سهرهتا وتار هەرێمی كوردستان و ئۆكراینا، قوربانییانی جیهانی هاوچەرخن
د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
كەم كەس هەیە ئەو جۆش و خرۆشەی تاكی هەرێمی كوردستان، بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی و هزری و، بە پێداگری سەرۆك بارزانی و زۆرینەی پارتە سیاسییەكانی هەرێم، لە ساڵی 2017، لە پێناو بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی و دەنگدان بە سەربەخۆیی، لە یاد بكات. ئەو جۆش و خرۆشەی بە چەك سەركوتكرا و ئەگەر ئازایەتی پێشمەرگەی قارەمان نەبوایە، دیار نیە ئاكامەكانی چەند خراپتر دەبوون. لە ماوەی كەمتر لە چەند ساڵێك لەو كارەساتە، لە جیهانی هاوچەرخدا لە ناوچەیەكی دیكەش لەم گەردوونەدا، نەتەوەیەكی دیكە تووشی هەمان چارەنووس بوو. لە سەرەتای ساڵی نوێدا وڵاتێكی وەك ئۆكراینا كەوتە بەر شاڵاوی ئاگری جەنگێكی نەخوازراو، كە تەنیا تاوانیان ئەوە بوو ویستیان وەك كوردستانیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
لێرەدا نامانەوێ بە قووڵایی بچینە نێو وردەكارییەكانی ئەم جەنگە ماڵوێرانكەرە. ئەگەر ئەم جەنگە بە هۆكاری “ئابووری” بێ وەك ئەوەی ماركس و لێنین بۆی دەچن، یان هۆكارەكەی سروشتی بێ وەك ئەوەی چارڵز داروین بە “ململانێ بۆ ژیان و مانەوە” وەسفی دەكات، و یان بە ئەگەرەكانی “كەلتووری و كۆمەڵایەتی و ئایینی” بێ وەك ئەوەی سامۆئێل هانتیگتۆن و ئەنگلهارت بۆی دەچن یان بە هۆكاری “نەرێنی بوونی سروشتی مرۆڤەوە ” بێ وەك بوونەوەرێك “خراپ” وەك ئەوەی سیگمۆند فرۆید باسی لێوەدەكات، یان بەهۆكاری پڕبوونی ئەوروپا و جیهانە لە مرۆڤ كە وەك بۆمبێك وایە و بەو شێوەیە تەقییەوە، لەبەر هەر بۆچوونێک بێت ئەوە تەنها جێگەی داخ و پەژارەیە.
لەبەر ئەوەی لە چەرخی بیست و یەكەمدا، بەو شێوەیە وڵامی نەتەوەیەك بدرێت كە تەنها تاوانیان بڕیاردانە لە چارەنووسی خۆیان، بەو شێوەیەی كە خۆیان دەیانەوێ و ئارەزوویان هەیە بژین، بۆ نموونە دۆزی هەرێمی كوردستان و ئۆكراینا دەریانخست كە مرۆڤایەتی هێشتان لە ئامانجەكانی دیمۆكراسییەت دوورە. مرۆڤایەتی ناتوانێ وەك ئێریك فرۆم پێی وایە سوود لە “ئازادی”ی خۆی وەربگرێ. جیهانی سەردەم سنوورەكانی ئازادی و بنەماكانی دیمۆكراسییەتی لێ تێكچووە و لەدەستی داوە. مرۆڤایەتی وەك پێویست نەیتوانیوە وەك دەروونناسانی قوتابخانەی مرۆڤگەرایی بۆی دەچن ئەو مرۆڤ و بوونەوەرە “ئەرێنی” و چاكە بن، كە پێویست بوو ببن. كپكردن و سەركوتكردنی دەنگی ئازادی، لە سەدەی بیست و یەكەم، زەنگێكی مەترسیدار بوو، كە لێ دراوە و دەریخست مرۆڤایەتی هێشتا تام و چێژی دیمۆكراسییەتی هەرس نەكردووە و نەیتوانیوە وەك پێویست لە ئاست بنەماكانی ئەو جیهانە بێت، كە تاكی مرۆڤایەتی ئارەزووی ژیانێكی خۆشگوزەران و بەختەوەرانەی لێ بكات.
ئەم دوو نموونەیەی جیهانی هاوچەرخ، كە لە جیهاندا دەنگیاندا، نموونەی بێ بەزەیی زانست و پێشكەوتنە، كە تیایدا لە جیاتی ئەوەی زانست و تەكنەلۆجیا بخرێتە خزمەت مرۆڤایەتییەوە، جارێكی تر بوو بە ئامرازێك بۆ لەنێوبردنی مرۆڤ و لەباربردنی خەونە ئاسایی و یاسایی و سروشتییەكان. تەنیا جیاوازییان لەوەدابوو كە نموونەی یەكەم، واتە هەرێمی كوردستان، جیهانی دیمۆكراسیی سەردەم بەوپەڕی ترسنۆكییەوە هیچ هەڵوێستێكی دژی سەركوتكەران و دەنگی چەك نەبوو، بەڵام لە نموونەی دووەمدا، جیهان هەڵوێستی نواند و كەوتە بەرگریكردن لە دەنگی ئازادی.
ئەو نموونانە جارێكی تر گۆمانی لای مرۆڤایەتی دروستكرد كە مرۆڤ ناتوانێ سوود و وانە لە رابردوو و مێژوو وەربگرێ و جەنگە ماڵوێرانكەرەكانی یەكەم و دووەمی جیهانی و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست نەبوونەتە هۆكار بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی جارێكی دیکە پەنا بۆ چەك نەبات بە هەموو جۆرەكانی بایۆلۆژی و كیمیاوی و ئەتۆمی، بەڵكو بەپێچەوانەوە هەموو ئەگەرەكان لەبەردەم مرۆڤایەتی كراوەن و دوور نیە جەنگە مەزن و ماڵوێرانكەرەکە لە هەر ئان و ساتێكدا روو بدەن، چونكە مرۆڤایەتی شەرمی بەخۆی نیە كە لەو جەنگانەدا چ قۆربانییەك دەدرێت و چەند خوێن دەڕێژرێت.
ئەگەر چارەنووسی دەنگی زۆڵالی ئازادیخوازی و دیمۆكراسییەت هاوشێوەی ئەوەی لە هەرێمی كوردستان و ئۆكراینا بێ، دەبێ مرۆڤایەتی چاوەڕێی چەند تاوانی هاوشێوەی دژی خۆی بێ؟ ئەگەر لەجیاتی دیالۆگ و گفتگۆ و لێكتێگەیشتن و برایەتی و مرۆڤدۆستی و هەوڵ بۆ چارەسەری ئەو گرفتانەی رووبەرووی مرۆڤایەتی بوونە وەك قەیران و كارەساتە سروشتییەكان، پیسبوونی ژینگە و، بە بیابانبوونی ناوچە جیاجیاكانی جیهان و، كەمبوونەوەی خۆراك لە جیهاندا و …هتد، مرۆڤایەتی خەریكی یەكتر كوشتن بێ….! ئاخۆ دەبێ نەوەكانی داهاتوو چۆن خۆشگۆزەران و بەختەوەر بن و خێر و خۆشی لە ژیان وەربگرن، چ جای مرۆڤی ئێستا، كە لە هەر چركەیەكدا، هەزاران تاوانی لە دژ ئەنجام دەدرێت و بە نائۆمێدییەوە لە ئێستا و داهاتوویەكی نادیار و خەمناك دەڕوانێ؟!.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی زاخۆ