د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگترین کاروچالاکییەکانی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022ی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو و ئاماژەش بەوە دەکات حکوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پێشکەش کردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ئەمەش دەقی گوتەکەیەتی:
هاووڵاتییانی خۆشەویست.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شەش مانگی ڕابردوو، چەندین پرۆژەی گرنگی ئەنجام داوە، لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئاماژە بە گرنگترینیان بکەین.
لە بواری مووچە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینار هەیە بۆ تەرخانکردنی مووچەی مووچەخۆران.
لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، حکوومەتی هەرێم بڕی 5 تریلیۆن دیناری بۆ دابینکردنی مووچە تەرخان کردووە، لە بەرامبەردا حکوومەتی فیدراڵی تەنیا بڕی 400 ملیار دیناری ناردووە، لە کاتێکدا بەپێی رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا پێویست بوو مانگانە 200 ملیار دینار بنێرێت.
حکوومەتی هەرێم لە داهاتی نەوتیش پێشتر مانگانە 350 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی مووچە خەرج دەکرد، بەڵام بە هۆی ئەو چاکسازییانەی کە لە کەرتی وزە بە گشتی کراوە، ئێستا مانگانە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکوومەت.
– وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
لە چوارچێوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە زیاتر لە 136 ملیۆن لیتر گازوایلی بۆ وێستگەکانی کارەبا تەرخان کردووە کە بەهاکەی زیاترە لە 116 ملیار دینار بووە.
– خۆڵ و خاشاک
كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە بواری گرێبەستەکانی کۆکردنەوە و چارەسەری خاشاک، ژمارەی گرێبەستەکانی لە 28 گرێبەست زیاد کردووە بۆ 32 گرێبەست و خەرجی مانگانەی ئەو کۆمپانیایانەی کە گرێبەستیشیان لەگەڵ کراوە، لە 11.8 ملیار دینار کەم کراوەتەوە بۆ 9.6 ملیار دینار.
لە هەرێمی کوردستان، مانگانە 200 هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك کۆ دەکرێتەوە و لە 6 مانگی ڕابردوو ملیۆنێک و 200 هەزار تۆن کۆ کراوەتەوە و چارەسەر کراوە.
– ئاوی خواردنەوە لە ساڵی 2022
لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 19 هەزار هاوبەشی ئاو لە شارەکان هەیە کە پێوەری ئاو بۆ 719 هەزاریان بەستراوە. حکوومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، ڕۆژانە(2.6) ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان دابین دەکات، بەمەش لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، زیاتر لە 470 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین کراوە کە تێکڕای خەرجییەکەشی نزیکەی 8 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا ئەو پارەیەی لە هاووڵاتیان وەردەگیرێتەوە، کەمترە لە نیوەی خەرجی دابینکردنی ئاوەکە کە ئەمەش ئەرکی حکوومەتە لە بەرامبەر هاووڵاتیانی خۆشەویست.
– وەزارەتی تەندروستی
لە سێکتەری تەندرووستیی کە یەکێکە لە سێکتەرە گرنگەکان، گرنگییەکی تایبەت بە بواری تەندروستیی گشتی و کەرتی تەندروستی دراوە، لەو چوارچێوەیەشدا مانگانە 23 ملیار و 450 ملیۆن دینار بۆ ئەو سێکتەرە خەرج کراوە. لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشکی، بڕی 13 ملیار و 750 ملیۆن دینار و لە بواری دابینکردنی خۆراکیش بۆ نەخۆشخانەکان مانگانە بڕی 4 ملیار و 892 ملیۆن دینار خەرج کراوە. بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی بەکاربردن لە ناوەندە تەندروستییەکان، زیاتر لە 4 ملیار دینار دابین کراوە.
– وەبەرهێنان
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پێشکەش کردنی پرۆژەکان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و لە سێکتەری وەبەرهێنان کە سێکتەرێکی دیکەی حکوومەتی هەرێمە کە گرنگییەکی تایبەتی هەیە و لە 6 مانگی ڕابردوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە، 44 پڕۆژەی لە سێکتەرە جیاوازەکان لەسەر ڕووبەری 768 دۆنم ئەنجام داوە، کە سەرمایەکەیان 648 ملیۆن و 980 هەزار دۆلار بووە.
سێکتەرەکانیش بە پێی ڕیزبەندی بەم شێوەیەن:
* لە سێکتەری بازرگانی، 14 پڕۆژە بە سەرمایەی 114 ملیۆن و 37 هەزار دۆلار ئەنجام دراوە.
* لە سێکتەری پیشەسازی، 13 پڕۆژە بە سەرمایەی 136 ملیۆن و 554 هەزار دۆلار جێبەجێ کراوە.
* لە سێکتەری پەروەردە و فێرکردن، 6 پڕۆژە ئەنجام دراوە بە سەرمایەی 26 ملیۆن و 638 هەزار دۆلار.
* لە سێکتەری تەندروستی، 3 پڕۆژە جێبەجێ کراوە بە سەرمایەی 16 ملیۆن و 905 هەزار دۆلار.
* لە سێکتەری نیشتەجێبوون، 3 پڕۆژە بە سەرمایەی 338 ملیۆن و 77 هەزار دۆلار ئەنجام دراوە.
* لە سێکتەری کشتوکاڵیش 2 پڕۆژە جێبەجێ کراوە، بە سەرمایەی 7 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار.
* لە سێکتەری گەشتیاری بە سەرمایەی ملیۆنێک و 930 هەزار دۆلار پڕۆژەیەک جێبەجێ کراوە.
* لە سێکتەری بانکەکان پڕۆژەیەک بە سەرمایەی 4ملیۆن و 100 هەزار دۆلار ئەنجام دراوە.
* لە سێکتەری وەرزشیش، پڕۆژەیەک بە سەرمایەی 3 ملیۆن و 29 هەزار دۆلار ئەنجام دراوە.
– وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی
لە 6 مانگی ڕابردوو، چالاکی بازرگانی لە هەرێمەکەمان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە. هەر لەم ماوەیەدا 494 هێما و مۆڵەتی بازرگانی دراوەتە کۆمپانیاکان کە داهاتەکەی 601 ملیۆن و 884 هەزار دینار بووە .
لەم شەش مانگەی ڕابردوو، هەزار و 675 مۆڵەتی هاوردە و 79 مۆڵەتی هەناردەش دراوەتە کۆمپانیاکان.
پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، تەواو بووە و نزیکەی 260 ملیۆن تۆن گەنم وەرگیراوە کە شایستە داراییەکەی زیاتر بووە لە 220 ملیار دینار و تا ئێستانزیکەی 95 ملیار دینار بۆ جوتیاران خەرج کراوە.
هاووڵاتییانی خۆشەویست، ئەوی خستمەڕوو چالاکییەکان و پرۆژەکانی حکوومەت بوو لە ماوەی 6 مانگی ساڵی 2022، ئێمە لەسەر بەڵێنەکانی خۆمانین تاوەکو خزمەتی زیاتر بە ئێوەی بەڕێز بگەیێنین و دڵنیاتان دەکەینەوە کە درێغی ناکەین لە پێشکەش کردنی خزمەتی زیاتر.
هەر لە خۆشیدا بن