پەرژین جەعفەر حاجی رۆستەم
حوكمڕانی لە عێراق دوای حكومڕانییەكی دیكتاتۆری 30 ساڵی سوونی ڕادەستی حوكمڕانییەكی زۆرینەی شیعی نیمچە دیكتاتۆری كرا، هەموو ئەو هەوڵ و كۆشش و بانگەشانەی بۆ دیموكراسییەت و سیستەمی حكومڕانییەكی نوێ و فیدراڵی و دەستووری كرا بەم نزیك 20 ساڵەی شیعە شكستی هێنا و هیچ شەراكەتێكی ڕاستەقینەی لە نێوان پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە پەیڕەو نەكرد، بەڵكو لەسەر بنەمای تۆڵەكردنەوەی چەندین ساڵی حوكمڕانی سوونە كەوتەوە سەر ھەمان ڕێچکەی پێشتر، بەڵام بەشێوازی جیاوازتر و لە ژێر پەردەی دیموكراسییەت و هەڵبژاردندا.
ئەمریكییەكان بە ڕێگەی حاكمێكی مەدەنی بەناوی پۆل بریمەر ویستیان سەرەتایەك بۆ عێراق دابڕێژن و بیكەن بە نموونەیەك پەردەپۆشی كۆمەڵێك هەڵەی ستراتیژیی خۆیان لە عێراق و ناوچەكەی پێ بكەن، بەڵام ئەو حاكمە و خودی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و ئیدارەی بۆش و دواتریش ئۆباما و كۆتاییەكانیش ترامپ و بایدن نەیتوانی ئەو هەڵە گەورەیە چارەسەر بكەن كە لە عێراقدا تووشیان بوو، قەیران بە قەیران سپاردن و كێشمەكێشمی بەرژەوەندیی ناوچەیی عێراقی لە ژینگەیەكی تەواو ناسەقامگیردا هێشتۆتەوە.
دیارترین قەیران لە حوكمڕانی نوێی عێراق بێ متمانەیی و هەوڵدانە بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵات و پاوانخوازی و بەهێزكردنی كەسایەتییە سیاسییەكان نەك بەهێزكردنی پایەكانی دەوڵەت و حكومڕانی، بەڕادەیەك کە بنەما و پرەنسیپە دەستووری و یاساییەكان هیچ بەهایەكی نەماوە، نەك رێككەوتن كە بەپێی كاتژمێرەكانی هەڵچوون و بەرژەوەندی دەگۆڕێن و رێز لە هیچ رێككەوتنێك و هاوپەیمانییەتییەك ناگیرێت.
شیعە وەك پێكهاتەیەكی مەزهەبی باڵا دەسەڵاتی بەسەر تەواوی جومگەكانی وڵاتدا هەیە، بەڵام لە ئاستی ناوخۆیی خۆیاندا هیچ متمانە و پەیوەستبوونێك هەست پێناكرێت و مەترسییەكەیشی لەوەیە ئەم پێكهاتەیە خاوەن هێزی چەكداری میلیشیایین و لە دەرەوەی یاسا و دەستوور پەنا بۆ ئەم هێزانە دەبرێت لە كاتی قوڵبوونەوەی كێشەكان، ئەم مەترسییە هیچ كاتێك لەوەی ئێستا هەیە دیمەنەكەی ڕوونتر نییە، بەتایبەتی كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ساڵی 2021 باڵانسی هێزی ناوخۆیی ماڵی شیعەی گۆڕی لەنێوان دوو كەسایەتی كە باكگراوەندێكی سەختی ململانێیان هەیە، ئەویش نوری مالیكی و موقتەدا سەدرە، وەك دەگوترێت(خوێن) لە نێوانیان دایە و هیچ رێككەوتنێك ناتوانێ ئەم بابەتە یەكلایی بكاتەوە.
ئەمەی ئێستا هەیە لە عێراقدا هۆكارەكانی زۆرن، بەڵام دیاترینیان پشت نەبەستنە بە دەستوور و بەتایبەت بنەماكانی شەراكەت و بەشداری ڕاستەقینە و ڕێزگرتن لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و نەبوونی ڕوئیایەكی گشتی كە تێدا بەرژەوەندیی وڵات لەسەرووی هەموو شتێكەوە بێت، سیاسییەكانی كورد لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی عێراقێكی دیكتاتۆر و ناوەندگەرا زۆر هەوڵیاندا دەستور و شەراكەتی راستەقینە لە عێراق جێ بگرێت و مۆدێلێكی نوێی وا بێتە كایەوە پرۆسەی حكومڕانی راستە رێ بێت، بەڵام بێ ئەنجام بوو، چونكە شیعەكان لە ناوخۆیاندا خاوەن ئەم پرەنسیپانە نین و هێزگەلێكی وایان هەیە بڕوای نەك بە مۆدێلەكە نییە، بەڵكو رووبەڕووبوونەوەی بە جیهاد دەزانێت.
لە وردبوونەوەمان بۆ خوێندنەوەی سیاسییەكانی عێراق و بۆچوونەكانیان لە میدیاكاندا پەیامەكانیان تائاستی تێگەیشتنی وڵاتێكی دیموكراسی قبوڵكراوە، بەڵام لەسەر مێزی گفتوگۆ و مەرجداری دانوستان تەواوی بەرگی دیموكراسی ڕادەماڵن و زمانی زبر و هەڕەشە جێگە بەو بۆچوونە ڕووپۆشكراوانەی ناو میدیا دەگرێتەوە و دەستبردن بۆ حەڵاڵكردنی خوێن و هەقی پێكهاتەكانی دیكە ساناترین خواست و ویسیتیانە بەبێ ئەوەی گوێ لە ئیرادەی ئەنجامی هەڵبژاردن بگرێت، ئەمە دیموكراسییە نوێییەكەی عێراقە!؟
دیوێكی دیكەی ناو ململانێیەكانی عێراق دەستێوەردانە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكانە، كە بۆ خۆی ڕەوشەكەی هێندەی دیكە ئاڵۆزتر كردووە، ئێران بەرێگەی كەسایەتی سەربازی دۆسیەی عێراق و بەتایبەتی شیعە بەڕێوەدەبات كە ئەنجامەكەی هەر بۆنی خوێنە، ئەمریكا بەڕێگەی دیپلۆماتكارێكی ناشارەزا لە پێكهاتەی نەتەوەیی و مەزهەبی و جوگرافیا و مێژوویی وڵاتێك لە خوێن دروستكراو دێتە ناو چەقی كێشەكان و وڵاتانی عەرەبیش لە ئەنجامی كاردانەوەی هەژموونی شیعە و ئێران پچڕپچڕ كارەكتەری سیاسی بێ ئەزموون و بێ نفوز لەو وڵاتە پشتیوان دەكەن، توركیاش وەك كارەكتەرە جیاوازەكەی نێو كێشەكانی عێراق چاوی تەماحی ئابووری و گەڕانەوە بۆ سنورەكانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، دەیانەوێ پشكیان هەبێ.
ئەمانە بەشێك لە كێشەكان بن، ئەی چارەسەر چییە؟!
نوخبەی سیاسیی عێراق كۆڵەوارن و چاویان و بیریان تەنیا گەیشتنە بەدەسەڵات و بەهێزكردنی پێگەی خۆیان و حیزب و گرووپەكانیان و چەكدارەكانیانە، كوردیش دەنگێكی هێندە بەهێز نییە بتوانێ ئەم واقیعە نەك بسڕێتەوە، بەڵكو لە بیركردنەوەی نوخبەی سیاسیی عێراقی كاڵ بكاتەوە، هەموان ئەوەمان لە بیردایە ئەمریكا و ئەوروپا و وڵاتانی جیهان چەندە ئیمكانییەتی مادی و لۆجستییان بۆ پرسی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و كۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق بە هەدەر دا، چەند شوێنی گرت هەوڵ و كۆششەكانی سەركردایەتی سیاسیی كوردیش لە عێراق هێندە شوێنی گرت، چونكە نە شەراكەت هەیە، نە پرەنسیپی هاوبەشی ڕاستەقینە، نە مافی پێكهاتە، نە دەستورێك بتوانێ كێشەكان یەكلایی بكاتەوە، بەڵكو عەقڵییەتێكی چەقبەستووی پەروەردەكراوی مەزهەبییە و هیچ دۆخێك ناتوانێ ئەمە بگۆڕێ، تەنیا چارەسەر لە عێراقدا گەڕانەوە نییە بۆ ئەو گرێبەستەی نێوان پێكهاتەكان كە لە(دەستور)دا وێنە كراوە، بەڵكو گۆڕینی عەقڵییەتی كەسایەتی و نوخبەی سیاسیی وڵاتەكەیە، ئەمەش شۆڕشێكی دەوێ کە ئێستا زووە لە عێراقدا باس بكرێت و بیری لێبكرێتەوە.
هەر ئەوە ڕاستە كێشەكان سڕبكرێن و كەڵەكە بكرێن و هەڵبگیرێن تا ئەو شوێنەی قەدەر حكومڕانی خۆی بكات.