ئەمیر جەرگیس
پارتی بۆ نوێبوونەوە و مانەوەی بە “پارت”ی پلە یەکی کوردستان تەنها پشت بە خەرمانەی دەستکەوتەکانی مێژووی ٧٦ ساڵی ڕابردووی نەبەستووە”
لە مێژووی 76 ساڵی ڕابردوودا لە سایەی تێکۆشانی ئازادی و سەربەخۆخوازیدا کە بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر و تێکۆشەرانی کوردستان و دووربینیی بارزانیی نەمر بۆ ئایندەی دۆزی ڕەوای گەلی کورد و پشتگیری و هاندانی پێشەوا قازی موحەممەد، یەکەم سەرۆککۆماری کوردستان لە مێژووی هاوچەرخی کورددا پارتی لە ١٦/٨/١٩٤٦ تێیدا دامەزراوە و لە سایەی ئازادی و لە ژێر سێبەری ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لە سەردەمی یەکەم کۆماری کوردستان لە مێژوودا هەروا جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانییش وەک خەڵاتێکی یەزدانی و موژدەیەکی خۆش لە ڕۆژی دامەزراندنی (پ.د.ک)دا لە ١٦/٨/١٩٤٦ لەدایکبووە کە بە وەرچەرخانێکی مێژووییی گرنگ لە مێژووی هاوچەرخی کورددا هەژمار دەکرێت، کە لەو ڕۆژەوە هیوا و بڕوا بەخۆبوون جێگەی نائۆمێدی و شکستەکانی گرتەوە و بە دامەزراندنی پارتی نەوەیەکی نوێش لە سەدەی ڕابردوو لەدایکبوون کە لە سەدەی تازەشدا سەرکردە و پێشمەرگەی پێشەنگی خەباتی ڕزگاریخوازی و سەربەخۆخوازانەن بۆ یەکگرتنەوەی کوردستان و هەڵسانەوەی کورد، هەر بۆیە ئەمڕۆ (پ.د.ک) وەک قوتابخانەیەکی ڕەسەن بۆ بەرزکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی و کوردایەتی و سەربەخۆخوازیی نیشتمانی و لە بەر ڕۆشنایی دیدگای سیاسی و نیشتمانی و شۆڕشگێڕی و بنەماکانی هزری بارزانیی نەمر بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردستانی و درووستکردنی مرۆڤی کورد کە بڕوای بە خۆی و دۆزە ڕەواکەی هەبێت، بوو بە پێشەنگی خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕی و دیپلۆماسی کورد و بە درێژایی 76 ساڵی ڕابردوو، زۆرترین دەستکەوتی بۆ گەلەکەی هێناوەتەدی و بۆ بەهێزکردنی گیانی بەرگریکردن لە کوردستان و بۆ هێنانەدی ئازادی و سەربەخۆیی و دادپەروەری و ئاشتی و دیمۆکراسی و یەکگرتنی کوردستانییەکان، پارتی و ڕێبازی کوردایەتی بارزانی بەردەوام لە گەشەسەندندا بووە.
پارتی وەک مودێلێکی هزری نیشتمانی و نەتەوەیی بە هۆی پەیڕەوکردنی سیاسەت و ستراتیژیی سەرکەوتووانەی لە پشتبەستن بە تواناکانی زاتی جەماوەر و کۆمەڵگای کوردستانی و بڕوا بەخۆبوون و خۆ نوێکردنەوە و ڕەخنە لەخۆگرتن و لەخۆبایی نەبوون لە کاتی سەرکەوتنەکان و هەڵسانەوەی لەکاتی شکست و پیلانگێڕییەکانی داگیرکەران دژ بە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان و خۆگونجاندن و بڕوابوونی پارتی بە بنەماکانی ڕێبازی کوردایەتی و بارزانیی نەمر و لەبەر ڕۆشنایی سوودوەرگرتن لە خەبات و تێکۆشانی شۆڕشەکانی میللەتانی تر و پارتە پێشکەوتووەکانی جیهانی لە بلۆکبەندییە سیاسییەکانی دیکە کە پارتی خۆی لێیانەوە نزیک دەزانێ و پەیوەندیی سیاسی و دۆستانەشی لەگەڵیاندا بنیاد ناوە بۆ ئەوەی پشتیوانی و هاوسۆزییان بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کورد بەدەست بێنێ و بڕوابوونی بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و پرۆسەی بە بەردەوامی بەخۆداچوونەوە و خۆ نوێکردنەوە و داڕشتنی سیاسەت و پلان و ستراتیژی و دیپلۆماسیی جەماوەری و گرنگیدان بە خاکەرایی سەرکردەکانی و تێکەڵاوبوونی بەرپرسان و کادیران و ئەندامانی پارتی لەگەڵ جەماوەر و دڵسۆزی و قوربانیدانی باوەرمەندانی ڕێبازی پارتی و بارزانی بۆ نیشتمان و دۆزە ڕەواکەی و بە باڵازانینی بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوەیی کوردستان لە سەرووی بەرژەوەندیی پارتی و هەموو بەرژەوەندییەکی ترەوە و بە هۆی هەبوونی سەرکردایەتییەکی حەکیمانە و ژیرانە و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی سەربەخۆ و مەشروعییەتی یەک گوتاری (دیسکۆرس) لە ناو پارتیدا و خۆ بەستنەوەی پارتی بە بنەماکانی ڕێبازی کوردایەتی و هزری سەربەخۆخوازانەی بارزانیی نەمر و ئاوێتەبوون لەگەڵ جەماوەر و کۆمەڵگای کوردستان لەسەردەمی ئاشتی و شەڕ و سەرکەوتندا و مسۆگەرکردنی پشتگیریی جەماوەری و ڕێبەرایەتیکردن گەل و بەرگەگرتن لەبەرانبەر گۆڕانکارییەکان و هەڕەشە و مەترسییەکان و ئەو گەلەکۆمە ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییانەی دژ بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی و بە تایبەتییش ڕاستەوخۆ دژ بە پارتی و ڕێبازی بارزانی و سەرکردەکانی لە ڕابردوودا کراوە، پارتی سەربەخۆییی خۆی پاراستووە و پشت لە داگیرکەران و ڕووی لە گەلەکەی بووە.
پارتی سەلماندوویەتی کە بە خۆڕاگری و سیاسەت و ستراتیژیی ژیرانەی لە بەرگریکردن لە کوردستان و گەشەپێدانی ئەزموونی سیاسی و دیموکراسی و مانەوەی کوردستان بە یەکگرتوویی بەسەر هەموو کۆسپ و تەگەرەکاندا سەرکەوتوو بووە، بە هەموو پێوەرەکان پارتی خاوەنی تۆڕێکی جەماوەری گەورەیە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و لە دیاسپۆرا، هەڵگری سیاسەتێکی نیشتمانی و کوردستانی بەهێزە، هەڵگری ئامانجی ستراتیژی و نەتەوەییە بۆ کوردستان، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی سیاسەت و دیپلۆماسییەکی سەرکەوتوو پەیڕەو دەکات، خاوەنی هێزێکی سیاسی و توانای مرۆیی گەورەیە، خاوەنی گوتارێکی سیاسی بەهێزە لە بەرانبەر گوتاری لایەنەکانی تری دژ بە کورد و ئەزموونی سیاسی و دیموکراسی هەرێمی کوردستان، پارتی هەڵگری لێبوردەییی سیاسی و ڕێزگرتن لە بیروڕای جیاوازە، پارتی پێشەنگی چەسپاندنی گیانی لێبووردەیی و کەلتووری بەرزی پێکەوەژیانی نێوان هەموو ئایین و نەتەوەکانی کوردستان و بەرگریکارێکی سەرسەختی ماف و ئازادییە نەتەوەیی و ئایینی و ئیتنییەکانە، پارتی پێشەنگی هزری ئازادیخوازی و سەربەخۆخوازییە و دیموکراسی و ئاشتی و دادپەروەرییش لە بنەما سەرەکییەکانی سیاسەت و ستراتیژیی پارتین.
پارتی تۆڕێکی فراوانی لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە و لە سەردەمی ئاشتی و دیالۆگ و شەڕدا پارتی بە ناوەندی سەنگی کورد هەژمار دەکرێت، پارتی شارەزایی و مێژوویەکی سەرکەوتووی لە بواری حوکمڕانی لە کوردستان و لە دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵدا هەیە، خاوەنی قۆڵاییی جوگرافی و ستراتیژییە، فاکتەر و داینەمۆی سەقامگیری و ئاشتی ناوخۆییە، پارتی ئایندەسازی و دەوڵەتسازی و نەتەوەسازی دەکات، لە خەباتدا وردبین و دووربینە، پارتی لە ڕووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خاوەن زانیاری و هێز و وریاییە، خاوەن سەرکردەیەکی کاریزمایی و سەرکردایەتییەکی بەهێز و یەکگرتووە، پارتی بەردەوام قوتابخانەی پێگەیاندنی سەرکردە و کادیری لێهاتوو بووە بۆ خزمەتی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی. سەرەڕای پیلانگێڕییەکانی ناحەزانی دژ بە پرۆسەی سیاسی و ئەزموونی حوکمڕانی لە کوردستان، بەڵام پارتی سەرکەوتوو بووە لە هەموو هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵدا و بەردەوام جەماوەر و دەنگدەری پارتی لە زیادبووندا بووە، پارتی داینەمۆی پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستانە و بەرگەی هێرش و پەلامارەکانی دوژمنانی کوردستانی گرتووە و بە لێهاتوویی سەرکردایەتی بەرەی پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
داکۆکیکاری سەرسەختی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بووە لە نێو پەرلەمان و دامەزراوەکانی عێراقی فیدراڵدا، پارتی پارسەنگی هێزی هەرێمی کوردستانە، هەربۆیە لە کاتی سەرهەڵدانی ناکۆکیی ناوخۆیی و قەیرانی سیاسی و بە بنبەست گەییشتنی پرۆسەی سیاسی لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دیالۆگ و چارەسەرکردنی سیاسی و ئاشتییانەی پرسی کورد و سەرخستنی ئەزموونی حوکمڕانی لە کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە سیاسییە ناوخۆییەکان لە عێراق، هەموو ڕێگاکان دێنەوە لای پارتی و جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، پارتی هەردەم پشت ئەستوور بووە بە توانای خۆی و پشتگیریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و دەزگا و دامەزراوەکانی ئاسایشی ناوخۆیی هەرێم. ڕا و تێڕوانینی گشتی دەریخستووە هەرکاتێ پارتی بەهێز بووبێت کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بووە و دڵنیایی و گیانی بەرگریکردنیش لای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان گەشەی سەندووە.
کوردستان ئاوەدان و لە دڵنیایی و پێشکەوتندا بووە .ڕابردوو و ئێستاش دەریخستووە سیاسەتی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ژیرانە و واقعبینانەیان لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی و زۆر فاکتەری تر هۆکاربوون بۆ ئەوەی (پ.د.ک) بە پارتی پلەیەکی کوردستان بمێنێتەوە و بۆ بڕیاردان و یەکلاییکردنەوەی کێشە سیاسییەکان لە پرۆسەی سیاسی و گەشەپێدان بە دیموکراسیی هەرێمی کوردستان و لە عێراقی فیدراڵدا پایەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بەهێزتر بوون. پارتی وەک زەروورەتێک لە کۆمەڵگای کوردستان بۆ ئێستا و ئایندە پێگەی بەهێزی خۆی دەپارێزێ، هاوکات لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییش پارتی بە لایەنێکی گرنگ و هاوبەشێکی بڕواپێکراو و بە بەرگریکارێکی سەرسەختی مانەوەی کوردستان بە بەهێزی هەژمار دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد و یەکلاییکردنەوەی پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان.
گەلەکۆمەی سیاسی و سەربازی و گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی ناوخۆیی کوردستان و ناوچەکەش لە ڕابردوودا دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ئێستا و ئایندەی پرسی کورد لە دەستێکی ئەمین دایە و دوژمنانی دۆزی ڕەوای گەلی کورد و ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان، دەزانن تیری تۆڵە ئاراستەی کێ دەکەن، هەر بۆیە دوژمنانی پارتی و ڕێبازی کوردایەتیی بارزانیی نەمر ناتوانن تا سەر سیاسەتی پیلانگێڕی و پەراوێزکردن لەسەر کوردستان جێبەجێ بکەن. ئەمڕۆ لەسایەی وێنەی گەشی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئاشتیخوازانە و ڕێزگرتن لە دیموکراسی و پرنسیپەکانی مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیانی ئایینی و ئیتنی کە لە کوردستان هەیە، گەشەپێدان و ئاشتی و پێشکەوتن و پێگەی بەهێزی کوردستان و پارتی و سەرۆک بارزانی وای کردووە کە کۆمەڵگای جیهانی و وڵاتانی بڕیار بەدەست و دۆستی کورد بە چاوی رێزەوە لە پێگەی بەهێز و جیۆپۆلیتیکی کوردستان بڕوانن و پشتیوانی و هاوسۆزی لێ بکەن.
ئامانجی پارتییش ئاشتی و یەکڕیزی و یەکگرتنەوەی کورد و بەدەستهێنانی زۆرترین پشتیوانییە بۆ کوردستان و ڕەخساندنی دۆخێکی سیاسی و دیپلۆماسییە لە بەرژەوەندیی کورد و بۆ هێنانەدی ئاسۆیەکی گەشتر و بنیادنانی کوردستانێکی بەهێزترە بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی نیشتمانی.هەوڵەکانی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە ئێستادا بۆ بەستنی کۆنگرەی 14هەمینی لە ئایندەیەکی نزیکدا زیاتر پارتی بەرەو نوێبوونەوە و بەهێزبوون دەبات بەرەو داڕشتنی پلان و سیاسەت و ستراتیژییەکی پێشکەوتووتر کە خزمەت بە پرسی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نیودەوڵەتی دەکات.
* ئەمیر جەرگیس- بەرپرسی دیسکی ئەورووپا لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک).