سهرهتا وتار عێراق شکست لەدوای شکست، ئیتر کەس ئاوێنە شکاوەکەی پێ کۆناکرێتەوە
د.محمد خدر مولود
رۆژی دووشەممە 29ی ئاپی 2022 سیستەمی حوکمداری بەغدا لەسایەی دەستە بژێرانی سیاسیی شیعەی عەرەبی عێراقی کە حوکمی ئەو وڵاتەی ناوی عێراقە دەکەن، نەک هەر پێی نایە قۆناغێکی دیکەی سەربەرەوژێروغلۆربوونەوە و راپێچکردنی هەموو چەشنە گفتگۆی پێکهێنانی حکومەت ، بەڵکوپەردە لەسەر سیناریۆی تەمەن 19 ساڵەی سیستەمی حوکمداری ئەو وڵاتە دادرایەوە و ئێستا لەچاوەڕوانی قۆناغێکی دیکەد و بەشیێکی دیکەی سیناریۆکە دایە.
تەمەنی 19 ساڵەی ئەو وڵاتەی ناوی عێراقە، سەیرو سەمەرەیە، خاوەن دەستوورە هەر خۆشی وەک حوکمدارودەسەڵات و بەرپرسانی بەغدای دەستەبژێرانی سیاسیی عەرەبی عێراقی گەورەترین پێشێڵکاری دەستوورەکەن و پشتگوێ خستن و وەلانانی ئەوەی پێی دەگوترێ دەستوورو پرینسیپەکانی پێکەوە ژیانی هاوبەشانە، ١٩ ساڵە ئەو وڵاتەی ناوی عێراقە هەر کەس و لایەنێکی هاتبێتە سەر حوکم و دەسەڵاتی بەغدای گرتبێتە دەست یا مەحکومی( ئەو) بووە یا سوخرەکێشی (ئەویتر).
19 ساڵە ئەوعێراقە وەک جاران هەر(بلدی نیفاق )ە، گۆرەپانی مڵمانێی ئەمریکاو ئێرانە ، کەریدۆری تارانە بۆ گەیشتنە سووریا و لوبنانی حزب اللە، کە ئاوڕلە رابوردووی نزیکی عێراق دەدەینەوە و رووداوەکانی (10)مانگ لە تەمەنی عێراقی دوای هەڵبژارددنی 10-10-2021 دێنینەوە بەرچاو هەندێ فاکتەر هەن هۆکاری سەرەکین عێراقیان لە شکستێکەوە بەرەو شکستێکیتر بردوەو بە مڕۆیان گەیاندووە، گرنگترینی ئەوفاکتەرانە پشتگوێ وپەراوێزخستنی بنەما سەرەکییەکانی دەستوورە بەتایبەتیش هەرسێ ئەو بنەماسەرەکییەی کە عێراقی تازەی دوای ساڵی 2003ی لەسەر بنیات نراوە ئەوانیش (هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان)ە.
ڕووخانی ئەو سێ گۆڵەگەی کۆمەڵگای عێراقی تازە ونەهاتنەدی ئەو سێ بنەما سەرەکیەکەی دەستووربەدەست تێوەردان و هەژموونی دەرەکی، باوەڕو متمانەی پێکهاتەکانی کۆمەڵگای عێراقی بەیەکتری نەک هەر لاوازکرد ، بەڵکو گومان و دڕدۆنگی، ترس ودڵە ڕاوکێی زیاتری خستە نێوان پێکهاتەی شیعەوشیعە، کوردوعەرەب ،شیعە وسوونەی عەرەبی،هەروا نێوان تورکمانوئایین وئاینزاکان.
بەغدای خاوەن دادگای فیدڕاڵی ژێرهەژموونی دەرەکی بێ وپرۆسەی دامەزراندنی حکومەتی تازە لەسەر بنەمای دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردندا پێ قبوڵ نەبێ و بە ئاین و ئۆینی یاسایی بەڕەنگی سیاسی ناحەزانی کورد بیەوێیت هەولێر لەمەنگەدا بدا، حاڵی لەمڕۆلە 29-8-2022 خۆشتر نابێ و گڵۆڵەکەی بەغدای باغی دادی ئەم و ئەو خراپتر دەکەوێتە لێژی، وا ئاوێنە گەورە تەلیسم دارە پیرۆزەکەی( یەکێتی خاکی عێراق) بەجۆرێ شکا ، هووردوو خاش بوو کەس پێڕاناگا پارچە شکاوەکانی کۆبکاتەوە و جارێکی دیکە پێکەوەیان بڵکێنێتەوە . ئیترتەواو ئەو شانۆگەرییە چووو، ئاواوئاوچوووو.