خەبات: هەرچەندە مار یەكێكە لە گیاندارە ترسناكەكان و چەندەها جۆری جیاوازی هەیە، بەڵام هاووڵاتییەك وەك حەز و خولیا ماوەی ٤٠ ساڵ دەبێت، ئاشنایەتی لەگەڵ ماردا هەیە و لە هەر گوندێكی دەورووبەریان خەڵك درك بەوە بكەن مارێك لە ماڵەكەیان یان باخچەكەیان هەیە، ئەوا پەیوەندی بەو هاووڵاتییەوە دەكەن بۆ ئەوەی مارەكە بگرێت. عەبدولستار ئەمین، هاووڵاتییەكی خەڵكی ناحیەی قەسرۆكی سەربە قەزای شێخانی پارێزگای دهۆكە، وەك حەز و خولیا، نزیكەی ٦٠ ماری رەش لە ماڵەكەی خۆیدا بەخێو دەكات و رۆژانە خەڵكی ئەو ناوچەیەش سەردانی ماڵەكەی دەكەن بۆ ئەوەی وێنە لەگەڵ مارەكان بگرن.
هاووڵاتی عەبدولستار ئەمین لەبارەی دەستپێكی ئاشنایەتی لەگەڵ ماردا، گوتی: “ساڵی ١٩٨٤ بوو دەستم بە مارگرتن كرد، بەڵام ئەوكات لە ماڵەوە بەخێوم نەدەكرد، بەڵكو هەندێك لەلای خۆم دەمهێشتەوە دوایی بەڕەڵڵام دەكرد، دواتر ئەنفال دەستی پێ كرد و ماوەی چەند ساڵێك بوومە پێشمەرگە، تا ساڵی ١٩٩٣ ژیانی هاوسەرگیریم پێكهێنا و منداڵمان بوو، هەر لەسەر پشتی بێشكەدا، منداڵەكانم بە ژیانكردن لەگەڵ مار راهێناون، ئێستاش تەواوی خێزانەكەمان رێز لە مار دەگرین و بەخێویان دەكەین”.لەبارەی جۆری ئەو مارانەی لە ماڵەكەیدا هەیە، عەبدولستار ئەمین گوتی: “سێ جۆر مار هەیە لە ماڵەكەمدا، ماری رەش، شامار و كۆرەمار ترسناكترینیان جۆری كۆرەمارە، ئەگەر زۆر ناچار نەبم ئەو جۆرەیان ناگرم، بەڵام ماری رەش مەترسی نییە و لەو دەڤەرە لە هەر شوێنێك مار هەبێت، ئەوا خەڵك پەیوەندیم پێوە دەكات و منیش دەچم مارەكە دەگرم و دەیهێنمەوە ماڵەوە بەخێوی دەكەم”.
مار بە گۆشتخۆر دادەنرێت و بەراورد بە ئاژەڵەكانی دیكە پێویستی بە خۆراكی زۆر نییە بە بەردەوامی، چونكە كرداری زیندەچالاكییەكانی زۆر هێواشە، لەبارەی شێواز و جۆری خۆراكی مارەكان، عەبدولستار ئەمین گوتی: “خۆراكی سەرەكی مار بەتایبەتی گۆشتی سوورە، مار گۆشتی مریشك باش ناخۆن، چونكە خوێنی تیادا نییە، هەروەها شیر و شەكر دەخۆن، ئەگەر شوێنەكەی گەرم بوو، هەواگۆڕكێی نەبوو ئەوا دەمرێت، بۆیە دەبێت ئاگاداری خۆراك و كەشی ئەو شوێنەی بیت كە لێی دەژیت، لەگەڵ ئەوەشدا لە مانگی كانوونی یەكەم، تا سەرەتای مانگی نیسان مار هیچ شتێك ناخوات و ناخواتەوە”.لەبارەی زانینی تەمەنی مارەكانی، عەبدولستار ئەمین دەڵێت “تەمەنی ئەوان دەگەڕێتەوە سەر پێستەكەی بۆ ئەوە بزانرێت تەمەنی چەند ساڵە، هەروەها جیاكردنەوەی رەگەزی مارەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەری مارەكە و رەنگی ژێر ملی، كە ئەگەر رەنگی ژێر ملی سوور نەبوو ئەوا نێرە، هەروەها رەگەزی نێر سەری گەورەترە”.
لەگەڵ ئەوەی مارەكان لە رەنگ و قەبارەوە جیاوازن، بە هەمانشێوە لە هەڵسوكەوت و ژیانیش جیاوازن، هەرچەندە ئەگەر مرۆڤ پەلاماری مار نەدات، ئەوا مار پەلاماری مرۆڤ نادات، زۆرجار هەوڵدەدات خۆی بشارێتەوە بۆ ئەوەی ناچار نەبێت پەلامار بدات، چونكە لەكاتی پەلاماردانییدا ژەهرێك بەتاڵ دەكات لەكاتێكدا پێویستی بەو ژەهرە هەیە، چونكە كەمبوونەوەی ژەهر لەجەستەی ماردا، بەواتای نەمانی پڕۆتین دێت لەجەستەی ئەو مارەدا. لەبارەی سوود و زیانەكانی مار، عەبدولستار ئەمین گوتی: “ماری رەش هیچ زیانێكی نییە بەڵكو سوودی هەیە، بۆ نموونە ئەگەر لەناو بێستان و رەزدا هەبێت، ئەوا جورج و مشك و ماری ژەهراویش دەخوات، خودا ماری رەشی وا دروستكردووە كە حەزبە ژیانكردن لەگەڵ مرۆڤ دەكات و زیان بە مرۆڤ ناگەیەنێت لە تەواوی ئەو دەڤەرەی ئێمە نەمزانیووە مار بە كەسێكی وەدابێت”.
لە میانی گفتوگۆكردن لەگەڵ عەبدولستار ئەمین لەبارەی بەخێوكردنی مار، كەسێك لە گوندی مرێبای سەربە ناحیەی قەسرۆك پەیوەندی پێوە كرد و پێی راگەیاند كە مارێكیان لەناو باخچەی ماڵێكدا بینیووە، هەر بۆیە گفتوگۆكەمان راگرت و بەرەو گوندەكە رۆیشتین.
كاتێك گەیشتینە باخچەی ماڵەكە، ئاماژەیان بە بوونی مارێكی رەش كرد لەژێر یەكێك لە دارەكانی ناو باخچەكە، هەر بۆیە، عەبدولستار ئەمین و رەوان-ی كوڕە ١٣ ساڵییەكەی، لەماوەی یەك خولەكدا توانییان بەبێ زیان مارەكە بگرن و بیگوازنەوە بۆ شوێنی بەخێوكردنی مارەكان لە ماڵەكەی خۆیاندا.
عەبدولستار ئەمین گوتی: “ئامانجی من ئەوەیە كە مار لە كوشتن رزگار بكەم، ئەگەر كەسێك بیەوێت مارێك بكوژێت ئەوا بەپەلە دەچم رزگاری دەكەم، بۆ نموونە لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٣دا، لەو گوندەی (مرێبا) مارێك بینرابوو، بۆ ئەوەی لەوێ مارەكە نەكوژن، بەپەلە رۆیشتم و لە رێگا ئۆتۆمبێلەكەم وەرگەڕا، بەڵام شكور بۆ خوا ئێمە سەلامەت بووین و دواتریش چووم مارەكەم لە كوشتن رزگاركرد”.یەكێك لەو حاڵەتانەی كە خەڵك لە ماردا بەدی دەكات، ئاشقە و ماشقەیە، كاتێك دوو ماری نێرینە و مێینە بۆ لەیەكتر دەئاڵێن و خۆشەویستی بۆ یەكتر دەردەبڕن، لەبارەی ئەم حاڵەتەوەش، عەبدولستار ئەمین گوتی: “بابەتی ئاشقە و ماشقە بریتییە لە عاشقبوونی نێرە و مێینەی مار، ئەو حاڵەتە لە مانگی حوزەیران روودەدات، كاتێك ماری مێینە دێتە دەرەوە لە زەوی، بۆنێكی تایبەت دەردەدات، تەواوی ماری نێرینەكانی لە ناوچەكە هەست بەو بۆنەی دەكەن، كامە ماری نێرینە زووتر بەدەم بۆنەكەوە رۆیشت و گەیشتە لای مێینەكە، ئەوا مارە مێینەكە لەگەڵ ئەو نێرینە دەبێتە عاشق و ئەوانی دیكە هەموو پشتگوێ دەخات، هەموو ساڵێك ئەو حاڵەتە هەیە و لەگەڵ یەكتردا زاوزێ دەكەن”.
عەبدولستار ئەمین گوتیشی: “كاتێك نێرینە و مێینەی مارەكە لە مانگی حوزەیران دەبنە ئاشقە و ماشقە، ماوەی یەك كاتژمێر لەیەكتر دەئاڵێن و لەو كاتەدا هیچ هۆشیان نامینێت بە جۆرێك ئەگەر مرۆڤیش لێیان نزیك بێتەوە هەستی پێ ناكەن، چونكە لە قۆناغی عاشقبووندان، دوای ئەوە ئیتر هۆشیان دەگەڕێتەوە و پاشان لە مانگی تەمووز مێینە دەست بە هێلكەكردن دەكەن و كەمتر بە دوومانگ هێلكەكان دەتروكێن”.
