بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە گوژمەی 36 ملیار دینار 12 پرۆژە بۆ ڕێگری و چارەسەریی لافاو جێبەجێ دەکرێن و لەم دوو ڕۆژەی داهاتوودا چوار پرۆژەیان دەخرێنە واری جێبەجێکردنەوە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان  ڕايگەیاند: ”بە گوژمەی 36 ملیار دینار 12 پرۆژە بۆ چارەسەری کێشەی لافاو لە سنووری شاری هەولێر جێبەجێ دەکرێن”.

گوتیشی: ”چوار پرۆژەیان بە گوژمەی هەشت ملیار دینار لەم نزیکانە دەکەونە واری جێبەجێکردنەوە کە دروستکردنی ئاوەڕۆیە لە نێوان شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری و دروستکردن و فراوانکردنی ڕێرەوی ئاوە لە ڕێگەی هەولێر پیرمام کە ئەم پرۆژانە بەشی زۆری کێشەی لافاو چارەسەر دەکەن”.

بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دەشڵێت: ”پێشنیازی دروستکردنی 13 پۆینت کراوە کە ئەم پۆینتانە دەبێتە هۆی گلدانەوەی ئاو، ئێستا لە قۆناخی لێکۆڵینەوە و دواتر نەخشەسازیداین بۆ جێبەجێکردنیان”.