بڕیارە ئەمرۆ چوارشەممە 10/8/2022، سەرکردەی حزبەکان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان کۆببنەوە. ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە قسەکردنە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و چارەسەری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.

لە ماوەی رابردوودا لایەنە سیاسسیەکانی کوردستان چەند جارێک بە ئامادەبوونی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و دیارکردنی وادەی هەڵبژاردن کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

لە 24ی شوباتی 2022، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان واژۆ كردبوو، بڕیاریدا رۆژی 1ی تشرینی یه‌كه‌می 2022 هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان گفتوگۆ لەسەر دواخستنی وادەکە و یاسای هەڵبژاردنەکە دەکرێت.