ئومێد خۆشناو
لە كۆبونەوەی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە رێكەوتی١٧ی 12ی ١٩٩٩ی رۆژی ١٢ی ئاب وەكو رۆژی جیهانی لاوان بۆ گوزارشت بۆ باشتركردنی ، ژیانی لاوان دیاری كرا. هەر كاتێك باس لە رۆژی جیهانی لاوان دەكرێت بیرت دەچێتەوە سەر كێشە و گرفتەكانی لاوان و نەبوونی دەرفەتی كار و كۆچی لاوان تووشبوان بە مادە هۆشبەرەكان ، پەراوێزخستنیان و بەشداری ناكارای لاوان لە سیاسەت و ڕۆڵ نەبینیان لێ، لاو ئەو توێژە چالاك و كارامە و بە توانای كۆمەڵگایە كە بەردەوام بیر و هزری لە ئاڵوگۆڕ و نوێبوونەوە دایە. ئامانجدارە و خوازیاری پێشكەتن و داهێنانە، ئارەزوی پێگەیاندن و دەركەوتنی هەیە . لەمبارەوە پێویستە سود لە تواناكانیان وەربگرێت و تواناكانی بەكاربێنی بۆ سودی كۆمەڵگا. لاوان دەتوانن لە هەموو بوارەكاندا پشك و بەشداری ڕاستەوخۆیان هەبێت لە هەموو بارودۆخێكدا كاریگەری خۆیان نیشان دەدەن هاوكات لاوان لە سروشتی خۆیاندا و لە هەر كۆمەڵگایەكدا ئەو تاكە ئەكتیڤەیە كە زۆر بە شەفافانە و ڕاشكاوانە دیدگا و بۆچونەكانی خۆی ئاڕاستەی قەیرانەكان دەكات ، بەردەوام بە فیكرە جوان و پڕ ئیرادەكانی خۆی مومارەسە لەگەڵ سەرجەم درزەكانی كۆمەڵگا دەكات توێژی لاوان ئەو كەسانەن كە لە توانایاندا هەیە ڕوئیای نوێ و فكری سەردەمییانە دەربڕن لاوان لە لێهاتوویی و كارامەییدا،پڕن لە ئارەزوو و خواست كە هەنگاو بۆ بەدیهێنانی دەنێت و ئامادەكاریی تێدایە زۆربەی پرس و بابەتەكان لەسەر بنەمای خواست و ڕوانینی خۆیانەوە دەبینن زۆرجاریش لەگەڵ كۆمەڵگا ڕووبەڕوو دەبنەوە. حەزی لە بەشداری چالاكییە جۆراوجۆرەكانە لە كۆمەڵگا و كاری گڕوپی، پێویستیی بە بوونی ژینگە و كۆمەڵگایەكی تەندرووست و پاك و خاوێنە بۆ پەروەردەیەكی دروست و پاكژ. چ لە ڕابردوو و ئێستا و ئایندەش زۆربەی زۆری و بەرەوپێشچوونەكان لە تەواوی جیهان و كۆمەڵگاكان لەسەر دەستی لاوان بووە و دروستی دەكەن و درووست دەبێت. ئەمە لە مێژووشدا نیشان دراوە و لە ئێستاش دەبینرێت هەمیشە دینامۆی شۆڕش و بەرخودانەكان بوونە ئەوەش لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستاندا بەدی دەكرێت.

گەنج خواست و ئارەزووی زۆری هەیە و لەو رێگەیەدا بەرەو ڕووی زۆر كێشە و گرفت دەبێتەوە كە پێویستە كۆمەڵگا بە دروستی لەگەڵی مامەڵە بكات و درك كردن و وەڵامدەربوون بەرامبەر هەنگاو و خواستەكانی لاوان لە لایەن بەڕێوەبەرانی كۆمەڵگا، هۆكارێكی سەرەكی پەروەردەی دروست و رێگای پێشكەوتنی توێژی لاوانە. بۆ من كە لە دوو دەیەی ڕابردوو لە كایەی رێكخراوەیی لاواندا بوومە سەرجەم قۆناغەكانم لە قوتابخانەی پێگەیاندنی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستاندا بڕیووە بە پێی ئەو ئەزموونە لە رۆژی جیهانی لاواندا ناكرێت باس لە چەمكی كاری خۆبەخشی لە كایەی رێكخراوەیی لاواندا نەكەین بە شێوەیەكی گشتی كاری خۆبەخش لە ئەدەبیاتی نوێ پەرەپێدان بە ناوی داهاتی دارایی كۆمەڵایەتی ناوزەد دەكرێ بە سەرمایەكی گشتی دادەنرێت واتە تەنیا موڵكداری كەسێك نییە و بە ناوی كەس و لایەن تاپۆ نەكراوە، بەڵكو ئەركێكی مۆڕاڵی هەموو كۆمەڵگایە پەیوەستە بە كۆمەڵێك بەهای كۆمەڵایەتی جوانی وەك متمانە و راستگۆیی و هاوكاری هەمەهەنگی و خۆشەویستی هاوكات كاری خۆبەشی ئەو شوێنگەیە كە هاوڵاتیان بە تاك و كۆ خۆیانی تێدا دەبیننەوە لە پێناو ئامانجێكی باڵای مرۆڤ دۆستی و بەدیهێنانی بەرژەوەندی باڵا كاری بۆ دەكەن.

لە هەرێمی كوردستان دا ژمارەیەكی بەرچاو لە رێكخراوی لاوان و گەنجان هەیە كە چالاكی هەمەلایەنی رێكخراوەیی و سیاسی كۆمەڵایەتی رۆشنبیری ئەنجام دەدەن بەرنامەی كۆڕس و ڕاهێنان و ئەنجامدانی سمیناری فكری ئاهەنگی كۆمەڵایەتی ئەنجام دەدەن سەرچاوەی دارایی مانگانەی خۆیان هەیە لەگەڵ ئەوەشدا تێبینی دەكرێت كە ئەو رێكخراوانە لە ڕووی چۆنایەتییەوە لە ئاستێكی باش دا نین سروشت و شێوازی ئەنجامدانی چالاكییەكانیان لەبەر ئەوەی داڕێژراو نییە، بۆیە دەبینین تا ڕادەیەك لە كێشەی لاوانی زیاتر كردووە نەك كەمتر بۆیەشە لە شەقامی كوردیدا زۆرینەی لاوان بە گومانەوە سەیری ئەجندای رێكخراوەكان دەكەن، لێرەوە پێویستە ئەوە بگوترێت كە هەمەهەنگی كردن لە نێوان لاوان و رێكخراوەكانی لاواندا قورساییەكی زۆر زیاتر بە هەڵمەتی چالاكییەكانی لاوان دەدات دیاردەیەكی باشە كە لاوان بەشداری لە چالاكییەكانی رێكخراوە جیا جیاكاندا دەكەن پێویستە لاوانی ناو رێكخراوە جیا جیاكان توانای ئەوەیان هەبێت كە خاڵە هاوبەشەكانیان بدۆزنەوە لە مەسەلەی چارەنووسسازدا هەوڵ بدەن لەناو رێكخراوەكاندا كار بۆ سەرخستنی دۆزی هاوبەش بكەن.

لە كۆتاییدا پیرۆزبایی لە سەرجەم لاوانی جیهان و كوردستان بە هەموو پێكهاتە و ڕەنگە جیاوازەكانەوە دەكەم بەو هیوایەی ئەم رۆژ ببێتە مایەی ئاوڕدانەوەی زیاتر لە خواست و ویستی لاوان و توانا لە بن نەهاتووەكانیان بێشك لاوان شایەنی خزمەت كردن و دەرفەت ڕەخساندنی زیاترن بۆین تا بتوانن بە هیوا و داخوازییەكانیان بگەن و باشتر خزمەت پێشكەش بە كوردستان و پێشخستنی وڵات بكەن دووبارە رۆژی جیهانی لاوان لە هەموو كوڕ و كچانی كوردستان پێرۆز بێت بە هیوای گەیشتن بە ئامانج و خواستەكانیان.