ئەسرین عاسی شوانی
خۆری پارتی کاتێ دەرکەوت، شەوەزەنگ کوردستانی گرتبووەوە، بەڵام بە لەدایکبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان، دڕ بەو شەوەزەنگە دراو، تیشکی زێڕین بست بە بستی کوردستانی تەنی و مەشخەڵی شۆڕشی کوردایەتی گەیاندە دوا مەنزڵ.
گەر ئاورێک لە سەرەتای دروست بوونی پارتی بدەینەوە دەبینین کە پارتی هەر لەسەرەتای لە دایکبوونییەوە بە چەندین تەنگەژە و کەند و کۆسپدا گوزەری کردووە، سەرەڕای ئاستەنگەکان کە خراونەتە سەر ڕێگای، ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەکردنی زیاتردا بووە و زیاتر و زیاتر ڕەگی ڕۆچووەتە ناو جەماوەر، وەکو پارتێکی نەتەوەیی دەرکەوتووە، نەک تەنها لە باشوری کوردستان، بەڵکو لە ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژاوای کوردستانیش پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو سیمبولی کوردایەتی ناسراوە و لە کاتی ئاستەنگەکانی بەردەمی ڕۆڵەکانی کوردستان بە هەموو پارچەکانییەوە بەخوێن پاراستویانە و داکۆکییان لە مانەوەی و بەردەوامی خەباتی کردووە، دەکرێت ئاماژە بە هۆکارێکی زۆر گرنگی مانەوە و گەشەکردن و بوونی بە ڕەمز وەکو بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردایەتی بکەین، بزانین ئامرازی خۆڕاگریی پارتی لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە و لە گەشەی بەردەوامی خۆی دایە، چی بووە؟
بە بڕوای چاودێرانی سیاسی و بیرمەندانی کورد و جیهانی هۆکاری گەشە و بە گەنجی مانەوەی پارتی دەگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتیکردنی لە لایەن “بارزانی”یەوە، هەر لە بارزانی باوکەوە تا بارزانی کوڕ و درێژەپێدەری ڕێبازە پیرۆزەکەی، جەنەڕاڵ بارزانی کە هەموو ژیانی تەرخانی خەبات و تێکوشان کرد لە پێناو مافی ڕەوای گەلی کورد، تا جوانترین ناسنامە بە باڵای پارتیدا بدورێت بە دروستکردنی جووڵانەوەیەک کەوا خەونی نەتەوەکەی بکاتە کردار و میلەتەکەی لە چەوسانەوە و داگیرکاری کۆتایی پێ بهێنێت، بۆیە سەرکردەی ڕۆحی مستەفا بارزانی نەک تەنها خۆی ژیانی قوربانی کوردایەتی و پارتی کرد، بەڵکو خانەوادەکەی و گشت بنەماڵەکەشی لە پێناو ئەو ڕێبازە پیرۆزەدا و لە تێکۆشان و بەرخودان لە پێناو کوردایەتی و کوردستان تێکەڵاوی شۆڕش و خەبات بوون، بۆیە دەبینین کە سەرۆک بارزانی کوڕ بەهەمان نەفەس درێژەپێدەری ڕێبازەکەی بارزانی باوک، “پارتی”یان گەیاندۆتە لوتکە.
ئەوەبوو چەندین داستان و نەبەردی تۆمارکرد، هەرلە داستانی خواکوڕک دەیان داستانی مێژووی پڕسەروه ری بۆ گەلەکەی کە ڕاپەڕینی لێ هاتە بەرهەم و بە شاهیدی دۆست و دوژمن پارتی بووەتە ناسنامەی کوردایەتی.