فەرحان جەوهەر

لە کۆبوونەوەی لوتکەی جەددە لە عەرەبستانی سعودیە، بە ئامادەبوونی جۆبایدن سەرۆکی ئەمەریکا، هەندێک لە سەرانی وڵاتانی عەرەبی هەوڵیان دا بایدن رازی بکەن، کە هەر وڵاتێک جۆرێک لە بەهای جیاوازی هەیەو تایبەتە بە رۆشنبیری و تێگەیشتنی وڵاتەکەی خۆی، ناکرێت ئەمریکا بە زۆر وڵاتان ناچاری جێبەجێ کردنیان بکات. وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی عەرەبستان دوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن جۆبایدن، جۆرێک لەساردی کەوتبووە نێو پەیوەندییەکانیان، بەهۆی هەڵوێستی ئەو وڵاتە لەمەڕ ئازادییەکان، بەتایبەتی لەبارەی مافی ئافرەت، بەڵام شەڕی روسیا و هەوڵەکانی چین بۆ نزیک بوونەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای ناچارکرد، چاو بەهەڵوێستەکانیدا بخشێنێتەوە.

ئەو جیاوازییە رۆشنبیری و شارستانییانەی هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی باسی دەکەن، تەنها بۆ خۆدزینەوەیانە لە بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی سەبارەت بە مافاکانی مرۆڤ و ئازادییەکان ئەنجامی دەدەن، راستە رۆشنبیری و شارستانیەتی هەندێک وڵاتان لەگەڵ هەندێکی تر جیاوازن لە رووی بیرکردنەوەو هەڵسوکەوت و رەفتار، بەڵام ئازادی بەهایەکی هاوبەشی نێو هەموو شارستانییەتەکان و رۆشنبیرییەکانە، بەهیچ شێوەیەک پارچە پارچە ناکرێت، کەسێکی ئەمریکی و چینی و عەرەب و کوردو تورکێک ، وەک یەک حەز لە ئازادی دەکەن، ئەوەی لەسەری جیاوازن شێوازی نانخواردن و پێکهێنانی خێزان و جل پۆشین و جێبەجێکردنی سروتە ئاینییەکانە، هەروەها جیاوازی ئاستی هۆشیاری و مەعریفی تاکەکانە، لەمە بترازێت هەموو مرۆڤێک ئامانجی گەیشتنە بە ئازادی، سەیری رۆشنبیری خۆمان بکەین، بڵاوترین و زۆرترین ناو لە نێو کورددا (ئازادە) ئەمە نیشانەی ئامادەیی ئەو تێرمەیە لە کۆنەستی دەستەجەمعی میللەتی ئێمە، ئەمە بۆ میللەتانی تریش هەروایە، بۆیە ئەوەی لە کۆبوونەوەی لوتکەی جەددەدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا باس کرا، بۆ ئەوەبوو ئیدارەی بایدن واز لەو گوشارانە بێنێت کە دەیخاتە سەر وڵاتەکانیان، بۆ باشترکردنی تۆماری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، چونکە ئەمە بەرنامەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە خولی سەرۆکایەتی خوێدا کاریان بۆ بکات، بەتایبەتی دەربارەی مافی ژن لە سعودیەدا، رای گشتی ئەمریکا زۆر خرابە بەرامبەر ئەو وڵاتە، بۆیە زۆربەی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی تایبەت بە پرسی مافی ژن و ئازدییەکان، داوا لە وڵاتەکەیان دەکەن، سعودیە سزا بدرێت، هەرچەند لە ئێستادا سعودیە کارێکی زۆری کردووە بۆ باشترکردنی مافی مرۆڤ و پرسی ئافرەتان، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە.

دیموکراسی کەلەپورێکی جیهانی هاوبەشە ، تایبەت نییە، بە یەک شارستانی، ئەگەرچی ئەمڕۆ شارستانیەتی رۆژئاوا جێبەجێی دەکات، خۆی بە خاوەنی دەزانێت و کردویەتە بەهایەکی رۆژئاوایی، بەڵام لە راستیدا وانییە، ئەوەی راستییە ئەوان چاک سودیان لێ وەرگرتووە، فەلسەفە و شارستانیەتی یۆنانی فەلسەفەو شارستانیەتی رۆژئاوا نییە، سەردەمێکی زۆر ئەم فەلسەفەیە لە ناوچە جیاوازەکانی شارستانیەتی رۆژهەڵات پڕۆگرامی خوێندن بووە، رۆژئاوا لەو سەردەمەدا لە نێو تاریکیدا دەژیا.

19/7/2022