خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- غالب حەساری لە لە گوندی حەساری گەورە سەربە شاری كەركوكی دڵی كوردستان لە خانەوادەیەكی پێشمەرگە لە ساڵی 1970 لە دایك بووە، لە ساڵی 1986 لە كەركوك خولیای نووسینی شیعر بووە و سەرەتا بەشیعری بەرەنگاری دەستی پێكردووە، وەك خۆی گوتی : بە هۆی ڕەتكردنەوەی سەربازی بۆ ڕژێم وبوون بە پێشمەرگە ولە كاتی ئەنفالەكان و ئاوارەبون بۆ دیوی كوردستانی ئێران بەشێكی زۆر لە شیعرەكانم فەوتاوە پاش ڕاپەڕین ساڵی1992بەشداری بە دەیان كۆڕی شیعرییم كردووە و زیاتر لە 40 شیعرم لە لایەن هونەرمەندانەوە ئاوازیان بۆ دانراوەو كراون بە سروودو گۆرانی و هەروەها چەندین دیداری تیڤی و ڕادیۆییم ئەنجامداوە لە ڕۆژنامەكانی هەولێرو خەبات و سیروان وگۆڤاری گوڵان، شیعرم بڵاو كراوەتەوە، تەواوی ژیانم بۆ شیعرو ئەدەبی ڕەسەنی كوردی تەرخانكردوە شیعرم كردۆتە كاری یەكەمم ئەمە وێڕای ئەركی نیشتمانیم، كە پێشمەرگەم.
*پێناسەت بۆ شیعرو شیعریش لای تۆ چی دەگەیەنێت ؟
ـ شیعر هەناسەیە بۆ سیەكانم بیناییە بۆ چاوانم.
ترپەیە بۆ دڵم خوێنە بۆ جەستەم واتایە بۆ بوونم هێزە بۆ پاراستنی زمانی كوردی شیعر تیشكی پەیامێ گەش و پیرۆزە شیعر خۆری سەر كەلە لەگەڵ دەركەوتنی ئاسۆ تروسكە بە لوتكەی هیوای ژیان ئەدا شیعر دڵی مرۆڤایەتی پێدەگەشێتەوە شیعر ئاسوودەیی بە ڕووح دەبەخشێ شیعر سروودی نەمری سەروەرانە شیعر مارشی نەتەوایەتیە.
*بۆ شیعرت هەڵبژارد؟
ـ پڕە لەجوانی بە ئەركم زانی خزمەتی فەرهەنگ و زمانی كوردی ونیشتمانی پێبكەم ڕوونتر كاریگەری چەندین شاعیری نەتەوەكەمان وەك مامۆستایان قانع وبێكەس وموفتی ڕایكێشامە جیهانی وێژەوە، لەسەرەتاوە خۆشم خۆڕسكانە هەستێكی شیعریم هەبوو.
*ئێستای شیعری كوردی چۆن دەبینی؟
ـ ئێستا زمانی كوردی و شیعری كوردی مەیدانەكەی شێواوە هەوڵی جوانیش هەیە بەڵام پشتیوانی بۆ شیعرو شاعیری ڕاستەقینە نیە وەك مناڵێكی هەتیو سەرگەردانە؟
*شیعرت بۆ ژن نووسیوە؟
ـ ژن هەر خۆی هەوێنی شیعرو هێمای ناسكی و جوانیە ، شالووری شیعر لە سەرەتای ژینەوە تا كۆتایی بۆ ڕووی گوڵی جوانی ژن بە دەنگێ بەرز و زوڵاڵ بە تاسەوە بۆی دەخوێنێ.
*شیعر بۆ كێ دەنووسیت و ئامانجت چییە لە نووسیندا؟
ـ شیعر دەنووسم بۆ جوانیەكان بۆ ژینگە بۆ پیرۆزییەكان بۆ سەروەریەكان بۆ یادەكان بۆ نەورۆز بۆ نیشتمان بۆ تەبایی وهەموو بوارەكانی پەیوەست بە نەتەوە هەر وەها ئامانجم لە شیعر نووسین خزمەتكردنە بە كوردستان و وێژەو فەرهەنگ و كەلتوری ڕەسەنایەتی و پاراستنی زمانی كوردی.
*ئاشنایەتیت لەگەڵ كتێب و خوێندنەوە دا؟
ـ خوێندنەوەی كتێب گەشەی ڕۆشنبیری هزری مرۆڤ زیاترو پاراوتر دەكا تاڕادەیەك باش دۆستم نایشارمەوە لە ئێستایا خوێنەرێكی تۆخ نیم.
*بەرهەمی چاپكراوت هەیە؟
ـ پێنج ( 5) كتێبم چاپكردووەكە بریتین: بژی پارتی و بارزانی 2013 / كوردستانێكی گەشتر 2014 / سڵاو لە پێشمەرگە 2015 / هەر بژی كوردستانم 2016 / لوتكەی داهێنان 2017.
*پیرۆزیی خاكی نیشتیمان وگەورەیی شەهیدان لە كوێی شیعرەكانی تۆدان؟
ـ من پێشمەرگەم …زۆربەی بەرهەم و هۆنراوەكانم ڕەنگدانەوەی شانازی نەتەوایەتی وپیرۆزی نیشتمان و بەرزی ئاڵا وقارەمانیەنی پێشمەرگە خوێنی ئاڵی شەهیدانی شكۆداری لەخۆ گرتووە كە هەرچەنێ بۆ خاكی بە خوێن پاراو بنووسرێ و بگوترێ هەر كەمە.
*ڕەنگدانەوەو كاریگەریی مەرگی ئازیزان و كۆچ وجێهێشتنی نیشتیمان لە شیعرو نووسینەكانتدا ؟
ـ بە شانازی و بە ویژدانەوە كۆمەڵێ هۆنراوەم نووسیوە بۆ مەرگی ئازیزان لە بەرگی كتێبێكدا بە ناوی ، سەروەرانی نیشتمان ، كۆ مكردۆتەوە وجارێ چاپ نەكراوە.
*قەڵەمی ژن، لە نووسین و شیعردا چۆن دەبینی و تا چەند ئەو قەڵەمە بۆتە چەكی داكۆكیكار لە مافەكانیان و چارەسەری كێشەكانیان؟
ـ لە بواری وێژەدا ڕۆڵی ئافرەتان بەرز دەنرخێنم شاعیری بە توانایان تیا هەڵكەوتوە هەرچەند بە هۆی كەلتورودابی كۆمەڵایەتی كۆسپی زۆریان لە پێشە هاوكات بەشێ لە شاعیرانی ژن لە ڕوانگەو دیدگەی پیاوەوە وەك هزری پیاو شیعر دەنووسنەوە نەبوونەتە زمانحاڵی ژن تا داكۆكی لە مافی ڕەوای خۆیان بكەن پێویستە شاعیرانی ژن جەربەزانەترو سەربەرزانەترو نەبەزانەتر ئازارەكانی ژنان لە بۆتەی شیعرەكانیان ڕەنگبداتەوە خەون وخواستی ڕەنگاڵەیان بەرجەستە بكا.
*بوونی پەیج و ئەكاونتی فەیسبوك و سایتە ئەلەكتڕۆنیەكان نەبونە ڕێگر لەبەردەم پیرۆزیی و گرنگی كتێب و خوێندنەوەو نووسین؟
ـ بەدڵنیاییەوە سۆشیال میدیاو كۆی سایتە ئەلكترۆنیەكان كاریگەری زۆریان لەسەر كەمبوونەوەی خوێنەری كتێب و ڕۆژنامەو گۆڤارو بگرە بینەری تیڤیەكانیش هەبووە ڕۆژ بە ڕۆژ بە هۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا خوێنەری كتێب كەمتر دەبن .بۆیە كاریگەری نەرێنیان لە سەر كتێب وخوێندنەوەو نووسین كردووە.