لە چوارچێوە هەنگاوە گرنگەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پەروەردە، بڕیارە وەزارەتەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ناوەندی رەوەندی كوردستانی، پۆلی ئۆنلاین بۆ فێربوونی زمانی كوردی بۆ منداڵانی تاراوگە بكاتەوە.
وەك لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی پەروەردەوە هاتووە ، بە مەبەستی گرنگیدان بە زمانی كوردی بۆ منداڵانی تاراوگە، وەزارەتی پەروەردە بە هاوئاهەنگیی ناوەندی رەوەندی كوردستانی، پۆلی خوێندنی ئۆنلاین بۆ فێربوونی زمانی كوردی هەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینی بۆ منداڵانی تاراوگە دەكاتەوە.
بەپێی راگەیندراوەكە، كۆرسی یەكەمی خوێندن لە 8ی ئاداری 2022 دەستی پێ كرد و لە 21ی ئابی 2022 كۆتای هات، كە تیایدا 107 منداڵی كورد لە دەوڵەتە جیاوازەكان بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ بەشداریان تیایدا كرد.
دووپاتی كردەوە، وەزارەتی پەروەردە بۆ كۆرسێكی نوێی خوێندن، دەرگەی خۆتۆماركردن دەكاتەوە، كە لەلایەن مامۆستایانی شارەزای زمانی كوردی سەر بە وەزارەتی پەروەردە كۆرسەكان دەگوترێتەوە، خوازیاران دەتوانن لە رێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی ناوەندی رەوەندی كوردستانی منداڵەكانیان تۆمار بكەن، پاشتر كۆدیان بۆ دروست دەكرێت و هەموو رۆژانی یەكشەم وانەكان بە ئۆنلاین دەگوترێتەوە.









