بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ئاشكرای كرد، زیاتر لە 97 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2022 خراوەتە سەر حیسابی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیاندراوێكدا ڕایگەیاند: “بڕی 97 ملیارو 362 ملیۆن دینار خراوەتە سەر حیسابی وەزارەتی بازرگانی و پیشە سازی هەرێمی کوردستان کە بریتیە لە بەشێکی تری شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2022”.

ئاماژەی بەوەش دا لەو بڕە پارەیە، 50 ملیار و 362 ملیۆنی شایستەی جووتیارانی سلێمانیە و 30 ملیار دیناریش بۆ جووتیارانی هەولێرە و 17 ملیار دیناریش شایستەی دارایی جووتیارانی دهۆكە.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ئاشكراشی كرد، “پاش تەواوبونی ڕێکارە کارگێری و داراییەکان لە ئایندەیەکی نزیک دەست بە دابەش کردنی دەکرێت بەسەر جووتیاران، ئەویش بەپێی ڕۆژی ڕادەست کردنی گەنم بەسایلۆکان”.