سهرهتا هزرو هونهر شاعيرهاژە بەرزنجی: مەرگی ئازیزان و كۆچی گەنجان و جێهێشتنی نیشتیمان هەمیشە...

خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- خانمی شاعیر (هاژە بەرزنجی) لەدایكبووی 1979 لەشارۆچكەی بەرزنجە خوێندنی سەرەتایی وناوەنەندی و ئامادەیی لەشاری سلێمانی تەواوكردووە، دواتر بەهۆی شەڕی ناوخۆ و هۆكاری سیاسیەوە لە شاری هەولێردەگیرسێتەوەو هەر لەوێ یەكەم شیعرونووسینی خۆی لەنامیلكەیەكدا بەناوی (دڵی كوردستان) كەمەكتەبی ڕۆشنبیریی لقی 3دەریدەكرد، بڵاوكردۆتەوە و وەك خۆشی وتی: شاری هەولێری قەڵاو منارە و بڵاوبوونەوەی ئەو نووسینە بوو بە سەرەتاو دەسپێكی ئیلهامی شیعرونووسینم ، پاشان لەزۆربەی گۆڤارو ڕۆژنامەكانی ئەو كات و سەردەمە بەبڵاوكردنەوەی شیعرو نووسینی هەمەجۆر بەشداریم كردووە دواتر وەك یەكەم ئافرەتی كورد لەساڵی 2004 لە (ڕۆژنامەی باسەڕە) گۆشەیەكم پێدرا بەناوی (ماچ) زۆر نەترس و جەریئانە ئەو گۆشەیەم درێژەپێدا ، هەروەها بەڕێزیان لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: من لە گۆشەی (ماچ) داخۆم دۆزیەوە هەرچەند ئەو گۆشەیە بەو ناوەوە بۆ ئەوكات و سەردەمە زۆرقورس بوو بەڵام من شانازیم پێوە ئەكرد زۆر نەترسانە بەردەوام بووم و هاوكات توانیم پارێزگاری لەو ناوە بكەم وچەندین جاریش ڕێزلێنانم لەسەر جەریئی لە نووسینەكانی ئەو گۆشەیەدا وەرگرتووە. هەروەها لەساڵی 2005 كرام بە پەیامنێری رادیۆی دەنگی كوردستان و ماوەی (8) ساڵ بەردەوام بووم ، هاوكات لەگەڵ كاری پەیامنێریشدا لە شیعر نووسین بەردەوام بووم ، چونكە من تەواو بەناخی شیعر دا چووبوومە خوارو هەر زۆر هۆگری نووسینی شیعربووم، خانمی بەرزنجی لە دیدارێكدا بۆ (خەبات) زۆر بە كورتی وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە:
*پێناسەت بۆ شیعرو شیعریش لای تۆ چی دەگەیەنێت ؟
مرۆڤ كەویستی خۆی لە بوونی خۆیدا بدۆزێتەوە ، بۆ دەربڕینی هەست و تەفریغكردنەوەی ناخی ، پەنا بۆ نووسینی شیعر دەبا ،بۆیە شیعر لای من واتا (ژیان وخەم و عەشق )
*بۆ شیعرت هەڵبژارد؟
لەبەر ئەوەی توانیم و دەشتوانم بە نووسینی شیعر، هەست و نەست و ناخێكی قوڵی قەدەغەكراو زۆر نەترس و ئازادانە دەربڕم.
*ئێستاو دوێنێی شیعری كوردی چۆن دەبینی؟
ئێستا شیعری باش هەر زۆر كەمن ، بەڵام شاعیرەكان زۆرن!! بەپێچەوانەوە شیعری جاران بەڕاستی شیعربوون ، بەڵام شاعیرمان ئەوەندە كەم بوون بە پەنجەكانی دەست بوون.
*شیعرت بۆ پیاو نووسیوە؟
من هەمیشە حەزم لێبووە ئەو كۆت و بەندە بپسێنم و سنوور ببەزێنم لەنووسینی شیعرا چونكە شیعر واتە دەربڕینی هەستی ناسكی ناخی مرۆڤ ، بۆیە ، بەڵێ من زۆربەی شیعرە كانم بۆ پیاو نووسیون.
*شیعربۆ كێ دەنووسیت و ئامانجت چیە لە نووسیندا واتە بەڕای تۆ شیعر هۆكارە یان ئامانج؟
شیعر بۆ هەر بابەتێك دەنووسم ئامانجم دەربڕینی هەستی ناخی خۆمە بەرامبەر نیشتمان ، دایك ، جوانیی، سروشت ، عەشق ….بۆیە ئەڵێم شیعر هەم هۆكارە هەمیش ئامانجە.
*ئاشنایەتیت لەگەڵ كتێب و خوێندنەوە دا ؟
جاران ئاشنایەتیم لەگەڵ خوێندنەوەی كتێبدا زۆر باشتر بوو ، بەڵام ئَێستا بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاو كەمی كات تاڕادەیەك خوێندنەوەم كەمە ، بەڵام هەمیشە كتێبم خۆشویستووە.
*بوونی پەیج و ئەكاونتی فەیسبوك و سایتە ئەلەكتڕۆنیەكان نەبوونە ڕێگر لەبەردەم گەورەیی و جوانیی نووسین و هاوكات پیرۆزیی و گرنگی كتێب و خوێندنەوە؟
وەك لەوەڵامی پرسیاری پێشووترا وتم ، بەڵێ بوونی ئەو سایت و پەیج و فەیسبووك و تیكتۆكە نەفرەتیە بوونەتە كێشەو گرفتێكی گەورە بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا هەمیشە كتێب سەنگ و بەهای تایبەتی خۆی هەیە و هەبووە.
*كێ هاوكارو هاندەرت بووە لە نووسیندا؟
تەنها خوێندنەوە و هاوڕێكانم هاوكارو هاندەرم بوون.
*پیرۆزیی خاكی نیشتیمان و پێشمەرگەو گەورەیی شەهیدان لە كوێی شیعرەكانی تۆدان؟
نیشتمان ژیانمە، پێشمەرگە سەروەریمە، شەهیدخوێنمە.
*ڕەنگدانەوەو كاریگەریی مەرگی ئازیزان و كۆچی گەنجان و جێهێشتنی نیشتیمان لەشیعرو نووسینەكانتدا؟
مەرگی ئازیزان و كۆچی گەنجان و جێهێشتنی نیشتیمان هەمیشە فرمێسكیان بە شیعرو خامەی دەستم ڕشتووە
*بەڕای ئێوە سانسۆر لە مۆڵەتی چاپی كتێبدا هەبێ یان نەبێت، بۆچی؟
بەڵێ سانسۆر هەبێت باشترە، چونكە ئەمڕۆ كتێبی شیعری زۆرو بۆری بێ نرخ، بۆتە دیاردەیەكی زەقی دزێو لە كتێبخانەكاندا ئەگەر بە سانسۆر بەری پێ نەگیرێ وێرانی شیعر و كتێبی بێ نرخی لێدەكەوێتەوە.
*ڕات چییە بەرامبەر قەڵەمی ئەدەبی ژنان و ئەدەبیی پیاوان؟
لە ئێستادا شتێك نەماوە بەناوی قەڵەمی ئەدەبی ژن یان پیاو .
*قەڵەمی ژن ، لە نووسین و شیعردا چۆن دەبینی و تاچەند ئەوقەڵەمە بۆتە چەكی داكۆكیكار لە مافەكانیان و چارەسەری كێشەكانیان؟
(بە پێكەنینەوە…) ئێستا پیاوان زیاتر داكۆكی لە كێشەكانی ژنان دەكەن لەڕیگای قەڵەمەكانیانەوە ( نەك ژن خۆیان ).
*پڕۆژەو بەرنامەی تازە چیتان بەدەستەوەیە؟
خۆشبەختانە كتێبێكم ئامادەیە بۆ چاپ ، بەناوی ( عەشقی من لەتۆیا)
