خەبات: هێمن ئاری:- هومایۆن شەجەریان، هونەرمەندی بەناوبانگی ئێران دوو گۆرانی بەزمانی كوردی بڵاودەكاتەوە، گۆرانی ( مینا گیان ) و ( شیرینە سەوزە ) ئەو دوو گۆرانیەن كە هومایۆن شەجەریان بە زمانی كوردی گوتوتییەوە. هونەرمەندی ناوبراو لە پەیجی تایبەتی خۆی لە ئینیستاگرام باس لەو دوو بەرهەمە دەكات كە ساڵی 2008 لەگەڵ باوكی سەردانی سلێمانیان كردووە و خەڵك رێزێكی زۆریان لێناوە، دەڵێت: جوانییەكانی ئەو سەردانەمان بۆ شاری سلێمانی هێندە لە بیرەوەریمدا مایەوە كە ساڵی 2012 بۆ كۆنسێرتێكی دیكە لەگەڵ هونەرمەندانی سلێمانی بۆ جاری دووەم سەردانی ئەو شارەم كرد. هەروەها دەشڵێت: دوای ئەو كۆنسێرتە لەلایەن هاوڕێ خۆشەویستەكانمەوە پێشنیازی ئەوەم بۆ كرا دوو گۆرانی بەزمانی كوردی بڵێمەوە، منیش بەوپەڕی خۆشییەوە قبووڵم كرد.
سەرەتا دەمویست تەنیا ئاوازەكە كوردی بێت و وشەكان فارسی بێت بەڵام دواتر هاوڕێكانم داوایان لێكردم وشەكانیش كوردی بێت و بە كوردی تام و چێژێكی تایبەتی هەیە. منیش دوای ئەوەی شیعری گۆرانییەكانیان بۆ وەرگێڕام بە كوردی هەردوو گۆرانییەكەم گوتنەوە. هەروەها هومایۆن شەجەریان نووسیویەتی: ئەو دوو بەرهەمە لە قوڵایی دڵمەوە پێشكەشی كورد زمانەكان دەكەم لە سەرانسەری دونیا. هیوادارم جەسارەتم بە پێی عەشقی بێ كۆتایم بۆ ئێوە دابنێن.