خەبات تارق مەولود ساڵەیی- ستۆکهۆڵم
با کەوە کان لە شاخە سەربەرزەکانی کوردستان مزگێنی ڕۆژی لە دایکبوونی شۆڕشی کورد بە سەرکردایەتی مستەفای بارزان وەک هێمای پیرۆزی خەبات بۆ ئازادیی گەلی کورد بە قاسپە بەرزەکانیان بگوازنەوە تا ئەوپەڕی کەند و دۆڵەکان. با چی بەرد و داری کوردستانە وشەی پیرۆزی پێشمەرگەی بیر بێتەوە، با کانییەکان زوڵاڵیی ئەو شۆڕشە بگەیەننە ژێر دار بەڕو دێرینەکانی وڵاتەکەمان کە ئەوەی ئێستا هەمانە لە ژێر سێبەری کەسکی شۆڕشی سووری پارتیمانە.
16ی ئابی 1946ی زایینی ڕۆژی لەدایک بوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەلی چەوساوەی کورد و کوردستانی پیرۆز بێت. 16ی ئاب ڕۆژێکی مێژووییە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بارزانی باوک لە ڕۆژە سەخت و نالەبارەکانی ئەو سەردەمە بۆ بەرگری کردن لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان وەک دڕکێک بوو بە چقڵی چاوی دوژمنانی ئەو سەردەمەی گەلی کورد .
یەکەم کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا و لەھەمان ساڵ و لە ٧٠ ئەندام پێکھاتبوو و مەلا مستەفا بارزانی وەک سەرۆکی پارتی ھەڵبژێردرا. لەو ماوەیەی ئەرکی سەرۆکایەتی پێ سپێردرابوو ژیرانە و لە سەر بنەمای کورپەروەریی، داد پەروەری و بە پەیڕەوکردن لە سیاسەتێکی بێ وێنە لە پێناو بەرژەوەندیی کورد و کوردستان خەباتی گەلی کوردی بەرەو پێش برد .
کاک مەسعود بارزانی و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو ئەرکی مەزن و پڕخەمی ئەو پارتەی یەکەمی مەیدانی کوردایەتی لە ساڵی 1979 گرتە ئەستۆ . کاک مەسعود بارزانی بۆماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵە وەک تاکە سەرۆکی دڵسۆز و پێشمەرگە بەردەوام بەشداری ئێش و ئازارەکانی گەلەکەی بووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان بەدرێژایی مێژووی زێڕینی خۆی وەک قەڵغانێک بەرگری لە سەربەخۆیی و ئازادی کوردستان کردووە . لە ساڵی 2010 کۆنگرەی 13ی پارتی لە ھەولێر بەستراوە .
پارتی بە سەرۆکایەتیی و ڕێبەرایەتیی کاک مەسعود بارزانی تاکە پارت و لایەنی کورد و کوردستانی بووە کە ھەمیشە جەختی لەسەر سەربەخۆیی کوردستان کردووە و دەیکات. لە یەکەم ڕاپرسی ساڵی 1992ی زایینی 51٪ ی دەنگەکانی بەدەست ھێنا، بەڵام ھەمیشە بە دڵێکی فراوان و لێبوردە بۆ یەک دەنگیی کورد و کوردستانی ھەوڵی بێ وچانی داوە و ھەمووکات دەست پێشخەر بووە بۆ یەک دەنگیی گەلی کورد.
لە 2005دا سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزرێندرا و توانی لەو ماوەیە کابینە جیاجیاکان و یەک لە دوا یەکەکانی سەرۆکایەتیی حکوومەت وەربگرێت وەک تاکە لایەنی براوەی گشت پرسەکانی کوردستان پشکی سەرەکی ھەبووە لە بەرپرسیارەتیدا.
پارتی توانیویەتی بە لەخۆبووردەیی و دڵێکی فراوان لەگەڵ لایەنەکانی تری کوردستان لەسەر مێزێک کۆبێتەوە و راوبۆچوون بگۆڕێتەوە بۆ وەدیهێنانی ئارامی و سەقامگیری لە کوردستان. بە هۆی دەستکەوتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان توانیویەتی نیشانی جیھانی عەرەبی و نێودەوڵەتی بدات کە ئەو خاوەنی یەکەمی دەسکەوتەکانە .
یەکێک لە دەستکەوتە بێ وێنە و گرنگەکانی پارتی و بارزانی ڕفراندۆمی مێژوویی 2017/09/25یە کە نزیکەی 93٪ ( 92.73 ) دەنگی کوردستانییەکانی بەدەست هێنا و مێژوویەکی پڕسەروەری بۆ پارتی و گەلی کورد تۆمار کرد. ئەنجامی ڕێفراندۆم وەک تاپۆیەکی ڕەش شانازی پارتی و بارزانی مسۆگەر دەکا. بەم شێوەیە لە داھاتوویەکی نزیک گەلی کورد ببێتەوە خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیی.
ئەمساڵ وەک ساڵی زێڕینی گەلی کوردە و خاوەن کۆکەرەوەی دەنگی سەربەخۆیییە بە ڕێبەرایەتیی ڕێبەری ڕێبەران کاک مەسعود بارزانی و ھەر لەم ساڵەدا بڕیارە گۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان ببەسترێت و ببێت بە ھەوێنی سەربەخۆیی و یەکگرتوویی گەلی کورد .
بەدرێژایی 76 ساڵەی لەدایک بوونی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەردەم لە داکۆکی کردنی لە سەر سەربەخۆیی کوردستان سڵی نەکردۆتەوە و ھەمیشە بە تەنیایی ھەموو بەرپرسیارییەتی گرتۆتە ئەستۆ و ھیچ کات سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ئیقلیمی نەیتوانیوە لە سووربوونی بۆ سەربەخۆیی بیوەستێنێت.
لە نالە بارترین ساتەکاندا ھەمیشە بەرگری لە گەلی کورد و سەربەخۆیی کوردستان کردووە و بێ بچووکترین چاوەڕوانی ئەرکی پارتایەتی و کوردستانی بوونی خۆی بە باشترین شێوە جێبەجێ کردووە.
پیرۆز بێت 16ی ئاب و ساڵڕۆژی لە دایک بوونی ڕێبەری ڕێبەران، پێشەوای کوردان کاک مەسعود بارزانی پارێزراوی خواوەندی مەزن و دلۆڤان بێت .
بژی کورد، بژی کوردستان، شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە سەرتاسەری جیھان