محەمەد ئەحمەد

ئەگەر سەرنج بدەینە مێژووی پارتە سیاسییە دێرینەکانی کوردستان و عێراق و، تەنانەت ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش، دەبینین زۆربەیان لەناو چوون، یان پووکاونەتەوە و زۆر بچووک بوونەتەوە، یانیش لە دۆخێکی مامناوەنددان ،بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە، واتا بە دەگمەن لەو پارتانە بە بەهێزی و گەشەسەندوویی ماونەتەوە، یەکێک لەو پارتە دەگمەنانەیش کە بە زیندوویی و کاریگەریی ماوەتەوە و بەردەوام و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە گەشەسەندن دایە و تا تەمەنی بەرەو سەرەوە هەڵکشێ، هەر گەنج و بەتوانا دەبێتەوە، ئەوا پارتی دیموکراتی کوردستانە.

هەڵبەت ئەم بە بەهێزی مانەوەی پارتی و بەردەوام گەشەندن و فراوانبوون و گەورەتربوونەی پێگەی جەماوەری و سیاسیی پارتی، بێ حیکمەت و هەر لەخۆوە و بە ڕێکەوت نییە، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ چەند خاڵێکی جەوهەری، کە بریتین لە:

1- ئامانج لە دامەزراندنی پارتی، خاڵێکی جەوهەرییە لە بەهێزی و بەردەوامیی پارتی. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی پارتی، دەبینین لەو سەردەمەدا تازە جیهان دەربازی بووبوو لە شەڕێکی ماڵوێرانکەر، کە زیاتر لە پەنجا ملیۆن مرۆڤی کردە قوربانی و، جیهان سەرگەرمی دابەشبوونی بوو بەسەر چەند لایەن و جەمسەرێکدا، کە دوایی هەردوو جەمسەری بەهێزی سەرمایەداری و سۆسیالیستی هاتنە کایەوە و، لەگەڵ ئەو واقیعە نوێیەشدا بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلان دەستیان بە گەشە و پەرەسەندن کرد. کوردیش وەک نەتەوەیەکی ژێردەستە و خاک داگیرکراو، کەوتە خۆی، بە تایبەت لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا، لە رۆژهەڵاتی کودستاندا، کۆماری دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی دامەزرا  و دواجار بارزانیی نەمر و هەڤاڵەکانی بوون بە پشتیوانێکی بەهێزی کۆمارە ساواکەی کوردستان، هەربۆیە بارزانیی نەمر بۆ ڕەخساندنی وەها هەلومەرجێک، بڕیاریدا بە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە 16ی ئابی ساڵی 1946، بە ئامانجی رزگارکردنی باشووری کوردستان و گەیشتنی گەلی کوردستان بە مافی ڕەوای خۆی. بێگومان حزبێک لەلایەن سەرکردە و کەسایەتییەکی کاریزمای مەزنی وەک بارزانیی نەمر دامەزرابێت، وەک داربەڕوو خۆڕاگرە و بەرگەی هەموو کارەساتێک دەگرێ. لەبەر ئەوە دوای 76ساڵ خەبات، پارتی لەسەر ئەو ئامانجە پیرۆزەی سوورە و هەرگیز سازشی لەسەر نەکردووە و ناکات.

2- پارتی خاوەن سەرۆکێکی حەکیم و کاریزمایە، کە جەماوەرەکەی پابەندن بە بڕیار و ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی. سەرۆکێک کە دووربین و وردبین و واقیعبینە و، نەک هەر سەرۆکی حزبێکە، بەڵکوو سیفەتی کەسایەتییەکی مەزنی جیهانیی هەیە کە بڕیار و پێشنیاز و خوێندنەوەکانی جێی بایەخی ناوخۆ و هەرێمی و نێودەوڵەتیین. ئەو سەرۆکەی کە پێشمەرگایەتی بە شانازییەکی گەورە دەزانێت و سەرکردایەتیی چەندین شەڕ و شۆڕش و نەبەردیی کردووە، گرنگترین و دواترینیان سەرکردایەتیکردنی شەڕی رێکخراوی تیرۆریستی جیهانی(داعش) و سەرکردایەتیکردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان.

3- پارتی خاوەن سەرکردایەتییەکی تۆکمە و یەکڕیزە، کە خاوەن پرەنسیپ و دیسپلینی حزبییە و ڕێز لە بڕیارەکانی حزب و بڕیارەکانی کۆنگرەکانی دەگرێ. هەرگیز ناشڵەژێ و مەنتقییانە ڕووداو و گۆڕانکاری و ئاڵنگارییەکان دیراسە دەکات و، چارەسەر و ڕێگەچارەی دروست بۆ کێشە و گرفتەکان دەدۆزێتەوە و ژیرانە مامەڵە لەگەڵ پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکان دەکات.

4 – پارتی خاوەن جەماوەرێکی دڵسۆز و نەگۆڕ و چەسپاوە، کە بەشێوەیەکی گشتی متمانەیان بە سەرۆکەکەی و سەرکرایەتییەکەی هەیە. جەماوەری پارتی وێڕای هەر ڕەخنە و گلەیی و نیگەرانییەکیان لە پارتەکەیان، بەڵام لە کاتی خۆشی و ناخۆشی و تەنگانەدا پارتی جێناهێڵن، بگرە لە کاتە ناخۆش و سەختەکاندا دڵگەرمتر و بەپەرۆشتر لە کاتی ئاسایی، داکۆکی لە پارتی دەکەن.

5- پارتی خاوەن پڕەنسیپی نەگۆڕی نیشتمانی و نەتەوەییە. بەرپرسیارانە دەڕوانێتە کاری حزبی بۆ ئامانج و بەرژەوەندی و ستراتیژە باڵاکانی گەلی کوردستان، واتا حزب وەک هۆکار و ئامرازێک دەبینێ بۆ وەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژی و نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان.

6- پارتی، حزبێکی ڕەسەنە و هەڵقوڵاوی ئەندێشە و ماف و داوا ڕەواکانی گەلی کوردستانە. هەربۆیە یاران بە چاوێکی گرنگ و پڕ لە ئومێد لێی دەڕوانن و نەیارانیش وەک نوێنەری ڕاستەقینەی کوردایەتی و گەلی کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و، لەسەر بابەت و پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، قسەی یەکەم و کۆتایی هەر بۆ پارتی جێدەهێڵن، واتا چاوەڕوانی ڕا و بڕیاری پارتیین.

7- پارتی، حزبی سەرجەم چین و توێژە جیاجیاکان و پێکهاتە و ئایینەکانە. ئەمەش جەماوەرێتیی پارتی دەسەلمێنێت، نەک تەنها لەسەر ئاستی باشووری کوردستان، بەڵکوو لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەکەی کوردستان و کوردانی هەموو ناوچەکانی جیهان.

8- پارتی حزبێکی سەرتاسەرییە، بنکەی جەماوەریی پارتی فراوانە و گۆڕەپانی کاری سیاسی و پارتایەتیی پارتی هەر لە زاخۆوە تا خانەقینە و بگرە لەوە فراوانتریشە و، زۆربەی ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە.

ئەمانەی باسکران و، ڕەنگە خاڵی دیکەش هەبن، کە گوزارشتن لە نهێنیی سەرکەوتن، بە بەهێزی مانەوە و بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنی زیاتری پارتی. بەو هیوایەی کۆنگرەی داهاتووی پارتی، دوووپاتی ئەو خاڵانە بکاتەوە و مەڵۆی دیکەش بخاتە سەر خەرمانی خەباتی پارتی.