جیهان کە ئێستاش بەربژێر کراوە بۆ پێشبرکێی خەڵاتی گەوەرەی لێنۆن کەلە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو رادەگەیێنرێت، دەزگای جۆن لینۆن کە بارەگاکەی لە نیویۆرکی ئەمریکایە، ئەم دەزگایە خەڵاتی ساڵانە تایبەتە بە ئامادەکردنی گۆرانی لە 12 ژانەر لەسەرانسەری جیهاندا دەبەخشێت، بۆ ساڵی 2022 خەڵاتی باشترین ئامادەکردنی گۆرانی بە گۆرانی ‘شەڕی دونیا’ بەخشی و یەکەمجارە هونەرمەندێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەم خەڵاتە وەربگرێت.
گۆرانی ‘شەڕی دونیا’ لە ملیۆدی ئاگرین دڵشادە و لە تێکستی هێمن حەمیدە و باس لە بێمانایی جەنگی مرۆڤ بەرامبەر مرۆڤ دەکات و هانی پێکەوەژیان دەدات، ئاگرین دڵشاد لەو بارەیەوە بۆ خەبات دەڵێت : گۆرانی ‘شەڕی دونیا’ لەلای ئەو بەرهەمێکی تایبەتە و هەڵقوڵاوی هەستکردنیەتی بە بەرپرسیاریەتی مرۆڤ بەرامبەر بە چەمکی پێکەوەژیان، هەروەها هەڵقوڵاوی هەموو ئەو مەینەتییانەن کە جەنگ بەسەر ئێمە و سروشت و ژینگە و هەموو مرۆڤایەتیدا هێناویەتی.
جۆن لینۆن هونەرمەندێکی بەرەگەز بەریتانی بووە و لەبواری گۆرانی و دانانی میلۆدیدا ناوبانگێکی گەورەی جیهانی هەیە و ئەندامی گروپی بەناوبانگیBeatles بوو، بۆ رێزگرتن لە بەرهەم و کارەکانی ئەو هونەرمەندە، دەزگاکە خەڵاتەکانی بەناوی ئەو کردووە، ئاگرین دڵشاد خەڵکی شاری کەرکووکە و بڕوانامەی دبلۆمی باڵا و بەکالۆریۆسە لە بواری میوزیکدا هەیە. لە 2007ـەوە دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە، لە تەمەنی 23 ساڵیدا لە پڕۆگرامێکی تەلەڤزیۆنی بۆ دۆزینەوەی بەهرەمەندانی بواری گۆرانی دادوەر بووە، ئەو هونەرمەندە زیاتر لە 100 کاری هونەری لە بوارەکانی دابەشکردنی میوزیک، نووسینی تێکست و میلۆدی هەیە، یەکەمین ئەلبوومی گۆرانییەکانی بە ناوی ‘تێناگەی’ لە 2020ـدا بڵاوکردەوە، ئەلبوومی دووەمی بە ناوی ‘رەنگار’ لە ئەیلوولی 2021 بڵاوکردەوە.