نۆ مانگە هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە حکوومەت پێکبهێنرێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی دەچێت، بەرپرسانی کوردیش لە بەغدا پێیان وایە هەڵبژاردن ئەنجامدراوە کە عێراق بەرەو قۆناغێکی باشتر بچێت، بەڵام قۆناغەکە بەرەو خراپتر رۆیشتووە و ناتوانرێت هیچ پێشبینییەک بۆ داهاتووی سیاسیی لە عێراق بکرێت. گرژییەکانی عێراق لە ڕۆژی 25ی تەمووز دەستی پێ کردووە کاتێک چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعەکان ڕایگەیاند کە محەمەد شیاع سوودانی کاندید دەکەن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڕۆژی دواتر ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرای سەدر دژبە کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران خۆپیشاندانیان لە بەغدا ئەنجام دا و چوونە ناو تەلاری ئەنجوومەنی نوێنەران و وێنەی سەرکردەی رەوتەکەیان موقتەدا سەدر-یان بەرزکردەوە و تا ئێستاش لەناو باڵەخانەی پەرلەمان ماونەتەوە.
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، فارس عیسا لە لێدوانێکدا لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق گوتی: “بەداخەوە لە دوای ساڵی 2003 تا ئێستا ڕەنگە ئەمە ناخۆشترین دۆخ بێت کە عێراق پیاییدا تێپەڕ دەبێت، کێشەکان بەجۆرێکن، ناتوانی پێشبینی بۆ بەیانی بکەیت، چونکە بە گشتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەوەیە کە وڵات لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی دیکە دەبات، بەڵام بەداخەوە عێراق لە قۆناغێکی خراپ بەرەو قۆناغێکی خراپتر چوو بەڵکو گەیشتووەتە ئاستی یەکتر ڕەفزکردن”. عیسا گوتیشی: “دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، عادل عەبدولمەهدی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ئەوە بوو کە عێراق بەرەو قۆناغێکی تازە هەنگاو بنێت، بەڵام بەداخەوە بەرەو قۆناغێکی خراپتر چوو، تەمەننا دەکەین هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی دۆخەکە لەدەست نەچێت”.
لەبارەی خراپی دۆخی عێراق و کاریگەری لەسەر کورد، فارس عیسا ڕایگەیاند “ئەگەر کورد یەکڕیزبێت هەر گۆڕانکارییەک لە عێراق هەبێت ئەوا لە خزمەتی هەرێمی کوردستاندا دەبێت، ئەگەریش پەرتەوازە بێت ئەوا هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانەیشی کە هەیە لە دەست بچێت”.
هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، شێروان دووبەردانی ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێک لە لایەنەکان ڕێزیان لە ئەنجامی هەڵبژاردن نەگرت و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پۆستی سەرکۆمار مافی پارتییه‌. شێروان دووبەردانی لەبارەی دۆخی عێراق و دوایین پێشهاتەکان، گوتی: “دەبوو هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە کاتێک پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدرا و دواتر ئەنجامەکەی ئاشکرا کرا، هەر ئەو کات سێ فراکسیۆنە گەورەکە، فراکسیۆنی سەدر لە پێکهاتەی شیعە، فراکسیۆنی سەرەوەری لە سوننەکان و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کورد حکوومەت پێکبهێنن، بەڵام بەداخەوە ڕێزیان لە ئەنجامی هەڵبژاردن نەگرت و عێراق بەرەو ئەم دۆخەی ئەمڕۆ چوو”.
شەوی دووشه‌ممه‌، سەرکردەی ڕه‌وتی سه‌در ، موقتەدا سەدر تویتێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی بەغدا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند “ئەوە دەرفەتێکی دیکەیە بۆ کۆتاییھێنان بە ستەم و گەندەڵی و تاکڕەوی دەسەڵات، ھەروەھا دەرفەتە بۆ گۆڕانی ڕیشەیی لە سیستەمی سیاسیی و دەستووردا” و لەبارەی فشارەکانی خۆپیشاندەران و لایەنە سیاسییەکان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا، شێروان دووبەردانی ڕایگەیاند “ئەگەر فشارەکان بەردەوام بن، دۆخەکە بەرەو خراپ دەڕوات، ململانێیە گەورەکە لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر گەیشتووەتە قۆناغێکی خراپ، کورد لەگەڵ ئەو دۆخەدا نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەوەین کە چارەسەری کێشەکان بکرێت و گفتوگۆ دەست پێ بکرێت”.
لەبارەی پرسی سەرکۆماریشەوە، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پشکی پارتی پێیوایە پۆستەکە شایستەی پارتی دیموکراتی کوردستانە و گوتی: “لەم ڕۆژانە لەگەڵ شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە پۆستی سەرکۆمار شایستەی پارتییە کە 31 کورسی بەدەستهێناوە و مەعقول نییە ئەوان بە 15 کورسییەوە پۆستی سەرکۆمار وەرگرن و ئەوانەیشی زۆرینەی کورسیان بەدەستهێناوە هیچ پۆستێک وەرنەگرن، ئەمە هیچ لۆجیکێک قبوڵی ناکات”.
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بوو لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021 ئەنجامدرا کە تیایدا سێ هەزار و 249 کەس کێبڕکێیان لەسەر 329 کورسی کرد و 25 ملیۆن کەس لە عێراق مافی دەنگدانییان هەبوو. لە 30 تشرینی دووەم، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە ڕاگەیەندرا کە تیایدا فراکسیۆنی سەدر 73 کورسی، دوای ئەو ھاوپەیمانی تەقەدوم 37 کورسی، فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا 33 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 31 کورسی، ھاوپەیمانی کوردستان 17 کورسی و ھاوپەیمانی عەزم 14 کورسی بەدەست هێنا و تا ئێستاش هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەردەوامە.