سه‌رۆکی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی باس له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌کات و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات، که‌ به‌هۆی که‌میی کاته‌وه،‌ ناتوانن هه‌ڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بكەن.

هه‌ندرێن محه‌مه‌د، سه‌رۆکی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی رایگه‌یاند : “ئێمه‌ ناتوانین له‌و کاته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان دیاری کردووه‌، هەڵبژاردن بكەین، چونکه‌ ماوه‌ نه‌ماوه‌، ئه‌وه‌ له‌ مانگی 8 داین و تەنیا دوو مانگ بۆ هه‌ڵبژاردن له‌به‌رده‌سته‌، چۆن به‌ دوو مانگ کۆمسیۆن ده‌توانێ ئاماده‌کاری بکات و هه‌ڵبژاردن بەڕێوە ببات؟

ئه‌وه‌شی خسته‌ روو: “وازیان لە کۆمسیۆن هێنابوو، باسیشیان له‌ هه‌ڵبژارن ده‌کرد، ئاخر کۆمسیۆن کارا نه‌بێته‌وه‌، هه‌ڵبژاردنی چی و چۆن بەڕێوە دەچێت؟”.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌، لە ماوەی رابردوودا تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بووە لە کاتی خۆیدا، لەو چوارچێوەیەشدا حکوومەت ئامادەیی خۆی بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی هەڵبژاردن دەربڕی و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشەوە وادەی هەڵبژاردن دیاری کرا، بەڵام لایەنەکانی دیکە ئامادە نەبوون لە رێگەی پەرلەمانەوە کۆمسیۆن کارا بکەنەوە.