لە دوای هێرشە سەربازییەكەی رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا، وڵاتانی ناوچەكە ترسیان لێ نیشت، بەتایبەتی ئەوانەی هاوسنوورن لەگەڵ رووسیا، لەوانەیش فنلەندا و سوید، بۆیە بەر لە دوو مانگ بە فەرمی داوای بوونە ئەندامیان لە ناتۆ پێشكەیش كرد، ئەمڕۆ جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا واژووی لەسەر بوونە ئەندامی ئەو دوو وڵاتە كرد.

 

 بایدن بەر لە واژووكردنی پرۆتۆكۆلی بوونە ئەندامی ئەو دوو وڵاتە، رای گەیاند كە دەرگەی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی مەرجی ئەندامبوونیان تیادایە واڵایە، ئێمە لەگەڵ هاوبەشەكانمان كار بۆ بەهێزكردنی بەرەی رۆژئاوای ناتۆ دەكەین و لە داهاتوو دەتوانین رووبڕووی كێشە نوێیەكان لە ئەوروپا ببینەوە.

بە واژووكردنی بایدن لەسەر بەئەندامبوونی فنلەندا و سوید، ئەمەریكا بووە 23یەمین ئەندامی ناتۆ لە كۆی 30 ئەندام، كە واژوویان لەسەر بەئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە كردبێت، تا ئێستەیش هەریەك لە ئیسپانیا و یۆنان و پورتوگال و سلۆڤاكیا و توركیا چیك و هەنگاریا واژوویان لەسەر داواكە نەكردووە.

دوای ئەوەی فنلەندا و سوید بۆ یەكەمجار داوای ئەندامیەتیان لە ناتۆ پێشكەیش كرد، توركیا ناڕەزایەتی خۆی پێشان دا، بەوەی ئەوان پاڵپشتی لە پەكەكە دەكەن، چونكە توركیا ئەندامی ناتۆیە و ناڕایبوونی هەر ئەندامێك داواكە پەك دەخات، بەڵام دوای واژووكردنی یاداشتێكی تەناهی لە نێوان هەرسێ وڵات، كە مەترسییە تەناهییەكانی توركیای تیادا گرەنتی كراوە، توركیا ناڕەزایەتییەكەی لابرد.