بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە وردەکاری گرنگترین کاروچالاکییەکانی وەزارەتەکەیانی کرد کە ئەمەش دەقەکەیەتی:
وەزارەتی پەروەردە، گەورەترین وەزارەتی کەرتی مەدەنییە لەناو حكوومەتی هەرێمی کوردستان، کە نزیکەی ٢ میلۆن هاووڵاتیی لەخۆدەگرێت، کە ئەوانیش بریتین لە قوتابییان و مامۆستایان و فەرمانبەرانن لەناو وەزارەتی پەروەردە. لەبارەی یاسای چاکسازی سێ خاڵی گرنگ پەیوەندیدار بووە بە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، کە یەکەمیان نەهێشتنی سوودمەندبوون بۆ زیاتر لە جارێک لە مووچە و لە دەرماڵەکان. خاڵی دووەمیش بریتیی بووە لەوەی کە رێکخستنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و دابینکردنی کورسی خوێندن بۆ کەسوکاری شەهیدان، کە ئەویش برییتییە لە کوڕ و کچ و هاوسەری شەهید. خاڵێکی دیکە بریتی بووە لە پێداچوونەوە بە میلاکی فەرمانبەران و دۆسییەکانیان، کە زیاتر لە ١٦٢ هەزار و ٦١٣ پێداچوونەوەی پێدا کراوە و هەزار و ١١١ حاڵەت تۆمار کراوە کە بەدەر لە یاسا پلەیان پێدراوە. لەگەڵ ئەوەشدا چوارچێوەی سیاسەتەکانی تایبەت بە فێرکردنی قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەتمان بۆ یەکەمجار بە هاوکاری ڕێکخراوی (بریتش کاونسسڵ) دەرکردووە. وەکو لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە توانیومانە تا ئێستا زیاتر ٣٥ ناونیشانی کتێب پێداچوونەوەی بۆ بکەین لە رووی زانستی و لە رووی هەموارکردنەوە و تەنانەت دانانی کتێبی نوێش. لە خاڵێکی دیکەشدا توانیومانە زیاتر لە هەزار و ٤٣٦ مامۆستای خۆمان مۆڵەتی خوێندنیان پێ بدەین بۆ تەواو کردنی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا، کە ئەمەش گرنگییەکی زۆری دەبێت لەسەر کوالیتی پرۆسەی خوێندن. توانیومانە گەورەترین پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆ راییکردنی مامەڵەکانی خۆمان دابنێین کە پلاتفۆڕمی E – parwarda یە کە سیستەمێکە پێکهاتووە لە ٦ بەش، تەواوی داتای مامۆستایان و قوتابییان و فەرمانبەران و هەموو مومتەلەکاتی قوتابخانەکانمان کردووە بە دیجیتاڵی و کۆی پرۆسەی قوتابخانەکان، ئێستا بە سیستەمێکی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبرێت. گەورەترین پلاتفۆڕم کە تێیدا داتای ٢ ملیۆن مامۆستا و قوتابی و فەرمانبەری تێدا تۆمار کراوە کە دەکاتە ٣٣% دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، ئێستا وەزارەتی پەروەردە خاوەندارێتی دەکات بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانی. توانیومانە خوێندن بۆ کوردانی تاراوگە بەردەست بکەین بۆ منداڵەکانیان کە تاوەکوو ئێستا لە ٨ی ئادارەوە، ١٠٣ قوتابی ناوی خۆیان تۆمار کردووە بە بەردەوامی وانەی زمانی کوردی دەخوێنن کە مەبەستمانە زمانی کوردی فێری ئەو منداڵانە بکەین کە لە تاراوگە لە دایکبوون. لە رووی قوتابخانەکانی چاکسازی و پشتگیریکردنی وەزارەتی کاروکارووباری کۆمەڵایەتییەوە، ئێمە ٣٩ مامۆستامان دابینکردووە بۆ ئەوەی لە زیندانەکان یان ئەوانەی پێیان دەگوترێت چاکسازییەکانی سەر بە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی پرۆسەی خوێندن بەردەوام بێت. ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان توانیومانە ساڵی یەکەم ٣ هەزار و ٢٩٩ هەلیکار بۆ دەرچووانی دانەمەزراو لە رێگەی دەرچوواندنی رێنمایی پشتبەست بە یاساوە دەربکەین و توانیومانە لە ساڵی ٢٠٢٠ – ٢٠٢١دا، ٥ هەزار و ٨٠٢ دەرچووی دیکە دابمەزرێنین و لە ساڵی ٢٠٢١- ٢٠٢٢توانیومانە ٤٣٨ دانەمەزراوی دیکە دابمەزرێنین کە کۆی گشتی دەکاتە ٩ هەزار و ٥٣٩ هەلی کارمان تا ئێستا رەخساندووە. قوتابخانەکانی پەنابەران، ئێمە دوای ئەوەی کە رێکخراوەکان پشتگیری ماددی پێدانی مووچەی مامۆستاکانیان نەکردووە، لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان توانیومانە شایستەی دارایی بۆ ئەو مامۆستایانە دابین بکەین.
توانیومانە لە چوارچێوەی پرۆسەی گەڕاندنەوە بۆ خوێندن، ١٣ هەزار منداڵ بگەڕێنینەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن، ئێمە ئێستا ستراتیژی راهێنانی مامۆستایانمان تەواو کردووە لە وەزارەتی پەروەردە، کە دەمانەوێت وەرچەرخانێک لە بواری راهێنان دروست بکەین، لە بواری دروستکردنی باڵەخانەکانی پەروەردەیی چ بۆ قوتابخانەکان و چ بۆ باخچەکان، جەنابی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ٤٦ ملیار و ٥٢٦ ملیۆنی تەرخان کردوە بۆ تەواوکردنی چەندین قوتابخانەی نوێ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان. بە هاوکاری هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیومانە لەم کابینەیەدا ٦٣٥ قوتابخانە و باخچەی منداڵان و پەیمانگە نۆژەنکردنەوەیان بۆ ئەنجام بدەین، چ بە شێوازی تەواوەتی بێت یان بەشێکی بێت. لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا، هەرێمی کوردستان وەکوو هەرێم تا ئێستا قبووڵ نەکرا بوو کە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکان بکات بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لە نەخشەی پەروەردەیی جیهانی بزانێت، ئێمە ئەو مافەمان بەدەستهێنا کە بتوانین دوو پێشکەوتووترین و دیارترین تاقیکردنەوە لە ساڵانی ئایندەدا ئەنجام بدەین کە ئەویش تاقیکردنەوەکانی (پیسا و تیمز)ە، کە ئەم بابەتە گرنگییەکی یەکجار گەورەی هەیە و دەتوانێت راکینگێک بۆ سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دابنێت و خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی راپۆرتی شیکاری لەلایەن دامەزراوە پەروەردەییەکانی جیهانەوە بۆ ئێمە دیاری بکات و کاری لەسەر بکەین. ئەمەش دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوی کە کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان بەراورد بکرێت لە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی دیکە کە لە جیهاندا بەشداری ئەو تاقیکردنەوانە دەکەن و لەناو سیستەمی راکینگی پەروەردەی خۆیانن. جگە لەوەی کە حكوومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی دابینکردووە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە، تەنیا لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا توانراوە ١٩٩ ملیار دینار لەلایەن حكوومەتەوە بۆ گەشەپێدانی کەرتی پەروەردە تەرخان بکرێت.