سه‌ره‌تا وتار ويلایەتی موسڵ

ويلایەتی موسڵ

486

یونس حەمەد – ئۆسلۆ
گەڕانەوە بۆ بنچینەکانی مێژوو سەلمێنەری بوونی نەتەوە و نیشتیمانه، له ڕوانگەیەکی مۆڕاڵی دا دان بە بوونی مرۆڤایەتی دادەنێت. له سؤنگەی هەستکردن بەبەرپرسیاریەتی بەرانبەر مێژوو و دیرۆک دا ئەوە دەخاتە ڕوو، که ئایندە پەیوەند و پەیوەستە بە مێژووەوە.

دوای تەواوبوونی يه‌كه‌مين جەنگی جیهان، مێژوو ڕەحمی به مێژووی کورد نەکرد، هەروەها هێمایەکی ترسناکی دایه جیهان بەوەی مێژوو تەنیا بەوانه دەنووسرێنەوە، که ڕاستگۆ نین، نە لەگەڵ خۆیان و نە لەگەڵ خەڵکانی دیکه، بۆیە دەبینین زۆرجاران نووسینەوەی مێژوو دەبێتە کێشە و گرفت بۆ ئایندە. موسڵ وەک شارێکی هەمیشە زیندوو ویلایەتی موسڵیش وەک بنچینیەک بۆ مێژووی کورد له دوای کۆتایی هێنانی جەنگی گەورەی یەکەم ئەوە چووە سەر مێزەوە بێ بوونی کورد مامەڵەی لەسەردا کرا، تا بووە هۆکاری ئەوەی کێشەکان بۆ کورد زێدەتر بکرێن و قوڵتر ببنەوە، وەک ئەوەی ئێستاکه دەیبینین زۆرشوێن بوونەتە ئەمرێک ئەگەرچی له واقیع دا وانەبووە، بەڵام کردوویانه به واقیعێکی تاڵ.

موسڵ و ولایەتی موسڵ له‌ مێژووی دێرین وهاوچەرخ دا ناوچەیەکی کوردنشین وکوردستانی بووە ، کەلتوور زمان ، داب ونەریت ، جل وبەرگ ، شێوازی ژیان ، خەڵکەکەی ڕەسەنی کوردبوون ، بەڵگەکانی دوێنی شاهیدن بۆ ئەمڕۆ و ئایندە.

هاتنی خەڵکانی دیکه بۆ ئەم ويلایەتە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هاوچەرخ واتا دوای جەنگی گەورەی جیهان سەرەتای سەدەی بیستەم ، سەبارەت به عەرەب ئەوە زۆربەیان له شام ودوورگەی عەرەبی و کەنداو ڕوویان تێکردووە، خێڵەکانی نەجد له شاری قەتیف ، مەدینه و ئیحسا‌و و (حەفەر باتن) و زوبێر و کوێت و باشووری ئێستای عێڕاق، خاوەنی ڕەسەنی ئەو خێڵانەن که بەهۆکاری جیاجیا وەک وشکه ساڵی ناوچەکانیان و کۆچکردنی بەردەوام لەملا و ئەولا هاتوونه سەرەتا دەورووبەری ويلایەتی موسڵ دواتر ناوشار ولای بەرەی ڕاست نیشتەجێ دەبوون، وەک خێڵەکانی (خەزرەج و تایی وجبوور وشەممەڕ وتەمیم) وهتد. سەرچاوە مێژووییەکان ئەوە دەسەلمێنن که موسڵ له دیرۆکەوە ناوچەیەکی کورد نیشین بووە، هەربۆیە دەبینرێت هەمیشە ناوچەی (نەبی یونس) وەک سەرچاوی بازاڕ وگوزەرانی خەڵک بووە لەم شارەدا ، ناوچەی (نەبی یونس ) ئێستا دوای ئه‌و هەموو تەعریب و ڕاگواستن وبێ بەشکردن له هۆیەکانی ژیان دا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ، بەڵام هەر کورد زۆرینەن چ له موسڵ به تایبەت (نەبی یونس) ، وەک مەزاری ئاینیش زۆرترین مورید و هاموشۆكارانى کورد بوونه . لای چەپی موسڵ سەردەمانێک كورد زیاتر له 95٪ پێک دەهێنا ، لای ڕاستیش زیاتر له 80 ٪ ، چونکه ده‌وروبەری دانیشتووانی لای چەپ وڕاستی دانیشتووانی کوردبوونه وەک ئاکرێ ، بەردەڕەش و ناوچەی زێبار ، تا دەگاتە دهۆک و تەواوی دەڤەری بادینان له باکووردا ، له‌ لای ڕاستیشدا دەورردراوە به شنگال و زومماڕ و ڕەبیعە تا دەگاتە ڕۆژئاوای کوردستان ، ئەمەش بەڵگەی سەلمێندراوە بەوەی دیرۆک ئەم شارەی به کوردستانی ناساندووە ، چونکه هاتنی به لێشاوی خێڵەکانی عەرەب له زەمەنێکی دوورنیيه ڕوویان تێداکردووە ، لە ڕووی زمانیشەوە عەرەبەکانی موسڵ زمانێکی تایبەت به خۆیان هەیه ، جگە له خۆیان کەسی تر پێی نادوێت ! ، ئەم زاراوە زمانەش خەڵکێکی یەکجار کەم قسەی پێدەکەن بەراوورد لەگەڵ عەرەبەکانی دیکەدا، زۆربەیان وەک شاميیەکانى (سووریا) ژیان وگوزەر دەکەن و وەک زاراوە و هەتاوەکو خواردن و جل وبەرگ و ژیانی ئاساییشيان ، لەملاشەوە خێڵەکان له هەموو ڕووێکەوە نزیکن چ ئاخافتن یان ژیانی ڕۆژانه له دوورگەی عەرەبی و کەنداوییەکان دا ، ژیانیان وەک کۆچەر ( بەدو) دەگوزەرێنن . بۆیە گەڕانەوە بۆ مێژوو سەلمێنەری ئەوەیه که ڕێکەوتننامەی (لۆزان) زوڵمێکی گەورەی له گەلی کورد کردووە ، چ لەڕووی نیشتیمان وخاک دا یان پێنەدانی ماف بۆ ئەو گەلەی که بەردەوام خەبات دەکات بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای خۆی، که سەربەخۆیی خاك و وڵاتە.