سه‌ره‌تا وتار ئەگەر حکومەتی هەرێم خاوەنی ئابوری سەربەخۆ نەبووایە!

ئەگەر حکومەتی هەرێم خاوەنی ئابوری سەربەخۆ نەبووایە!

39

سوورە مەرگەیی
ئەگەر حکومەتی هەرێم خاوەنی ئابوری سەربەخۆ نەبوویە ئێستا چی روویدەدا؟ ئەوە پرسیارێکە و پێویستە هەموو کوردێک بە دوای وەڵامەکەیدا بگەڕێ، من بەش بەحاڵی خۆم بۆ وەڵامی هەر پرسیار و پێشهاتێکی لەو جۆرە ئەگەر پەیوەندی بە چارەنووس و کوردەوە هەبێ و، وەڵامەکەی لەلام روون نەبێ، سەیری هەڵوێستی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان دەکەم، جا ئەگەر دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بە هەر هەڵوێست و بڕیارێکی حکومەتی هەرێم تەنگاو بوون، ئەوە لە بەرژەوەندی کوردە و دەبێ ئەنجام بدرێ، بە پێچەوانەشەوە لە بەرژەوەندی کورد نییە و دەبێ لێی دوور بکەوینەوە.

لەگەڵ هەنگاونانی حکومەتی هەرێم بۆ بنیاتنانی ئابوری سەربەخۆ و هێنانی کۆمپانیاکانی نەوت، دەستە و گرووپ و میلیشیاکانی شیعە لەناو حکومەت و دەرەوەی حکومەت هاواریان لێ هەستا و، بۆ پێشگرن بەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێم، هەموو کارتەکانیان هەر لە بڕینی مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان و، هەڕشەی بەکارهێنانی هێز و درۆن و مووشەکباران و، پەنا بردن بۆ دادگای عرووبەیان تاقی کردنەوە، لەو کاتەوە ئەو بڕوا نەگۆڕەم لەلا من درووستبوو، کە ئەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێم لە بەرژەوەندی کوردە.

ئەوەی جێگای پرسیارە.. هاوکات لەگەڵ دژایەتی دەستە و گرووپ و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ ئەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێم، زۆرێک لە حزب و لایەنەکانی کوردستانیش، هەم لە رێگەی کادیر و بانگخواز و هەڵسوڕاوان و بەناو رۆشنبیر و چالاکوان و چاودێرە سیاسییە رستکراوەکانیان، توندتر لە دەستە و گرووپ و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کەوتنە دژایەتی ئەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێم، تەنانەت داوای جوڵاندنی هێزیان لە بەغدا دەکرد و لەسەر پێشنیاری ئەوانیش مووچە و قوتی خەڵکی کورستان بڕدرا، بەوەش حکومەتی هەرێمیان خستە قەیرانی دارایی و، هاوکاتیش کەوتنە هۆنینەوە و هەڵبەستنی تۆمەت و رشتنی فرمێسکی ساختە بۆ خەڵک و چەپڵەیان بۆ بڕیاری دادگای عرووبە لێدەدا.

راستە ئەو هەنگاوانەی دەستە و گرووپ و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هاشوهوشی حزب و لایەنە کوردە عێراقچییەکان و چەپڵەی بەناو رۆشنبیر و چالاکوان و چاودێرە سیاسییە رستکراوەکانیان، نائومێدی و دوودڵیان لەناو خەڵکدا بڵاو دەکردەوە، بەڵام خۆڕاگری و بڕوا بەخۆبوونی خەڵکی کوردستان هەموو ئەو قۆناغە سەختانەی تێپەڕاندن، ئەوەی لە کۆتاییدا دەمەوێ بیڵیم: ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەو هەنگاوەی نەنابا و کوردی نەکربا خاوەنی ئابووری سەربەخۆ، ئێستا لەو فەوزا سیاسی و شەڕە میلیشیا و چارەنووس نادیاری عێراق، کورد تووشی چ کارەساتێک دەبوو؟!