سه‌ره‌تا چاوپێكه‌وتن لەنجە دزەیی: پرسى ئافرەت لە پەراوێزى کۆمەڵگە تەماشا بکرێت، زیانى بەردەکەوێت

لەنجە دزەیی: پرسى ئافرەت لە پەراوێزى کۆمەڵگە تەماشا بکرێت، زیانى بەردەکەوێت

56

خەبات: سۆلین سلێمان:- لەدنیای ئەمڕۆدا لە هەموو جیهان ڕێژەی بەرزی ئەو تاوانانەی لەسەر ئاستی دنیا بەرامبەر بە ئافرەت دەكرێن، سەلمێنەری ئەوەن كە سەرەڕای تێپەڕینی دوو دەیە لە هەزارەی سێیەم، هەتا ئێستا نەتوانراوە مۆركی مرۆڤبوون بە بەر ئافرەتدا بكرێ. سەبارەت بەوپرسە خاتوو لەنجە ئیبراهیم دزەیی سەرۆكی لێژنەی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەت لە دیمانەیێكدا بۆ خەبات دەدوێ‌.

*بە گشتی ڕەوشی پاراستنی مافی ئافرەتان لە ئێستادا چۆن دەبینى؟
– مافی ئافرەت لە كوێی مافی مرۆڤدایە كە وا بە ئاسانی مافەكانی بن پێ دەخرێت و بە بیانووی جۆراوجۆر ژیانی لێدەستێندرێت، مافەكانی ڕەگەزی مێ پێشێلكراوە و بە ڕێژەیەكی بەرچاو خانمان ڕووبەڕووی دەستدرێژی و كوشتن بوونەتەوە. نێر هەموو شتێكی بۆ حەڵاڵ كراوە، لەبەرامبەردا مێ لە مافە سادەكانیشی بێبەشكراوە و تەنانەت هیچ جۆرە بەهایەكی بۆ نەهڵێدراوەتەوە، گوتیشی: ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ڕێكخراوە ناحكومییەكان دەیانەوێت لەگشت وڵاتانی جیهاندا ئەوە جێبەجێبكەن، بۆ ڕزگاركردنی ئافرەت لە تەنگەژە گشتگیرەكان كە ڕووبەڕووی مافەكانیان لە چەرخی بیست و یەكدا دەبێتەوە، لەلایەكی دیكەوە دەبێت شیكردنەوەیەكی ورد لەسەر خاڵە گرنگەكانی پێشكەوتنی ئافرەتان بكەین كە بریتین لە: گەشەكردن و گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی توانای هزری ئافرەتان، پەرەپێدانی دیموكراسی بۆ كۆمەڵگە و بنیادنانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و بەهێزكردنی كایەی ئافرەت لەنێو جیهانی سیاسەت و بونیادنانی هێزی ئابووریی ئافرەتان، ئەمانەش هەمووی تەواوكەری مافی مرۆڤن، واتا ناتوانین جیاكاری لەنێوان مافی مرۆڤ و مافی ئافرەتدا بكەین، چونكە هەردووكیان تەواوكەری یەكترین.

* ئایا لە كۆمەڵگادا مافی ئافرەت پەراوێز خراوە؟
– نابێت پرسی ئافرەت وەك پرسێكی جیاواز لە پەراوێزی كۆمەڵگە تەماشا بكرێت، چونكە ئافرەت لەم كاتەدا زیانی بەردەكەوێت، بۆیە پێویستە پرسی ئافرەت شان بەشانی كۆی پرسەكانی پەیوەست بە ژیانی مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و بە رێكارێكی وردی زانستییانە و بێ جیاكاری ڕەگەزی كار لەسەر هزر و وشیاریی تاك بكەین، نەك جیاكاری لەنیوان ڕەگەزەكان بكەین. ئافرەتانی كورد لەم پێناوەدا قوربانی زۆریان پێشكەشكردووە و لە خەباتی خۆیانیش بەردەوامن، بۆیە دڵنیام لە ئایندەیەكی نزیكدا هەنگاوی زۆر باشتر دەنێن، چالاكانی مەدەنی و بەشێك لە ئافرەتانی پەرلەمانتار و سیاسەتمەدارانیش لە هەوڵی ئەوەدان كۆتایی بە سیستەمی نێرسالاری و نەریتسالاری لە كۆمەڵگە بهێنن و هەوڵی ئەوە دەدەن سیستەمێكی هاوبەشی كۆمەڵایەتی بۆ هەر دوو ڕەگەز بنیادبنرێت، ئەمەش كارێكی ئاسان نییە و كاتێكی زۆری دەوێت، بەڵام دەبێت كار بۆ دروستكردنی ئیرادە و نییەتی جێبەجێكردنی ئەو ئامانجە بكەین.