خوێندنه‌وه‌یه‌کی کورت بۆ کتێبه‌که‌ی سه‌رۆک بارزانی

19

سیامند سێلکی
له‌ئاست ئه‌و هه‌موو زۆلم و ناحه‌قیه‌ مه‌زنانه‌ی که‌ هه‌ندێ لایه‌ن به‌رامبه‌ر پارتی کردویانه‌و ده‌یکه‌ن. پارتی هه‌میشه‌ له‌سونگه‌ی خه‌مخوری و په‌رۆشیه‌وه‌ بۆ ئاینده‌ی کورد ، به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو زۆلم و ناحه‌قیانه‌ی باز داوه‌و ، هه‌ولیداوه‌ له‌ڕێگای قوربانیدان به‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی و به‌خشینی ئیمتیازات به‌خه‌لکی دیکه‌ ، نێومالی کورد ڕێک بخاته‌وه‌ .زۆر جار ئه‌م نه‌رمی نواندن و به‌خشینه‌ی پارتی به‌ڕاده‌یه‌ک بووه‌ بووته‌ جێی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگره‌کانی و ئه‌و پرسیاره‌یان لا دروست بووه‌ که‌ بۆ حزبه‌که‌یان (پارتی) بۆ ڕازیکردنی خه‌لکی دیکه‌ ئه‌و هه‌موو ته‌نازۆله‌ ده‌کات و ده‌ست له‌مافه‌کانی هه‌لده‌گرێت ؟!

تا پێش خوێندنه‌وه‌ی (کتێبی بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کورد) به‌رگی پێنجه‌م له‌نوسینی سه‌رۆک بارزانی دا به‌نده‌ش یه‌کێک بوم له‌وانه‌ی که‌ له‌و باره‌وه‌ له‌سیاسه‌تی حزبه‌که‌م ناڕازی بوم و پێم وابوو به‌رامبه‌ر هه‌ر زۆلم و ناحه‌قیه‌ک که‌ به‌رامبه‌ری ده‌کرێت ، پێویسته‌ پارتیش کاردانه‌وه‌ی تووند بنوێنێت و چیتر ده‌ست له‌مافه‌کانی هه‌لنه‌گرێت. هه‌لبه‌ت ئه‌مه‌ له‌سونگه‌ی خه‌مخوری و په‌رۆشیمانه‌وه‌ بووه‌ بۆ حزبه‌که‌مان و پێمان وابوو به‌و ته‌نازۆل و نه‌رمی نواندنه‌ غه‌در له‌خۆی وه‌ جه‌ماوه‌ره‌که‌ی ده‌کات ، دیسان هه‌ستیشمان به‌و ڕاستیه‌ نه‌کرد بوو که‌ حزبه‌که‌مان له‌ژێر ڕۆشنایی سیاسه‌تی حه‌کیمانه‌ی سه‌رۆک بارزانیدا قوربانی بۆ ئامانجێک ده‌دات که‌ زۆر له‌به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حزبی به‌رزترو پیرۆزتره‌.

دوای خوێندنه‌وه‌ی به‌رگی پێنجه‌می کتێبه‌که‌ی سه‌رۆک بارزانی وه‌کو تاکێک بیرکردنه‌وه‌که‌م له‌و باره‌وه‌ ته‌واو گۆڕاو گه‌یشتمه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که‌ئه‌وه‌ی حزبه‌که‌مان به‌رامبه‌ر ڕکابه‌رو دژبه‌ره‌کانی ده‌کات ته‌نازۆل نیه‌ ، به‌لکو پیاده‌ کردنی سیاسه‌تێکی حه‌کیمانه‌یه‌ که‌ لێوانلێوه‌ له‌حکمه‌ت و دووربینی و هه‌ستکردن به‌به‌رپرسیارێتی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی . دیاره‌ ده‌ستگرتن به‌و سیاسه‌ته‌وه ، جگه‌ له‌وه‌ی پابه‌ند بوونه‌ به‌و بنه‌ما سه‌ره‌کیانه‌ی که‌ رێبازی بارزانی نه‌مر له‌سه‌ری ئاڤا کراوه‌ ، ده‌رئه‌نجامی ئه‌زمۆنێکی ده‌وله‌مه‌ند و پڕ به‌هایه‌ له‌ڕووداوو به‌سه‌رهاته‌ مێژویه‌کانی نێو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کوردو ، سه‌رۆک بارزانی له‌کتێبه‌که‌یدا له‌سه‌ریان وه‌ستاوه‌و به‌درێژی باسی لێوه‌کردوون .هه‌لبه‌ت تا ئه‌و کتێبه‌ نه‌خوێنینه‌وه‌و به‌وردی نه‌چینه‌ ناو ڕووداوه‌کانی نێو کتێبه‌که‌و هه‌لسه‌نگاندنێکی زانستی و لوژیکیانه‌یان بۆ نه‌که‌ین ، ئه‌سته‌مه‌ بتوانین هه‌ست به‌و راستیه‌ی سه‌ره‌وه‌ بکه‌ین . به‌هه‌مان شێوه‌ ناتوانین به‌هاو قیمه‌تی یه‌کبوون و کۆ ده‌نگی کورد بزانین ، ناتوانین هه‌ست به‌و هێزو ئیراده‌ مه‌زنه‌ش بکه‌ین که‌ هه‌میشه‌ له‌یه‌کگرتن و کوده‌نگی کورددا به‌رجه‌سته‌ بووه‌و ، بووته‌ فاکته‌رێکی به‌هێزو کاریگه‌ر بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ بردنی کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان . بێ گومان ئه‌و ڕووداوانه‌ی جه‌نابی سه‌رۆک له‌کتێبه‌که‌دا به‌ئه‌مانه‌ت و ڕاستگۆیی و به‌لگه‌و دیکومێنته‌وه‌ ده‌خاته‌ پێش چاوی نه‌وه‌ی ئێستاو داهاتووی کوردو باسیان لێوه‌ ده‌کات ، گه‌نجینه‌یه‌کی مه‌زن و پڕ به‌هایه‌و ده‌توانین بۆ ئێستاو داهاتووی نه‌ته‌وه‌که‌م ئه‌زمۆن و وانه‌یان لێوه‌رگرین و دوا ڕۆژی خومان وه‌کو کورد له‌سه‌ری بنیات بنێین. سه‌رۆک به‌و دونیابینیه‌ له‌کتێبه‌که‌یدا پێمان ده‌لێ و به‌به‌لگه‌ بومان ڕوونی ده‌کاته‌وه‌و ده‌سه‌لمێنێ که‌ هه‌ر کاتێک کورد یه‌کگرتوو بووبێت ، دۆست و دۆژمن حسابێکی تایبه‌تیان بۆ کردووه‌ .دۆست به‌ ڕێزو پێزانینه‌وه‌ مامه‌له‌و سه‌رده‌ریان له‌گه‌ل کێشه‌که‌یدا کردووه‌و پشتیوانیان بۆ ده‌ربڕیوه‌و ، له‌سه‌ر ئه‌رزی واقعیش ئه‌و هه‌لۆێسته‌یان پراکتیزه‌ کردووه‌ . دۆژمن و ناحه‌زیش ناچار بوون له‌به‌رده‌م ئه‌و سه‌نگ و قورسایه‌ی که‌ کورد له‌یه‌کگرتندا به‌ده‌ستی هێناوه‌ حسابی بۆ بکه‌ن . به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌رکاتێک کورد له‌ناو خۆی خویدا یه‌کگرتوو نه‌بووبێت دۆسته‌کانمان لێمان دوور که‌توونه‌ته‌وه‌و پێیان وابووه‌ کورد شایانی ئه‌وه‌نیه‌ خۆیانی پێوه‌ ماندوو بکه‌ن . دۆژمن و ناحه‌زیش به‌لۆتبه‌رزی و بێ منه‌تی سه‌ره‌ده‌ریان له‌گه‌لدا کردووه‌.

دیاره‌ به‌حوکمی ئه‌وه‌ی که‌ جه‌نابی سه‌رۆک وه‌کو ڕابه‌رێکی خه‌مخورو په‌رۆش بۆ ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی که‌ له‌ناو ڕووداوه‌کاندا بووه‌ زۆر به‌باشی هه‌ستی به‌و ڕاستیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی کردووه‌، بویه‌ هه‌موو کورد پشت ڕاست و دلنیایه‌ له‌وه‌ی بۆ ڕێگری کردن له‌کوشتنی کورد به‌ده‌ستی کوردو یه‌کخستنه‌وه‌ی نێومالی کوردو پاراستن و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بردنی ده‌سکه‌وته‌کانی و مسوگه‌رکردنی ئاینده‌یه‌کی گه‌ش بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان ، له‌داهاتووشدا زۆلم و ناحه‌قیه‌کان چه‌ند گه‌وره‌و ئازار به‌خشیش بن ، پارتی و سه‌رۆک بارزانی قودره‌ت و توانای دان به‌خۆدا گرتنیان هه‌یه‌و ، له‌هیچ قوربانیدانێکیش سل ناکه‌نه‌وه‌و ئاماده‌ن بۆ هه‌موو قوربانیدان و فیداکاریه‌ک.