خەبات: پەریهان عومەر:- یاریزان ئاسیا عەزیز قادر لە دایکبووی شارۆچکەی بازیانە، لە یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی دەستی بە گۆڕەپان و مەیدان کردووە، لە ئێستادا لەیانەی وەرزشی سیروانی نوێیە، خوێندکاری زانکۆی سلێمانی بەشی پەروەدەی وەرزشی بنەڕەتیە، ئەو لە دیدارێکدا بۆ خەبات بەم شێوەیە وەڵامى پرسیارەکانى ئێمەى دایەوە.

لەبارەى ئاستى هەڵدانى رم خاتوو ئاسیا گووتى: پلەی یەکەمم لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق لە هەڵدانی رم بەدەست هێناوە، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە تونس خاوەنی پلەی سێیەمم، لە 2021 لەسەر ئاستی کوردستان خاوەنی ژمارەی پێوانەیم، لە هەڵدانی ڕم بە 35.39 سم، لە ساڵی 2020لەسەر ئاستی سلێمانی خاوەنی ژمارەی پێوانیم ، لە هەڵدانی ڕم بە 35.15 سم.

لەبارەى ژمارەى پێوانەیى سەر ئاستى پەروەردەکانى سلێمانى خاتوو ئاسیا عەزیز گووتى: لە ساڵی 2020 لەسەر ئاستی پەروەردەکانی سلێمانی، خاوەنی ژمارەی پێوانەیم لە هەڵدانی ڕم بە 34.0 سم، لە ئاستی لاوانی عێراقدا، لە ساڵی 2019 خاوەن ژمارەی پێوانەیم لە هەڵدانی ڕم بە 36.59 سم.

خاتوو ئاسیا لەبارەى بەشداریکردنى پاڵەوانیەتى عەرەب لەمیسر گووتى: لە ساڵی 2019 بەشداریم کرد لە پاڵەوانێتی عەرەب لە میسر، توانیم پلەی چوارەم بە دەست بهێنم.

لەبارەى هەلبژاردنى بوارى وەرزشى رم و سەرکەوتن تیایدا، خاتوو ئاسیا عەزیز گووتی: وەرزش خۆشیم پێ دەبەخشێت، لەگەڵ ئەوەش بۆ چوونە ناو وەرزشى رم بۆ من قورس بووە، بەڵام سوپاس بۆ خوا لە بەرامبەر هەر ناڕەحەتیەک کۆڵم نەداوە، ئێستا تاکە بوار کە حەزم لێی بێت و تیایدا سەرکەوتووم تەنها وەرزشە.