هونەرمەند دیاری قەرەداغی بەم نزیكانە “لێرە وایە” بڵاودەكاتەوە

7

خەبات: هەمزە سەرحان:- هونەرمەندی ناسراو دیاری قەرەداغی بەم نزیكانە نوێترین بەرهەمی بەناوی “لێرە وایە” بڵاودەكاتەوە، لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەك لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام هونەرمەند دیاری قەرەداغی نوێترین بەرهەمی بەناوی “لێرە وایە” ئاشكرا دەكات و دەڵێت، “ئەمەی ئێستا گوێبیستی دەبن بەرهەمێكی نوێی منە، تێكستێكی زۆر جوانی شاعیری لاو مازیار فایەقە و میلۆدییەكی جوان و پڕ بە پێستی ئەو تێكستەم داناوە و بە ئومێدم لە ئایندەیەكی نزیكدا گوێبیستی بن”.لەلایەكی دیكەوە لەبارەی تێكستی ئەو گۆرانییەوە مازیار فایەق لە ستۆری ئینستاگرامی خۆی نوسیویەتی، “لێرە وایە جوانترین، ئازیزترین، خۆشەویستترین، جیاوازترین شیعری منە، كە هونەرمەندی بەڕێز و برام كاك دیاری قەرەداغی ئاوازی داناوە و بەم زوانە گوێبیستی دەبن”.هەروەها دەڵێت، “لێرە وایە بە گرنگترین بابەتی شیعرم زانیوە كە لە گۆرانیدا بوونی هەبیت و بە شانازی و خۆشحاڵییەوە كە لە كۆتایی كارەكانیدایە و بەم زووانە گوێبیستی دەبن و ئەوكات دەزانن، كە ئەوەی وتوومە دەربارەی ئەم گۆرانییە نەك هەر زیادەڕەویم نەكردووە، بگرە رەنگە زۆر كەمیشم لەسەر وتبێت”.دیاری قەرەداغی ساڵی ١٩٦٧ لە شاری سلێمانی لەدایكبووە، گۆرانیبێژێكی دیاری كوردە، جگە لە ڤیدیۆ كلیپ و كۆنسێرت و گۆرانی تۆماركراو، لەماوەی ڕابردوودا هەشت ئەلبومی گۆرانی بڵاوكردووەتەوە بەناوەكانی (سەراب، عەشق لێرە، سەدەیەك بێ ئارامی، بێدەنگی دەشكێنم، بۆنی خاك، نیشتمانێك لە گوڵ، سەردەمێكی تر ساڵی، ڕێی باران).