کوردستان محەممەد
دوای ساڵانێک کە بە هۆکاری سیاسی و ئەمنی و بەتایبەتیش سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و شەڕی تیرۆرەوە، دواجار پارتیی دیموکراتی کوردستان بڕیاری بەستنی کۆنگرەی چواردەهەمینی خۆی دا.
پارتی وەک حزبی دایک و سەرقافڵەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتمانی لە باشووری کوردستان، تاکە حزبە مەگەر بە هۆکارگەلێک کە لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی خۆی بووبن، دەنا لە کات و ساتی خۆیدا کۆنگرەکانی خۆی بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بردوون، بڕیاری بەستنی ئەم کۆنگرەیەش گرنگ و پڕ بایەخە.
کۆنگرە لە ژیانی حزبیدا واتە بەخۆداچوونەوە، نوێبوونەوە و ئامادەکاری بۆ هەنگاونانی باشتر. بەخۆداچوونەوە بە خەوش و کێماسی و کەموکوڕییەکان، نوێبوونەوە لە گوتار و دروشم و ئایدیا و دنیابینی لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و پێشهاتە نوێیەکاندا، هەنگاونان بە بەرنامە و پڕۆژەی تۆکمە و هەمەلایەنتر لەپێناو خزمەتکردنی کۆمەڵگا.
بەدڵنیاییەوە پارتیمان بە ڕێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی، لەم کۆنگرەیەشدا بە پەیڕە و پرۆگرام و پڕۆژە و ستراتیژی نوێ، کە وەڵامگۆی دۆخی هەنووکەیی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و دنیا بن، هاوکات ڕەنگدانەوەی خواست و ویست و داخوازییەکانی گەلی کوردستان بن، قۆناغی سەخت و هەستیاری ئێستاش تێدەپەڕێنێت، کە بەدڵنیاییەوە بۆ ئەمەش پێویستیی بە خوێن و هێز و وزەی تازە دەبێت کە (لە ئاستی بیرکردنەوە و دنیابینی، ئاگایی سیاسی و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، دەستپێشخەر و خاوەن ڕا، دڵسۆز و پابەند بە ئامانجە باڵا نەتەوەیی و نیشتمانییەکان) هێزێکی نوێ و جیاواز بێت، نەوەیەک کە خوێندنەوەی ورد و قووڵ و هەمەلایەنی بۆ سەردەمەکە هەبێت و بە ورەوە بۆ ئاییندەیەکی گەشتر بڕوانێت و هەنگاو بنێت.
یەکێک لەو هەنگاوە گرنگانەی پارتیشمان بۆ قۆناغی ئێستا و ڕەچاوکردنی پێداویستیی قۆناغەکە و زێدەتر بە مەدەنیکردنی خۆیەتی، زیاترکردنی ڕێژەی مێینەیە لەناو ئۆرگان و دامەزراوەکان و بڕیاری حزبی و سیاسیی خۆیدا، بەو هیوایەی لەوەدا توانا و لێهاتوویی، ئەزموون و شارەزایی، دڵسۆزی و پابەندبوون، دنیابینیی کراوە و بیرکردنەوەی داهێنەرانە، نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینەی ماف و ئازادییەکانی ئافرەتان بکرێنە پێشمەرجی ئەوەی کە مێینە بگاتە ناوەند و ئۆرگانی بڕیاردانی حزبی و سیاسیی پارتیمان.
بڕیاری زیاترکردنی ڕێژەی مێینە بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرە و گەیشتنە پلەی سەرکردایەتی، دەبێ زەمینەسازی هاتنە پێشەوەی ئەو کادیرانە بێت کە خەمی ماف و ئازادییەکانیان هەیە، نەک مۆد و مکیاژ، ئەوانەی نایانەوێ ببنە دیکۆر و ڕووپۆش، بەڵکوو دەبنە هێزی دەستپێشخەری و گۆڕان.
٭ ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانییەکان