لە راپۆرتێكی رۆژنامەوانی ئیتاڵیدا هاتووە، نیكۆلۆ زانیۆلۆی ئەستێرەی یانەی رۆما نزیكە لە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ جیالۆرۆسی، سەرەڕای ئەو پێشنیارانەی بۆ رۆیشتن لە میركاتۆی هاوینەی ئێستای یانەكەی بۆ هاتووە، زانیۆلۆ تا مانگی حوزەیرانی 2024 گرێبەستی لەگەڵ یانەی رۆما هەیە، هەروەها گرنگی بە یانەکانی یۆڤانتۆس و میلان و تۆتنهام وەرگرت بۆ بەشداریکردنی، وە تۆتنهام بە سەرۆکایەتی ئەنتۆنیۆ کۆنتی نزیکترین بوو لە واژۆکردنی گرێبەستەکە، بەهۆی توانای دارایی سپێرز بۆ پێدانی نرخی پێویست لە زانیۆلۆ کە بە ٦٠ ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکرێت.

بە گوێرەی ماڵپەڕەکانی “سپۆرتیتالیا” و “کالچیۆ مێرکاتۆ”، جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی رۆما، یاریزانەکە و یانەکەی رازیکردووە کە پێکەوە بەردەوام بن، وە نیکۆلۆ زانیۆلۆی تەمەن ٢٣ ساڵ و ڕۆما نزیکن لە ڕێککەوتن لەسەر گرێبەستێکی نوێ تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٧ زانیۆلۆ مووچەی هەر وەرزێک ٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار یۆرۆ وەردەگرێت، ئەمەش زیادبوونێکی گەورەیە لە چاو مووچەی ئێستای کە ٢ ملیۆن و نیو یۆرۆیە لە وەرزێکدا، زانیۆلۆ وەرزی رابردوو 42 یاری بە درێسی گورگەوە ئەنجامداوە و 8 گۆڵی تۆمارکردووە و 9 گۆڵی دیکەی درووست کرد، هەروەها یارمەتی تیپەکەی داوە بۆ بردنەوەی خولی کۆنفرانسی ئەوروپا.