یونس حەمەد – ئۆسلۆ

هەموو مرۆڤێک له ڕووی سایکلۆژییەوە هەستێکی هەیه که بیجووڵێنێت، جا ئەم هەستەیە له چەندین ڕووەوە پێناسە دەکرێت، وەک دەروونناسی ڕەفتار و دەروونشیکاری لەسەر بنیات نراوە، هەروەها دەروونناسی گشتی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، ئابووری، پیشەسازی، نەخۆشناسی،هەتاوەکو جوانی سەروسیما و جوانی ڕەوشت و… هتد. ئەمانه سایکۆلۆژیی مرۆڤایەتین که مرۆڤ له ژیاندا پێناسەی بۆ دەکا!.

کورد وەك سرووشت گەلێکی بێ کێشەیه، زیاتر حەز و ئارەزووی له جوانی و سرووشتدا هەیه، بۆیه له بنچینەدا خۆی به کەسایەتی دەزانێت، جا له ناو کورددا، پارتی بوون هەیه بەواتای ئەندام یان لایەنگری پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو پارتەی بڕوای به گەل و نەتەوە و سەربەخۆیی کوردستان هەیه، بۆیە دەبینین له ڕووی سایکلۆژییەوە پارتییەکان کەسانی هێمنن، کەسانێکن ئارەزووی ئاشتی دەکەن، حەز و دڵیان بۆ چاکه و ڕەوشتی جوان دەچێت، کەم پارتی هەیه جوێن بدات، کەم پارتی هەیه گەشبین نەبێت، پارتییەکان هەمیشە گەشبینن چ به کوردستان وچ به مافەکانی گەلی کورد، ئەمەش لەوەدا سەرچاوەی گرتووە  باوەڕیان به مافی خۆیان هەیه وەک گەلێکی هەمیشە ستەملێکراو.

ڕەفتار مرۆڤ لەیەکەم ساتەوە پێناسە دەکات، چ ڕەفتاری جوان یان پێچەوانەکەی بێت، وای لێهاتووە ئەگەر کەم قسەت کرد و داوای مافی خۆت بکەیت ئەوە پارتی بوونت دەخەنه پاڵ، ئەگەر حەز و ئارەزووت بۆ سرووشتی جوانی کوردستان چوو، ئەوە به پارتیت له قەڵەم دەدەن، ئەگەریش بڕوات به سەربەخۆیی کوردستان هەبوو ئەوە هەر بێ سێ و دوو پارتییت، جا ئەو پایە و سیفەتانه له سایکلۆژیای پارتی بوون ڕەنگ دەداتەوە .  وەک پێناسەیەك بۆ گەلی کورد، دەبینرێت مرۆڤی پارتی زیاتر جددییە لەوەی شتێک به گاڵتە وەربگرێت، پارتییەکان ڕێڕەوی پارتی بۆ ئامرازی کوردستان دەزانن، نەوەک بۆ خۆیەتی، بۆیە هەرکات کەسێک ئەگەر پارتییش نەبێت داوای سەربەخۆیی کوردستان بکات پێی دەڵێن (ئەوەش بۆتە پارتی)، ئەم حاڵەتەی دەیبینین  نزیکەی هەشتا ساڵە ڕەگی داکوتاوە، پارتی ئەگەر کاتی خۆیشی داوای مافی کەمی کردبێت ئەوە له بەرانبەردا دروشمێکی گەورەی بەرزکردۆتەوە، له شۆڕشی مەزنی ئەیلول و گۆڵانی پێشکەوتنخوازدا وەک کوردستان یان نەمان به واتا ئەگەر کوردستان نەبێت مردن هەڵدەبژێرین، ناخی مرۆڤی پارتی بۆ کوردایەتی پاك و بێگەردە، بۆیە دەبینین له کاتی تەنگانەدا پارتی بوون دەبێتە پرسێکی گەورە بۆ کوردستان.

زۆر تایبەتمەندیی کوردایەتی هەیه پارتی پێی ناسراوە، کورد به پارتی بوونەوە جوانه، گەلی کورد پشت ئەستوورە به پارتی، بۆیە دروشمە گەورەکان پارتی بەرزی دەکاتەوە. گرینگه ئەوە بڵێین هەموومان پارتی بوونێک قەرزارین، چونکه ئەو پارتەی که ڕێبازەکەی ڕێبازی بارزانیی نەمرە،هەرگیز ناچەمێ و مێژووش شاهێدی دەدات که پارتی واتا ڕەسەنایەتیی کورد و خۆنەچەماندن، هەر بۆیە دەڵێم پیرۆزبێت و سڵاو له 76 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو پارتەی ئاڵای شۆڕشی هەڵکرد .