بروسیا دۆرتمۆند وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە گوایە پەیوەندی بە گواستنەوەی ئەستێرەی مانچستەر یونایتدەوە هەیە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە میرکاتۆی هاوینی ئێستادا، چەند راپۆرتێك رایانگەیاندبوو، بریكاری رۆناڵدۆ، خۆرخی مێندێز، خزمەتی ئەو یاریزانە پورتوگالیەی پێشكەش بە یانەی بروسیا دۆرتمۆند كردووە.

هانس یواخیم واتزکە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن کە رەنگە یانەکە پێشنیارێک بکات بۆ پەیوەندیکردن بە رۆناڵدۆ لە یانەی مانچستەر یونایتدەوە، لە میانی پێشکەشکردنی راپۆرتی دارایی ساڵانەی یانەکە، واتزکە وتی: پەیوەندیکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یانەی بروسیا دۆرتمۆند لە یەکەم نیگادا بیرۆکەیەکی دڵڕفێنە.

ئەو گوتی دەڵێت: من ئەم یاریزانەم زۆر خۆشدەوێت، ئەو گەورەترین یاریزانە کە جیهان بەرهەمی هێناوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ رۆناڵدۆدا نییە، بۆیە هیچ گرێبەستێکی گواستنەوە نییە، کەناڵی ئەمریکی “سی بی ئێس سپۆرت” چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بڵاویکردەوە، بروسیا دۆرتمۆند “دواین چانس” بۆ ڕۆناڵدۆ پێکدەهێنێت بۆ جێهێشتنی مانچستەر یونایتد لەم هاوینەدا.

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، رۆناڵدۆی تەمەن “37 ساڵ” پابەندە بە جێهێشتنی مانچستەر یونایتد لە هاوینی ئەمساڵدا، وە رۆژنامەی “ئاس”ی ئیسپانی بڵاویکردەوە، داهاتووی رۆناڵدۆ دوو بژاردەی لەبەردەستە: گەڕانەوە بۆ یانەکەی پێشووی، سپۆرتینگ لیسبۆن، یان پەیوەندیکردن بە بروسیا دۆرتمۆندەوە، رۆژنامەكە كە باسی سەرچاوەكەی وەك “سی بی ئێس” نەكردووە، ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشتر پەیوەندی لەنێوان بروسیا دۆرتمۆند و رۆناڵدۆ كراوە.