ئەنجێلیکا ڤالکۆڤا: له‌شه‌تره‌نج دۆڕانیش ئه‌زموونێكت پێده‌به‌خشێت

17

خه‌بات: هاوار مورتكه‌یی:- ئەنجێلیکا ڤالکۆڤا خانمه‌ شه‌تره‌نجزانی ئۆكرانی كه‌ به‌مدوایه‌ به‌شداری له‌پاڵه‌وانێتیه‌كی شه‌تره‌نجی كرد له‌ ئه‌ڵمانیا، باس له‌ گرنگیی دۆڕانیش ده‌كات له‌و یارییه‌ و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ش به‌وه‌ده‌كات كه‌ له‌ وێڕای وڵاته‌كه‌ی له‌شه‌ڕدایه‌، به‌ڵام ئه‌وان كۆڵ ناده‌ن و به‌رده‌وام ده‌بن.

ئه‌نجیلیكا له‌لێدوانێكی تایبه‌ت به‌ لاپه‌ڕه‌ی وه‌رزشی رۆژنامه‌ی خه‌بات ده‌ڵێت: لە وەرزشدا سەركه‌وتن و دۆڕان هه‌یه‌، سروشتی ئه‌و وه‌رزشه‌ وایه‌ تەنانەت بە دۆڕانیش، ئەزموونێک به‌ده‌ست ده‌هێنیت و خۆمان باشتر ده‌کەین بە فێربوون و راستكردنه‌وه‌ی هەڵەکانمان، هه‌روه‌ها ئه‌نجیلیكا گوتی: بەڵام خاڵی سەرەکی ئەوه‌یه‌ ئێمه‌ی ئۆکرانیەکان كه‌ وێڕای ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌رده‌وامین له‌ به‌شداریكردنی پاڵه‌وانێتییه‌كان، پێش هەموو شتێک ئێمە خەبات دەکەین بۆ ئاشتی لە نیشتمانەکەی دایکمان.

ئه‌نجلیكای خانمه‌ شه‌تره‌نجزانی ئۆكرانی به‌یاوه‌ری 3 شه‌تره‌نجزانی دیكه‌ به‌شداری فێستیڤاڵی شەترەنجی ڤۆرتمبێریان كرد له‌ ئه‌ڵمانیا و گراندماسته‌ری ئۆكرانی سۆلۆدۆ ڤنیچینكۆ توانی پله‌یه‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنێت.