سه‌ره‌تا وتار پەیوەندیی نێوان گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئینتیمای نیشتمانی

پەیوەندیی نێوان گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئینتیمای نیشتمانی

344

هیمداد خالید عەبدوڵڵا
زانایانی بواری دەروونناسی، لەتیۆرییەکانیاندا زۆر باسی گرنگیی ئینتیمایان بۆ ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە کردووە و، بە یەکێک لە پێویستییە هەرە لەپێشەکانیان داناوە، بەتایبەتی هەر دوو زانای دەروونناس “ئەریک فڕۆم” لە تیۆریی “پێداویستییەکان”، هەروەها تیۆریی “ڕیزبەندی پێداویستییەکان”ی “ئەبراهام ماسلۆ” ئەمانە تا ئەو ڕادەیە پێویستیی مرۆڤ بۆ هەبوونی ئینتیما بە گرنگ دەزانن، کە بە یەکێک لە پێنج پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانیان هەژمار کردووە.

لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا بابەتی ئینتیمای نیشتمانی، ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە کە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریی وڵات لە ئێستادا هەوڵ بدات لە ڕێگەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی بواری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، وەکوو پەروەردە، تەندروستی، ئاو، کارەبا و ئەوانی ترەوە، ئەم بابەتە لە دەروونی ئەندامەکانیدا تۆخ بکاتەوە و، لەم ڕێگەیەوە و بە هۆی هێزی ئینتیما و خۆشەویستیی ئەوان بۆ وڵاتەکەیان هەوڵ بدات سوود لە هەموو سەرچاوە مرۆیییەکانی کۆمەڵگەکەی وەربگرێت، بەڵکوو ئەوە قۆناغێک بوو کە لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووه‌م ئەم کارەیان بە هاوکاری و هەماهەنگیی هەموان و بە پاڵنەری خۆشەویستیی خاک و نەتەوە ئەنجام دا؛ وڵاتیان دووبارە ئاوەدان کردەوە و ئابوورییان گەشە پێ دا و خزمەتگوزارییان بە زیادەوە گەیاندە هاونیشتمانیانیان. بەڵام لەناو کۆمەڵگە و نەتەوە ڕۆژهەڵاتییەکانی کە زۆرێکیان بە وڵاتانی دواکەوتوو، یان وڵاتانی تازە پێشکەوتوو ناو دەبرێن، ئەم بابەتە لە قۆناغەکانی سەرەتایدایە. هەربۆیە، بە بەکارهێنانی بەشێکی کەمیش لە چەمکی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و پراکتیزەکردنی بێت، دەتوانرێت بە جۆرێک لە جۆرەکان، هاوشێوەی ئەو کارە دووبارە بکرێتەوە کە وڵاتە زیانلێکەوتووەکانی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م توانییان ئەنجامی بدەن؛ کە کۆمەڵگە خزمەتگوزاری پێشکەشی هاووڵاتیان کرد و، ‌هاووڵاتیانیش هەموو هێزی مرۆییی خۆیان وەکوو ئەرک و بە پاڵنەری ئینتیمای نیشتمانی، پێشکەشی کۆمەڵگە کرد.

لەبارەی گەشەپێدانەوە “یورگن هابرماس” دەڵێت کە گەشەپێدان گوزەرکردنە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە، بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بارودۆخی ژیانیان لە ڕووی چەندێتی و چۆنێتییەوە باشتر بێت. جا کاتێک تاکی کۆمەڵگە ئەوە لە دەسەڵاتدارانی وڵات دەبینێت کە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا جددین و بۆ باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتیانیان هەوڵ دەدەن، بەدڵنیایییەوە خاک و نەتەوەکەیان لا پیرۆز دەبێت. لەم ڕێگەیەیشەوە توانا مرۆیییەکان بەهەدەر ناچن و لە پێناو پرۆسەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی وڵاتدا کارا دەبن، چونکە بەشێکی زۆری هێزی ئینتیمای نیشتمانیی تاکی کۆمەڵگە، سەرچاوەکەی بۆ هێزی هەستکردن و دڵنیاییی تاکی کۆمەڵگە سەبارەت بە خۆشگوزەرانی و ڕەفاهییەت و دادپەروەری و ئاسایش دەگەڕێتەوە، کە دواجار پرۆسەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، کارا و کاریگەر دەبێت، لەبەر ئەوەی هەروەک “بروگفیلد” دەڵێت ئامانجی گەشەپێدان، وەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و کەمکردنەوەی هەژاری و بێکاری و نایەکسانییە.

ئەوەی کە لێرەدا گرنگ بێت ئەوەیە کە هاووڵاییان و بە تایبەت چینی “گەنج”ی کورد ، تا ڕادەیەک زۆر کێشە لە هەستی نەتەوەییاندا هەیە هەر وەک یەکێک لە نەتەوە و هەرێمێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاتێک دەبینیت هاووڵاتیان لە خاکی خۆیان”کوردستان” نە سۆزی هەیە بۆ خاک، نە بەرانبەر یاسا و ڕێسای کۆمەڵگاکەی پابەندە ، بەڵام کاتێک کۆچ دەکات بۆ وڵاتان، دەبینین کە هاووڵاتیان شێوازێک لە پابەندبوون بە ڕێسا و یاسای ئەو وڵاتە دەگرێت و هەوڵی ئاستێکی جوانی سەقافەت دەدات، بەڵام کێشە لێرە ئەوەیە کە ئەو کەسانە بۆ لە وڵات و خاکی خۆیان ناتوانن ڕێز لە یاسا و عورفی کۆمەڵگاکانیان بگرن بۆ نموونە ئەم جۆرە پابەندبوونانە هەیە لە وڵاتان( وەستان بە سەرە و نۆرە لە شوێنی جیاجیاکانیان + گرانی نرخی شتومەک + فڕێ نەدانی پاشماوە لەسەر زەویی + ڕێزگرتن لە کەلوپەلی سەر شەقام و شوێنە گشتیەکان + بەستنی پشتوێنی سەلامەتی شۆفێر و دانانی شوێنی تایبەت بە منداڵ ….هتد) ، ئەگەر بێتوو ئەمانە بەراورد بکەین لە نێوان کۆمەڵگای خۆمان”کوردستان” و وڵاتانی ئەورپا، دەبینین تاک ناتوانێت ئەو هەڵوێستە جوانانەی ببەخشێت بە کۆمەڵگا و چواردەورەکەیان لە کوردستان کە ئەمانە هۆکارێکن بۆ بەرەوپێش چوونی کۆمەڵگاکەمان….

زانکۆی سلێمانی -کۆلێجی زانستە سیاسییەکان