سانچۆ: متمانەم هەیە بۆ مۆندیال بانگهێشت بكرێم

6

خه‌بات: ڕەمزی میرەكانی:- جادۆن سانچۆ، یاریزانی یانەی مانچستەر یونایتد، هێشتا متمانەی بەوە هەیە، شوێنێكی لە پێكهاتەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە مۆندیالیدا هەبێت، هەرچەندە ناویشی لە لیستی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بۆ یارییەكانی خولی نەتەوەكانی ئەورووپا بەرانبەر ئیتاڵیا و ئەڵمانیادا نییە. ئەو دوو یارییەی هەڵبژاردەی (سێ شێرەكە) بە دوایین تاقی كردنەوە بۆ دەست نیشانی كردنی ئەو یاریزانانە دادەنرێت، كە بەشداریی لە مۆندیالی قەتەڕدا دەكەن.

هەرچەندە ڕاپۆتەكان باسیان لەوە دەكرد، سانچۆ ناوی لە لیستی هەڵبژاردەی ئینگلتەرادا دەبێت، كەچی ڕاهێنەر، گاریس ساوسگێت، ئەو یاریزانە تەمەن 22 ساڵییەی دوور خستەوە و بانگهێشتی نەكرد. دوای یاری مانچستەر یونایتد و شیریف تراسپۆل لە خولی یۆرۆپا لیگ پرسیار لە سانچۆ كرا، ئایا متمانەی هەیە بۆ مۆندیالی قەتەڕ بانگهێشت دەكرێت گوتی: بەڵی سەدا سەد. سانچۆ، لە میانەی لێدوانی بۆ ڕۆژنامەی (دەیلی مەیل) دا گوتی: ئەوە یەكێ لە ئامانجەكانمە، بە داخەوەم كە بۆ ئەو دوو یارییە بانگ نەكراوم، بەڵام پێویستە لەسەر كاركردن بەردەوام بم و كۆڵ نەدەم. لەلایەكی ترەوە، هەمان پرسیار لە، تین هاگ، ڕاهێنەری مان یونایتد كرا و گوتی: شتەكە هیچ پەیوەندی بە منەوە نییە، بەڵكو بە ڕاهێنەری ئینگلتەراوە پەیوەستە، من ناتوانم لەسەر كورسییەكەی ئەو دانیشم، سانچۆ وەزرێكی باش بە ڕێ دەكات و بڕوام وایە زیاتر و زیاتریش پێش كەوێت. شیاوی باس كردنە، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە مۆندیالی قەتەڕ لە كۆمەڵەی دووەم دایە و لەتەك هەڵبژاردەكانی ئێران، ئەمریكا و ویڵز یاری دەكات.