خەبات: رۆشنا عەلی:- رەنگە گەشتكردن لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە، هەر گەشتێكی ئاسایی بێت، بەڵام بۆ رۆژنامەنووسێك جیاوازە، رۆژنامەنووس خوێندنەوەی بۆ هەموو دیمەنێك هەیە كە دەیبینێت و سەرنج و تێبینی لەسەر هەر كار و كردەوەیەك هەیە، كە بەلایەوە جێگەی هەڵوەستەكردن بێت، ئێمە یەك كاتژمێر دوای ئەوەی لە فرۆكەخانەی هەولێرەوە بەڕێكەوتین، راستەوخۆ لە فرۆكەخانەی یەریڤان نیشتینەوە، كات نزیك بە 8ـی شەوە و هێشتا بازاڕ و شوێنە گشتییەكانی شار دانەخراون، بەڵام رێكارە یاساییەكانی فرۆكەخانەی یەریڤان رۆتینیاتێكی زۆری هەیە و وایكرد كاتژمێر 11ـی شەو بگەینە ناو شار، یەریڤان ئەو شارەی كە پایتەختی ئەرمینیایە و بۆ ئێمەی كوردیش ناسراوترە لەوەی بە لیدی راپۆرتێكی رۆژنامەوانی پێناسە بكرێت، بەتایبەت كە زۆرینەی كورد لە رێگەی رادیۆی یەریڤانەوە ئاشنایەتی بەم شارە هەیە و لە راستیشدا ژمارەیەكی بەرچاو لە دانیشتووانی ئەم شارە كوردن. ئێمە لەم گەشتەدا مەبەستمان بوو بزانین ژیانی دانیشتووانەكەی لە رووی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و ئابوورییەوە چۆنە، تەنانەت هەستی نیشتمانی و هاووڵاتیبوونیش، جێگەی پرسیار و سەرنجی ئێمە بوو.
ئەرمینیا لە رووی سیاسییەوە
ئەرمینیا، یاخود كۆماری ئەرمینیا یەكێكە لە كۆمارەكانی یەكێتی سۆڤیەتی جاران و بە یەكێك لە وڵاتانی قەوقازیش دادەندرێت، ئەرمینیا وڵاتێكی شاخاوییە و لەگەڵ هیچ دەریا و زەریایەك هاوسنوور نییە، دەكەوێتە رۆژئاوای كیشوەری ئاسیا و رۆژهەڵاتی ئەورووپا، هاوسنووریشە لەگەڵ هەریەك لە وڵاتانی توركیا و ئێران و ئازەربایجان و ناكۆرنۆكەرەباغ و جۆرجیا، سیستەمی حوكمڕانی لە ئەرمینیا كۆمارییە و ئەگەرچی وڵاتێكی دیموكراسی فرەیی حزبیشە، بەڵام بە وڵاتێكی نەتەوەیی هەژمار دەكرێت و رەگێكی نەتەوەیی بەهێز دانیشتووانی وڵاتەكە بەیەكەوە دەبەستێتەوە، لە ئێستادا وێڕای ئەندامییەتی لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 40 رێكخراوی نێودەوڵەتی دیكە ئەندامە و بەپێی دەستووریش دین و دەوڵەت لەیەكتر جیاكراونەتەوە، هەرچەندە ئەرمینیا یەكەمین وڵاتی ناوچەكەیە كە ئایینی مەسیحیەتی وەرگرتووە و كلێسای ئەرمینیای مێژوویی بە گەورەترین كلێسای مەسیحییەت دادەندرێت لە وڵاتانی ئۆراسیا، كە زیاتریش وەك شوێنەوارێكی مێژوویی گەشتیاران سەردانی دەكەن و بەشێك لە داهاتی گەشتیاریی وڵاتەكە دابین دەكات.
ئەرمینیا لە رووی نەتەوەییەوە
دانیشتووانی ئەرمینیا بەگشتی دوو زمان دەزانن، زمانی ئەرمەنی بە پلەی یەكەم و زمانی كوردی بە پلەی دووەم دێت، بەڵام زۆرینەی خەڵكیش رووسی دەزانێت و لە مامەڵەكردنی رۆژانەدا قسەی پێدەكرێت، ئارارات ناوێكی بەرچاوی دانیشتووانی ئەم وڵاتەیە و ژمارەیەكی زۆری خەڵك ناویان ئاراراتە، زنجیرە چیای ئارارات كە ئەرمەنییەكان بە مولكی خۆیانی دەزانن و توركیا داگیری كردووە، هەر لەبەر ئەوەیشە كە بەشێك لە ریستۆرانت و شوێنە گشتییەكان بە تابلۆی دیار و بەرچاو نووسیوویانە: تورك و ئازەری بۆیان نییە بێنە ژوورەوە، تەنانەت هێلی فرۆكەوانیش لەنێوان ئەرمینیا و ئەم دوو وڵاتە نییە، ئەگەرچی شەڕ لەنێوانیاندا نییە، بەڵام ئاشتەواییەكەش بایی ئەوەندە نییە هاموشۆی یەكتر بكەن و بە گەشتیارییش یەكتر قبوڵ ناكەن.
ئەرمینیا لە رووی كۆمەڵایەتییەوە
بە سەرنجدانێكی كورت لەنێو بازاڕ و شەقامەكانی یەریڤانی پایتەخت بۆت دەردەكەوێت، كە ژمارەی ئافرەت زۆرترە لە ژمارەی پیاوان، ئەوان باس لەوە دەكەن كە بەشێكی زۆری پیاوانی ئەرمینیا روویان لە وڵاتانی دیكە كردووە بۆ كاركردن، بۆیە ژنان لە زۆر سێكتەری جیاوازدا رێژەی زۆرینەن، زۆرترین ئەو كەسانەیش كە لە بازاڕەكانی شاردا دەبیندرێن گەنجن، گەنجانی تەمەن 18-25 ساڵ، ئەوەیش بەو مانایە نا، كە پیر و بەساڵاچوویان نەبێت. لە ئەرمینیا هیچ منداڵێك لەسەر شەقامەكان نابیندرێت، نە بۆ كاركردن و نە بۆ مەبەستی دیكە، ئەوان زیاتر منداڵانیان لەسەر خوێندن و فێربوون راهێناوە، تا ئەوكاتەی تەمەنی كامڵبوون تەواو دەكەن و دەبنە تاكێكی بەرهەمهێنەری بەسوود بۆ نیشتیمانەكەیان، لەوەیشدا جێپەنجەی ژنان زیاتر رەنگدانەوەی هەیە لەسەر ژیانی كۆمەڵایەتی و خێزانیی تاكدا.
ئەرمینیا لەرووی ئابوورییەوە
دراوی ئەرمینیا (درام)ـە، كە هەر درامێكی ئەرمەنی سێ دینارو 600 فلسی عیراقییە و نانخواردنی یەک کەس لە نێوان 3000_ 4000 درامە، کە دەکاتە نزیکەی 15هەزار دیناری عیراقی، ئەڵماس و بەردی گرانبەها بەشێك لە داهاتی ئەرمینیا دابین دەكەن، بەڵام كشتوكاڵیش زیاتر لە 20%ـی داهاتی ئەرمینیا دابین دەكات، بەڕادەیەك كە میوە بەگشتی و گوێز و ترێ بە تایبەتی، لە بەرهەمە سەرەكییەكانی كشتوكاڵی وڵاتەكەیە و زۆرترین ئاوی ترێ هەناردەی دەرەوەی وڵات دەكەن، لەگەڵ ئەوەیشدا پەتاتە بۆ هەمیشە لەسەر هەموو سفرە و خوانێك ئامادەیە، بەو پێیەی كە بەشێكی زۆری وڵاتەكە دارستانی چڕی هەیە و سوود لەوەیش وەرگیراوەو دارچنارەكانی ئەرمینیا لە كارگەكانی دارتاشیدا گرنگیی خۆیان هەیە، چونكە پلەكانی گەرما لە هاویندا لەنێوان 22-36 پلەی سەدییە و ئەوەیش وایكردووە ژینگەیەكی لەبار برەخسێت بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان.
داهاتی ساڵانەی تاك لە ئەرمینیا لەنێوان 40-60 هەزار دۆلاری ئەمریكی دەبێت، لەگەڵ ئەوەیشدا خواردن لەو وڵاتە هەرزان نییە، بۆ نموونەیش نانێكی ئاسایی لەوێ بە 1500 درامە، كە دەكاتە زیاتر لە چوار هەزار دیناری عیراقی. خۆراكی سەرەكی دانیشتووانی ئەرمینیا گۆشتە، گۆشتی بەراز بەڕێژەیەكی بەرچاو دەخورێت و دانیشتووانەكەی زیاتر بە میترۆ هاتوچۆ دەكەن و نیشتەجێی شوققەن، بۆیە بە دەگمەن نەبێت خانووی ئاساییت بەرچاو ناكەوێت، لەگەڵ ئەوەیشدا كرێی هاتوچۆ لەم وڵاتە هەر هێندەی كرێی هاتوچۆی وڵاتی خۆمانە و جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە، بەڵام ئەوان لە بەرهەمهێنانی كارەبادا بە تەواوی پشتیان بە تاڤگەكان بەستووەو بۆ چركەیەكش بێ كارەبا نابن، كە ئەوەیش دیسان سەرچاوەیەكی باشی بۆ دابینكردنی وزە لە وڵاتەكە دەستەبەر كردووەو هەموو ئەو كارگانەی لە ئەرمینیا هەن، بوونەتە سەرچاوەی بژێوی دانیشتووانەكەی زۆرینەی خەڵكیش لە كەرتی تایبەت كار دەكەن.
ئەرمینیا لە رووی ئایینییەوە
بەپێی ئامارە فەرمییەكان 94%ـی دانیشتووانی ئەرمینیا مەسیحین و ژمارەیەكی بەرچاویش ئێزدیش لەو وڵاتە و بەتایبەت لە پەریڤانی پایتەخت دەژین، كلێسا لەم وڵاتە زۆرە و خەڵكیش تاڕادەیەكی بەرچاو پابەندی ئایینەكەیانن، بەڵام بەشێكی زۆریش لە كلێساكان وەك سوێنەواری گەستیاریی سوودیان لێوەرگیراوەو بوونەتە سەرچاوەی داهات، هاوكات پەرستگای ئێزیدی و مزگەوت و حوسەینییەكی موسوڵمانانیش لە یەریڤان هەن، بەڵام ئازادییەكی رەها بۆ هەموو ئایین و ئایینزاكان فەراهەمكراوەو تا سنووری نەبەزاندنی ئازادی بەرانبەر، ئازادی تاك هەستی پێدەكرێت، بۆیەش هیچ كێشە و گرفتێكی ئایینی لە رووخسار و پەرستشەكانی دانیشتووانی ئەرمینیا نابیندرێت.
ئەرمینیا لە رووی گەشتیارییەوە
ئامارە فەرمییەكانی ئەرمینیاباس لەوە دەكەن كە ئەمساڵ 2022 زۆرتین گەشتیار روویان لە وڵاتەكەیان كردووە، گەشتیارانی ئەرمینیا زۆرتر سەردانی سرووشتە دڵڕفێنەكەی دەكەن و هەموو ئامراز و سەرچاوەكانی گەشتیاری دابینكراوەو دەوڵەت گرنگییەكی زۆری بەم كەرتە داوە، بەجۆرێك كە بەرزترین و درێژترین تەلەفریكی جیهان لە ئەرمینییایە و بەباڵی داتێڤ ناسراوە، كە ساڵی 2010 دروستكراوەو دەکەوێتە گوندی (هالیدزۆر)، کە كلێسایەكی مێژوویی ئەرمەنییەکانی لێیەو مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆیەمی زایینی، تەلەفریکەکە ناوی لە کتێبی گینس تۆماركراوە و کابینەکانی زۆر گەورەن، كە دەتوانێت 25 کەس بە یەكجارهەڵبگرێت و لەیەک سەعاتیشدا 240 کەس بگوازێتەوە، بیرۆکەی دروستکردنەکەشی بۆ زۆریی سەردانیكارانی ئەو كلێسایە دەگەڕێتەوە، کە دەبوو سەردانیكارانی مەودایەکی زۆر ببڕن تا دەگەیشتنە حەرەمی كلێسا و بە ڕێگای شاخاویدا، كە درێژییەکەی 5.7 کیلۆمەتر بەرزترین خاڵیش 330 مەتر بەرزە و ماوەی 11 خولەک و 26 چرکە دەخایەنێت و كەم گەشتیار هەیە سەردانی نەكات. دیوێكی دیكەی شارستانییانەی ئەم وڵاتە ئەوەیە لەناو شارەكانیدا ئاوكڕین نییە، كەس بۆ خواردنەوە پەنا بۆ ئاوی كانزایی نابات، هەمووان لەو نافوورانە ئاوێكی سازگار دەخۆنەوە، كە لە زۆرترین شەقام و كۆڵانەكانی شار دروستكراون و ناشزاندرێت ئاوی كانییە یان بۆڕی و تۆڕی ئاوی بۆ راكێشراوە، چێشتخانە و ریستۆرانتەكانی شار زۆرتر خەڵكی بیانی و بەتایبەتتریش پەنابەری سوریایی كاریان تیادەكەن، بەڵام گوند و دێهاتیان زۆرە و لەنێوان هیچ دوو شارێكدا بازگە نابیندرێت و لەناو شارەكانیش پۆلیس تەنیا ئەركیان چاودێریكردنی ئەمنیەتی خەڵكە و كەس پرسیاری ئەوەش ناكات لە كوێوە هاتوویت و بۆ كوێ دەچیت، بۆیە گەشتیار لەم وڵاتە هەست بە ئارامی دەكات و سكیوریتییەكی بەهێز بۆ تەواوی هۆتێل و ریستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەكان دابینكراوە.











