سه‌ره‌تا وتار کێشەی عێراق لە عەقڵییەتدایە نەک لە دەستوور

کێشەی عێراق لە عەقڵییەتدایە نەک لە دەستوور

69

بێستون مسعود ساڵەیی
عێراق بەو عەقڵییەتانەی ئێستای بەغدا بەڕێوە ناچێت، وەکو وڵات خاپوورە و لەڕیزبەندیی وڵاتە دواکەوتووەکانی ئەمڕۆی جیهان جێی گرتووە، دابڕاوە لە هەموو پێشکەوتن و داهێنانێک و لە هەر ئومێد و بڕوا و متمانەیەکی نێوخۆیی و جیهانی داماڵڕاوە ..!

عێراق لە بازارێکی بێسەروبەری لا کۆڵانان دەچێت، هەر ڕۆژە و فرۆشیارێ عەرزی کاڵا و تواناکانی دەکات، جگە لە فرۆشیارە خۆماڵییەکانی، بیانییەکانیش دوو هێندە زیاترن، ئەم فرۆشیارە بێ مۆڕاڵ و بێ ئەتەکێت و بێبەزەییانە، کەوتوونەتە گیانی خەڵک و خاک ئەو وڵاتە، لووتبەرزی و تاکڕەوی و گەندەڵی و بێ منەتیی خۆیان بە خەڵکی ماندوو و بێ دەسەڵاتی عێراق دەفرۆشنەوە.

لە حوکمرانی ئەم وڵاتەدا لایەنی سیاسی و کەسایەتی نەماون کە تاقی نەکرێنەوە، ئەوەی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست لەوەی پێش خۆی خەراپتر مامەڵەی کردووە، ئیتر یان گەندەڵ بووە، یان دەسەڵاتی دەستووریانەی خۆی بە کار نەهێناوە. هەڵبژاردن تەنها پرۆسەیێکی نمایشییە، وای تر هیچ لاێەنێک دووەمبوون قبووڵ ناکات، هەمووان پێیان وایە یەکەمن.

کێشە لە دابەشکردنی پشکەکاندا نییە، لە بەرکەوتنی پشکی شێر و زۆری و کەمی لە دەسەڵاتدا نییە، کێشە نە لە دەستوورە نە لە سیستەمە، بەڵکو کێشەی عێراقییەکان لە (عەقڵییەتدایە) کە نە بە دەستوور و نە بە سیستەم چارەسەر دەکرێت، ئەم جۆرە عەقڵییەتە هێدە داخراو و خۆسەپێنە ڕێگە بە خۆی نادات دەستوور پێشڕە و ڕێڕەوی بێت.

عێراق لە ئێستادا بە دۆخی هستریادا گوزەر دەکات، ترس و دڵەڕاوکێ سەرتاپای وڵاتەکەی داپۆشیوە. ئەمڕۆت پڕ سترێس و نائومێدی، سبەینێش دیارنیە چۆن دەبێت..! روون نیە سبەینێ کە لەخەو هەڵدەستی کام هێز شەقامی بەدەستەوەیە و لایەنگرانی تێیدا مانیان گرتووە…! کام شەقام هاتووچۆ و جووڵە لە لایەن سوپا و هێزە ئەمنییەکانەوە تێیدا قەدەغە کراوە؟! ئەمڕۆ شەقام بەدەست لایەنێکەوەیە و دوو سبەی کۆنترۆڵی بەدەست گرووپێکی دیکەوەیە…!

چاوەڕێی ئەوەی بزانیت ئەمڕۆ میلیشیاکان هەڵیانکوتاوەتە ماڵی کام بەرپرس و ئاخۆ کێیان بێ سەروشوێن کردووە؟!
عێراقی خاوەن چەندین فەرهەنگ و چەندین زمان و چەندین ئایین و مەزهەب بە حزبەکانی ئەمڕۆی عێراق ئیدارە نادرێن و ئاشتی و پێکەوەژیان و ئاسایش و مافی نەتەوەکان و تایبەتمەندیی خەڵکە جیاوازەکەی لە مەترسی و لە ژێر هەڕەشەی توندڕەوەکان و شۆڤێنی و دارودەستە و بەکرێگیراوانی زلهێزەکانی ناوچەکەن. هیچ کام لە لایەنەکان لە خەمی داهاتووی خەڵکی عێراقدا نین، ئەوەی سەری گوریسەکەی بە توندوتۆڵی لە دەست و بازووی خۆیدا ئاڵاندبێت بە باشی بۆ لای خۆی ڕایدەکێشێت و هەوڵ دەدات گوریسەکە بەرنەدات و تەنها خۆی خاوەنی بێت.

کاتێک عێراقێک ئەمە حاڵ و گوزەرانی بێت، تەواوی کۆڵان و شەقامی شار و گوندەکانی گەندەڵستان و پڕ لە مافیا و سەرتاپا بە ترس و دڵەڕاوکێی بەردەوام داپۆشرابێت و مرۆڤ لە ماڵ و ژیانی سبەینێی خۆی دڵنیا نەبێت، بۆچی دەبێ ئەو ژەهرە بڵاو بکرێتەوە کە هەرچیەکمان لە سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی خۆمان هەیە ڕادەستی ئەو بەغدایەی بکەین کە هەر ڕۆژە و بەجۆرێک بۆ ئەجێندا و وڵاتێک ئیدارەی دەدرێت؟!

کورد بە کام دەسەڵاتی بەغدا سەرسام و شەیدایە بۆی؟! بە جێبەجێ نەکردنی دەستوور، بە جێبەجێ نەکردنی مادە 140، بە شایستە داراییەکانی پێشمەرگە، بە جیاوازی نەکردنی پێشمەرگە و حەشد و سوپا، بە بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ، بە هێرشە درۆن و موشەکییەکان؟! ئایا سەقامگیریی وڵات و ئاسایشی هاووڵاتی و خۆشگوزەرانی و خزمەتگورارییەکان و ئاوەدانی هەرێمی کوردستان دەکەی بەقوربانی ئەو بەغدایەی کە نە پایتەختی ئیتیحادیە و نە پایتەختی فیدراڵییە…؟