ئۆکراینا دەیەوێت هەڵبژاردەی رووسیا دووربخاتەوە

28

خه‌بات: سولین سلێمان:- ئۆکراینا دەیەوێت گورزێک لە هەڵبژاردەی رووسیا بدات دروی بخاتەوە بۆ ئەم مەبەستەش ئاندری پاڤێلکۆ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئۆکراینا داوای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا کردووە کە هه‌ڵبژارده‌ی رووسیا لە بەشداریکردن لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 دوور بخرێته‌وه‌، له‌ دوای هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكراینا و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ، فیدراسیۆنەکانی ئەوروپا و نێودەوڵه‌تی UEFA و FIFA بەشداریکردنی سەرجەم تیپەکانی رووسیایان لەسەر ئاستی تیپ و یانەکان تا كاتێكی نادیار قەدەغە کردووه‌.

سەبارەت بە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024، تیروپشکەکە لە نۆی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو ئەنجام دەدرێت، پێدەچێت پاڤێلکۆ سوور بێت له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ی رووسیا لە تیروپشکەکەدا، پاڤێلکۆ لە بەیاننامەیەکدا رای گەیاندووە، بڕیارەکەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا تەنیا بۆ رکابەرییە فەرمییەکان دەگرێتەوە، کە رێگە بە رووسیا دەدات یاریی دۆستانە ئەنجام بدات، بەڵام فیدراسیۆنی ئۆکراینا دەستبەجێ وەڵامی هەر هەوڵێکی لەو جۆرە دەداتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەم دواییانەدا داوامان لە فیفا و یوێفا کردووە یاریی نێوان رووسیا و بۆسنە هەڵبوەشێننەوە، کە بڕیارە 19ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، لە درێژەی قسەکانیدا سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئۆكراینا گوتی: “ئێمە داوامان له‌ فیدراسیۆنی بۆسنه‌ كردووه‌، وەک هاوسۆزییەک لەگەڵ کۆمەڵگەی تۆپی پێی جیهانی شارستانیدا، یارییەكه‌ ره‌ت بكه‌نه‌وه‌، هەڵبژاردەی تۆپی پێی رووسیا، ماوه‌یه‌كی زۆره‌ هیچ یارییه‌كی نه‌كردووه‌، به‌ڵام بڕیاره‌ له‌ ماوه‌ی داهاتوودا دوو یاریی دۆستانه‌ بكات، یه‌كه‌میان به‌رانبه‌ر قیرغیزستان له‌ 24ی ئه‌م مانگه‌، ئه‌ویتر به‌رانبه‌ر ئێران له‌ مانگی تشرینی دووه‌می داهاتوو.