سه‌ره‌تا هزرو هونه‌ر سەلام عومەر: بۆ نووسینی هەرشیعرێك یان چیرۆك یان رۆمانێك دەیان كتێب دەخوێنمەوە

سەلام عومەر: بۆ نووسینی هەرشیعرێك یان چیرۆك یان رۆمانێك دەیان كتێب دەخوێنمەوە

247

خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- سەلام عومەر كەریم لەدایكبووی ساڵی 1967ی قەڵادزێ، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دووا ناوەندی هەر لەوێ‌ تەواو كردووە، دواتر لەساڵی 1986 ماڵیان دەچێتە هەولێرو تاوەكو ئێستا هەر لەوێ‌ دەژی،وەك خۆی دەڵێت : ساڵی 1998هاوسەرگیریم كردو ئێستا خاوەنی سێ‌ منداڵم، دوو نەوەشم هەن، لە هەشتایەكان كتێبەكانی ماكسیم گۆركێ و پوشكین ئەودەستی و دەستیان پێدەكرا، من لەناو ئەم كتێبانەو شیعرەكانی پەشێو شێركۆو رەفیق سابیردا لەگەڵ شاعیرانی روانگە نقووم بووم، ئیدی دەستم دایە نووسین و یەكەم شیعرم لەساڵی 1984 لە هاوكاری بڵاو بۆوە ، دواتر چیرۆكی ماسی هەر لە هاوكاری و ئەوجار شیعری (نیگەرانی )م لەساڵی 1986لە گۆڤاری كاروان بڵاو بۆوەو بەم شیعرە ناسرام و منیش خۆم دۆزیەوە، ئیدی لەوێوە لە پەنای شیعرەوە بابەتی وەرگێڕان لە عەرەبیەوەو دواتر نووسینی چیرۆك و كۆكردنەوەی فۆلكلۆرو ئەوجار بابەتی سیاسی وتارو رەخنە، ئەو بابەت گەلانە بوون خۆم تێدا تاقیكردەوە بەڵام دواجار چیرۆك و شیعر و رۆمان كۆڵیان لەمن نەداو تاوەكو هەنووكە خەریكی نووسینم لەم دوو بوارەدا، بۆیە ئێستا نۆ كتێبی چاپكراوم هەیە، لە شیعر و كورتە چیرۆك و رۆمان، هەروا سێ‌ كتێبی دیشم ئامادەن رۆمانێك و دیوانێك و 11 چیرۆك.

*سەرەتا بەشیعر دەستت پێكرد ئێستاش چیرۆك و ڕۆمان، ئەوە بۆچی؟
هەموومان بەشیعردا تێپەڕین، سیاسیەكان و رۆشنبیر و قوتابیان، تەنانەت لایلایەی دایك و گوتە نەستەقەكان، ئەوەندەنا ئەفسانەو داستانەكانیش هەر بەشیعر دەنووسران، دروشمی پارتەكان و پەندو ئامۆژگاریەكانیش، ئێمەش بەوێدا هاتین و لە هێلانەی ئەدەبدا گیرساینەوە.
هەستمكرد جگە لە شیعر توانای نووسینی چیرۆكم هەیە، بۆیە لەم بوارەدا چەندین ساڵ كارم كرد و دەیان چیرۆكم بڵاوكردەوە، تا گەیشتمە رۆمان، ئێستا لەو سێ‌ بوارەدا خۆم و دەوروبەرو رابردوو دەهاوێمە نێو خەیاڵەوەو ئەگەر زانیم پێی وێراوم بڵاویان دەكەمەوە.

*پێناسەت بۆ شیعرو چیرۆك، شیعریش لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
شیعر كەوتۆتە ئەودیوی پێناسەكان، كەمن ئەوانەی پێی دەوێرن و زۆرن ئەوانەی شەڕی پێدەفرۆشن، شیعر وەك تاوە بارانە ئەوكاتەی دێ‌ دەبێ‌ بۆی بچی، وەلێ‌ دەبێت هەڵگری وشەگەلێك بی و خۆبدەیە بەر ئەو تاوە بارانە، دواتر تەكنیك رۆڵی خۆی دەبێت، ئیدیۆم دەبێت بزانی چۆن تەڕ دەكەی، چیرۆك ئاوێنەی ژیانە دەكەوێتە نێو تۆڕی خەیاڵەوە، هەردووكیان بەیەكەوە بیرەوەریەكان و خەیاڵ چیرۆكی سەركەوتوو درووست دەكەن، شیعر منی گەیاندە ئێرە لەنێو خوێنمدا دێت و دەچێ‌، زۆر جارانیش چیرۆك و رۆمان خۆیان دێن و منیش پێشوازیان لێدەكەم.

*ئێستای شیعری كوردی چۆن دەبینی؟
كەمن ئەوانەی پێی دەوێرن و زۆرن ئەوانەی شەڕی پێدەفرۆشن.

*شیعرت بۆ ژن نووسیوە؟
عیشق بردمییە نێو كۆكردنەوەی شیعر تا لەنێو شیعر و وشەدا نقوم بووم، دواتر ژنێك كە هاوسەرمە باشترین هاوكارم بوو، بۆیە توانیم دیوانێك بەناوی ژن كەم، هەروەك شیعری(گەردن ئازایی) بووە چاڵنج و دەیان شیعری لەسەر ژن بەدوادا هات بەبەرێزیشتەوە، هەروا لە كۆكردنەوەی شیعری نیشتمانیدا عاشقی خاك بووم هەر ئەو خاكە فێرە خۆشەویستی كردم.

*ئامانجت چییە لە نووسیندا ؟ نووسینی شیعرو دواتر چیرۆك ڕۆمان هۆكاربوو یان ئامانج؟
كاتێك بەتەنیا بوارێك لە نووسندا تێر نابی، كاتێك ناتەوێ‌ باری شیعر زۆر گران كەی و چامە یان بەیتی پێبنووسی، ئەوكات ناچاری رابردووت بخەیە نێو حیوارەكانەوەو بەزمانی شیعر یان گێڕانەوە رابردووت، روداوەكان لە شوێنێكی دی بەتاڵی كەیەوە، شیعر منی بە وشە پڕچەك كرد، چیرۆك روداوەكانی پێ‌ خستمە نێو خەیاڵەوەو رۆمان ئەزموونی زیاتری دامێ‌.

*ئاشنایەتیت لەگەڵ كتێب و خوێندنەوە دا؟
بۆ نووسینی هەر چیرۆك یان رۆمانێك دەیان كتێب دەخوێنمەوە، وشە جوانەكان وەردەگرم و تەكنیكەكانیش بەراورد دەكەم، وەلێ‌ هەمیشە هەوڵمداوە یاساكان بشكێنم و تەكنیكی نوێ‌ بخەمە نێو رۆمانەوە، هەروەك ئەوەی لە رۆمانی(جن بۆخۆیم دەبا و خاك لەنێو دەریادا) كردم.

*بوونی پەیج و ئەكاونتی فەیسبوك و سایتە ئەلەكتڕۆنیەكان نەبوونە ڕێگر لەبەردەم گەورەیی و جوانیی نووسین و هاوكات پیرۆزیی و گرنگی كتێب و خوێندنەوە؟
بە كۆمپیوتەر دەنووسم، وەلێ‌ خۆزگە هەر قەڵەم و كاغەز هەبان، بۆنی پەندانی پاركەر و جاف و كاغەز هێشتا لە بیرەوەریمدان، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاریگەری خۆیان هەیە، بەڵام هێشتا نوخبەی خوێنەر هەیە، بەرهەمی جوانیش خۆی خۆی دەسەپێنێ‌، ئەو مۆبایلە نەك تەنیا كۆمەڵگای ئاڵۆز كردووە رەحمیشی نەهێشت، لاوەكانیشی بۆخۆی برد.

*كێ هاوكارو هاندەرت بووە لە دەسپێكی نووسیندا؟
خوێندنەوە، عیشقن، شیعر.

– بەرهەمە چاپكراوەكانت؟
1- چراكان ناكوژێنەوە……….شیعر
2- ناڵەی چیا پەنایەك بۆ تاشەكان………..كۆمەڵە چیرۆك
3- دڵۆپە…….تایبەت بە لاوان
4- سمەجاویدان…….كۆمەڵە چیرۆك
5- جن بۆ خۆیم دەبا…….رۆمان
6- هێلانەیەك لە پەشمەك …….شیعر
7- لەقینی بەردەكان……..رۆمان
8- خاك لەنێو دەریا….رۆمان
9- بۆنی مێخەك…. كۆمەڵەچیرۆك..
أ‌- رۆمانی (چارەنووس) ئامادەیە بۆ چاپ
ب‌- دیوانی(دەڕژێمە منداڵیمەوە) ئامادەیە بۆ چاپ
ج- شیعرە وەرگێڕاوەكان بۆ عەرەبی ئامادەیە بۆ چاپ.

*پیرۆزیی خاكی نیشتیمان و پێشمەرگەو گەورەیی شەهیدان لە كوێی
شیعرو چیرۆكەكانی تۆدان؟
لەباوەشی نیشتماندا گاگۆڵەم كرد، لەسەر خاك دارە دارە، لەشاری شەهیدان چاوم كرایەوە و چەكیشم هەر بۆ ئەوان لەشان كرد و دواتریش خۆم و تەواوی بەرهەمەكانم هەر لە خزمەتی نیشتماندایە.

*ڕەنگدانەوەو كاریگەریی مەرگی ئازیزان و كۆچی گەنجان و جێهێشتنی نیشتیمان لەشیعرو چیرۆكەكانتدا؟
رۆمانی خاك لەنێو دەریا كاریگەری كۆچی گەنجان پێی نووسیم، مەرگی ئازیزان لەگەڵ فرمێسكدا وشەی پێ‌ هەڵڕشتم، دوور كەوتنەوەش لەنیشتمان، خاكی لا خۆشەویستر كردم.

*ڕات چییە لەگەڵ ئەو زۆرو بۆریەی شیعر؟
شیعری جوان خۆی جێی خۆی دەكاتەوە، لەشەقەی باڵ دەداو ئەودەستی و دەستی پێدەكرێ‌، ئەوانی دی بەمردوویی لەدایك دەبن، تەمەنیان نییە و زوو بە خاوەنەكەیەوە بزر دەبن.

*بەڕای تۆ ڕەخنەگری باش و لێكۆڵەری باشمان لە مەیدانەكەدا هەیە؟
پێشتر لە هەشتاكان هەبوو، ئێستا كەمترن لە پەنجەكانی دەستێك، ئەگەر هەبا ئەو زۆری و بۆریە كۆتایی دەهات.

*هیچ داهێنانێك لە شیعرو ئەدەبی كوردیدا دەبینی؟
بەڵێ‌ شیعر و رۆمان و چیرۆكی وامان هەن باڵاترن لەو تێكستانەی ناوبانگی جیهانیان هەیە، وەرینگێڕاوەو ئێمە دەیانخوێنینەوە، رۆژانە بابەت و كتێبی نووسەرەكانی خۆمان دەخوێنمەوە و بە بەراورد لەگەڵ بیانیەكان لە ئاستێكی باڵادان، بۆیە داهێنان هەیەو بەردەوامیشە.

*بەڕای بەڕێزتان سانسۆر لە مۆڵەتی چاپی كتێبدا هەبێ یان نەبێت، بۆچی؟
سانسۆر نا وەلێ‌ فلتەرێك هەبێ‌ باشە، ئێستا وای لێهاتووە هەر عەشیرەتەو بەكەیفی خۆی كتێب دەنووسێ‌، كتێب وەك جل بەرستەوە دەكرێ‌ و ئەوەی بیەوێ‌ دەتوانێ‌ پارە بدا و كتێب بەناوی خۆیەوە دەركا، بەناوی ئەوی دیەوە بنووسێ‌، بۆیە زۆری و بۆری جوانیەكانی شاردۆتەوە، ئەگەر فلتەر هەبا كتێب بەبەهاتر دەبوو، بەڵام فلتەرێكی سیاسی نا، فلتەرێك بۆ هەڵسەنگاندن و ئاست، برادەرایەتی و حزبایەتی و كەسایەتی لەوێ‌ نەبن، لیژنەیەك بەدڵسۆزیەوە بەرهەمەكان لە بێژینگ بدا.

*ڕات چیە لەگەڵ قەڵەمی ئەدەبیی ژنان و قەڵەمی ئەدەبیی پیاوان؟
هەردووكیان دەكەونە نێویەك سەرچاوەوە ئەویش ئەدەبە، كەواتە هەر بابەتێكی ئەدەبی داهێنانی تێدابێ‌، چێژ بدا جێگەی دەستخۆشیەو جیاوازیەك نابینم.

*وەك لەڕووداوی ڕۆمانەكانتدا دەردەكەوێ (هەڵوێستی نەتەوەیی وكوردبوون و یاخیبوون پێشمەرگایەتی) پاڵەوانی نیشتیمانی چیرۆكەكانتە ؟
ئەوە لەنێو شیعرەكانیشمدا رەنگی داوەتەوە، سەرەتا بەشیعری نیشتمانی گۆش كراین و دواتر داستانەكانی پێشمەرگایەتی، هەڵبەت ئەوەش رەنگدانەوەی دەبێت لەنێو كایەی ژیاندا، هەروەك ئەو هێڵە نیشتمانیەی لەنێو ئێمەدا هەیە، لەنێو تەواوی بەرهەمەكانمدا ئەوە رەنگی داوەتەوە، پەنجەم خستۆتە سەر برینەكان و هەوڵمداوە لەهەر شوێنێك پێویست بێت لەرێگەی ئەدەبەوە بە ئەدەبیشەوە رەخنەی خۆم هەبێ‌، چونكە نیشتمان لە هەموومان گەورەترە، هەموومان دەڕۆین و نیشتمان دەمێنێتەوە، كاراكتەری كارا لەسەر شانۆی نیشتمان دەبێت بێلایەنانە بیر بكاتەوە، ئایدیۆلۆژیا و دین رێرەوە راستەكەی پێنەگۆڕێ‌، من كە بەئایدیۆلۆژیایەكی چەپ گۆش بووم هەمیشە هەوڵی گۆڕانم داوە، پێموابووە هەموو بیرە كۆنەكان پێویستیان بەنوێبوونەوە هەیە، وەك چۆن شیعر و رۆمان و چیرۆك و بابەتەكانی دی بەچەندین قۆناغدا تێپەڕین ئاواش ئایدیۆلۆژیا و دین پێویستی بەنوێبوونەوە هەیە، ئاخر بنێشتێك كەزۆرت جوی تامی نامێنێ‌ دەبێت بیگۆڕی تا تامێكی دی و رەنگێكی دی بدا، ئەگەرنا وەك كاوێژی لێدێ‌، نابێت نووسەر بترسێ‌ دەبێت هەموو رەخنەكان لەرێگەی ئەدەبەوە بگەیەنیە شوێنی خۆی، جا ئەمشوێنە ئەگەر سەرچاوەی ژیانیشت بێ‌، لەپێناویدا دەیان ساڵی تەمەنت بۆ تەرخان كردبێ‌، لە هەر شوێنێك خستیانییە نێو چوارچێوەو دەبێت هەوڵی دەرچوون بدەی.

*ڕۆڵی زمان لە ژانرەكانی ئەدەبدا؟
زمانی كوردی چەند شێوەزارێكی سەرەكیی هەیە كە جیاوازیی زۆریان هەیە و زمانناسەكان لە سەر چۆنییەتی جیاكردنەوەی ئەم شێوەزارانە یەكدەنگ نین و زۆرێك لە زمانناسەكان باوەڕییان بە ماڵباتی زمانگەلی كوردی هەیە. یانی كورمانجیی باكووری و گۆرانی، بەپێی یاسا و ڕێسای زمانناسی و زمانەوانییەوە، دوو زمانی سەربەخۆی كوردین، نەك دوو شێوەزار. بەڵام زۆربەی ئەو كەسانەی زمانی كوردییان دابەش كردووە، بەم چوار دەستەیە بووە.
كوردیی باكووری
كوردیی ناوەندی
كوردیی باشووری
گۆرانی- زازایی
هەندێك لە زمانناسان، لوڕیش وەك شێوەزارێكی زمانی كوردی پۆلبەند دەكەن. ئەگەرچی لوڕی ژمارەیەكی زۆری وشەی كوردی تێدایە، بەڵام هێشتاش لێكۆلینەوەیەكی ئەوتۆ لە سەر لوڕی بەردەست نییە.
زمان سەرچاوەی سەرەكی ئەدەبە، دەوڵەمەندی لەم بوارەدا چێژ دەداتە نووسین، ئەگەرچی ئێمە زمانێكی یەكگرتوومان نییە وەلێ‌ زمانی كوردی لە دەوڵەمەند دەوڵەمەند ترە، لەهەر وشەیەك عاسێ‌ بی بە زاراوەیەكی دی دەستت دەكەوێ‌، ئەوە پێمان دەڵێ‌ زمانی ئێمە ئەگەر بە درووستی بەكاری بێنین ژانرەكان باڵاتر دەبن.

*مێژووی چیرۆكی كوردی بۆ چ سەردەمێك دەگەڕێتەوە ، ئایا هونەری گێڕانەوەو گەڕانەوە بۆ ڕابردوو چ هێزو كاریگەرییەك دەداتە چیرۆك و ڕۆمان؟
لێكۆڵینەوەكان ئەوەمان پێ دەڵێن كە بەشێك لەو چیرۆكانەی لە بیستەكان نووسراون ساڵانێك پاش نووسینیان دەرفەتی بڵاوبوونەویان بە شێوازی كتێب بۆ ڕەخساوە و بۆ هەندێكیان هیچ كات ئەم دەرفەتەش نەرەخسا، هەر بۆیەش سەرنجی توێژەرانیان ڕانەكێشا و باسییان لێوە ناكەن. لە یەكەم بەرهەمەكانی ئەم قۆناغە، چیرۆكی درێژی (لە خەوما)(١٩٢٥)- جەمیل سائیب و ڕۆمانی (مەسەلەی ویژدان)(٢٨-١٩٢٧)-ئەحمەد موختار جاف بەشێوەی ئەڵقە و بەش بەش لە گۆڤارەكانی سەردەمی خۆیان بڵاوبوونەوە و تا دەیەی هەفتای زایینی دەرفەتی بەكتێب بوونیان بۆ جێبەجێ نەكراوە. هەروەها لەم دەستەیەدا ئەتوانین ئاماژە بەو شەش ڕۆمانە بكەین كە لە یەكەمین خولی خەڵاتی (یەكیەتی نووسەرانی كورد)(١٩٧١) ئاراستەی بەشی كێبەركێ كران و تەنیا بۆ دوو بەرهەم (ئاگری بن كا، نووسینی سەعید ناكام و، ڕێگا نووسینی محەمەد مەولوود مەم)-ئەویش ساڵانێك دووا نووسین – دەرفەتی بڵاوبوونەوەیان بۆ سازبوو، بەڵام چوار دانەكەی‌تر تا ئەو جێگەی ئاگادار بین هیچ وەخت چاپ نەكران و تەنیا ناویان لە گۆڤاری یەكیەتی نووسران هاتوە.
وەلێ‌ ئەگەر بگەڕێنەوە نێو فۆلكلۆر و ئەوداستان و بەیتانەی دەماودەم گێڕدراونەوە ئەوە چیرۆكی كوردی مێژووەكەی زۆر زیاترە لەو تۆمارەی خراوەتە بەردەست، چیرۆكەكانی بەر ئاگردان و ئەوانەی لە باوانەوە بۆ رۆڵەكانیان جێماوە، داهێنانی راستەقینەن و بەڵام مێژوو لە سەردەمی خۆی تۆماری نەكردوون، ئەوە جگە لەو هاوبەشیەی لەنێوان ئەدەب و فۆلكلۆرە جیهانیەكان هەیە، كە بەشێكی بەر زمانی ئێمەو مێژووی ئێمە دەكەوێ‌.
كۆندێرای رۆمان نززس دەڵێ‌: هەر چیرۆك یان رۆمان نووسێك تەنیا پشت بەخەیاڵ ببەستێ‌ و رابردووی خۆی لەبیركا بەرهەمێكی كرچ و كاڵ دەردەچێ‌، بۆیە رابردووی هەرنووسەرێك لەنێو تەواوی چیرۆك و رۆمانەكاندا رەنگدانەوەی هەیە، بە ئەدەبی جیهانی و خۆماڵیشەوە، وەلێ‌ گرنگە چۆن دەتوانی تێكەڵی خەیاڵ و فەنتازیای نووسینی كەی.

*جیاوازی نێوان شیعروچیرۆك؟
هەریەكەو تامی خۆی هەیە، لە شیعردا وێنەكان بەزەحمەت خۆ بەدەستەوە دەدەن و بە پوختی دەچنە بەردەستی خوێنەر، لە چیرۆكدا فەزایەكی فراوانتر لەبەردەستەو خوێنەر كێشدەكات تا كۆتایی روداوەكە ببینێ‌، لە هەردووكیان زمانێكی هاوبەش هەیە كە نووسەری خاوەن ئەزموون دەتوانێ‌ خوێنەر تێر كا.

*پڕۆژەو بەرنامەی داهاتووت؟
أ‌-رۆمانی (چارەنووس) ئامادەیە بۆ چاپ
ب‌- دیوانی(دەڕژێمە منداڵیمەوە) ئامادەیە بۆ چاپ
ج- شیعرە وەرگێڕاوەكان بۆ عەرەبی ئامادەیە بۆ چاپ
د-(بۆنی مێخەك) 11 كورتە چیرۆك

*پێناسەیەكی كورت بۆ هەریەك لەوانە:
قەڵادزێ: شوێنی لە دایك بوونمە، سەرچاوەی ئیلهام و سروشتێك هەمیشە بۆی دەگەڕێمەوە.
ژن: هەموو ژیانە
پێشمەرگە: وڵاتپارێزە
هەولێر: دەریایەكی مەند، شوێنی لێقەوماوان و خاوەن پێگەیەكی گرنگی نیشتمانەكەمانە
كتێب: تەنیا گۆشت و ئێسقان بووم، كتێب درووستی كردم، تۆ و دەیان كەسی جوانی پێناساندم، زۆر زۆرم خۆش دەوێ‌.
پیریی: وەرینی رابردوومانە
ڕەفیق سابیر: شاعیری چەوساوەكان بوو
ئەحمەد شێواو: پێشەنگی خۆپیشاندانەكان و شاعیرێكی ناودار
سەلام عومەر: نایناسم، بۆ خوێنەری ئەم دیدارەی جێدەهێڵم
خاك لەناو دەریا: باشتر منی ناساند، رۆمانێك بەتەكنیكێكی نوێوە و هەندێ‌ كۆت و بەندی تێكشكاند، ئەوەم لەو نووسینانەدا دی كە لەسەری نووسرا.
ئازادی: هەموو مرۆیەك دەبێت هەوڵی بۆ بدا.
كورد: بەتەنیایە، لە سەردەمی میر نشینەكانەوە تا هەوكە یەكگرتوو نەبووەن حەیف و مەخابن.
ژیان و مردن: ژیان شانۆیە، مردن پەردە.